سەردێڕ:

دەروازە سنوورییەکانی عێراق: ئاڵوگۆڕی بازرگانیی لە دەروازەی سنووریی قائیم دەستیپێکردەوە

PM:06:20:14/06/2025

1012 جار خوێندراوەتەوە

دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق دەڵێت، دوای رەزامەندی حکومەتی عێراق ئاڵوگۆڕی بازرگانیی لە دەروازەی سنووریی قائیم دەستیپێکردەوە.


ئەمڕۆ شەممە ١٤ـی حوزەیرانی ٢٠٢٥، لە راگەیەندراوێکدا دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق وتی، لە دوای تەواوبوونی رێکارەکان و رەزامەندیی حکومەتی عێراق، یەکەم بارهەڵگری سووری لە دەروازەکەوە، لە دوای پشکنین و رێکارەکان هاتووەتە عێراقەوە و لەو سنوورە ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەستیپێکردووەتەوە.

هەروەها، لەگەڵ کردنەوەی دەروازە سنوورییەکەدا، جمجۆڵی گەشتیارانیش دەستیپێکردووەتەوە ئەوەش لەپێناو ئاسانکردنی هاتووچۆی ئەوان لە هاتن و چوونیاندا، جگە لەو کەسانەی بۆ کارکردن دێنە دەروازەکە.

ئاماژەی بەوەشکرد، کردنەوەی دەروازەکە بۆ پێشوازی لە گەشتیاران و دەستپێکردنەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان عێراق و سووریا هەنگاوێکی گرنگە بۆ پتەوکردنی هەماهەنگیی ئابووری بەجۆرێک خواست و ویستی هەردوو وڵاتەکە پڕبکاتەوە.

باسی لەوەشکرد، کردنەوەی ئەو دەروازەیە بەشداردەبێت لە بەدیهێنانی سەقامگیری و گەشەپێدانی ئابووری و لەرێگەیەوە داهاتی حکومەت زیاد دەکات و خواستی بازاڕیش پڕدەکاتەوە.

دەروازەی سنووریی قائیم، دەروازەی سەرەکیی نێوان عێراق و سووریایە، دەکەوێتە پارێزگای ئەنبار و لە دیوی سووریاشەوە دەکەوێتە سنووری ئەلبوکەمال لە پارێزگای دێرەزۆر.


 













گەلەری