سەردێڕ:

بەهۆی زیادبوونی دووپشک و مارەوە بەرگریی شارستانیی چەند رێنماییەک بڵاودەکاتەوە

PM:12:32:02/06/2025

3012 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەرگریی شارستانیی هەرێم دەڵێت، ئەمساڵ بەهۆی کەمی دابارین و وشکبوونی زەوییەکان و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمی، رێژەی مار و دووپشک لە هەرێم بەگشتی زیادیکردووە.


ئەمڕۆ دووشەممە ٢ـی حوزەیرانی ٢٠٢٥، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەرگریی شارستانیی هەرێم وتی، ئەمساڵ بەهۆی کەمی دابارین و وشکبوونی زەوییەکان رێژەی مار و دووپشک لە هەرێم بەگشتی و بەتایبەتیش لە گوند و دەشت و ناوچە کشتوکاڵییەکان بەراورد بە ساڵانی رابردوو زیاتر بووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەپێناو سەلامەتی خۆتان و کەسوکارتان رەچاوی رێنماییەکان بکەن.

رێنماییەکانی خۆپاراستن لە ماڵەوە: هەوڵ بدە کون و کەلەبەرەکانی خانوو و حەوشەی ماڵەوەت یاخود شوێنی ئاژەڵان بەتەواوی دابخەت تاوەکو خشۆکەکان نەتوانن بەئاسانی زاووزێ بکەن و تێیدا بمێننەوە، بۆ ئەو کەسانەی باخچەیان هەیە، هەوڵ بدەن گژوگیای زیادە قڕ بکەن و رێژەی رووتەنی خاکەکە زیاتر بێت، چونکە خشۆکەکان لەنێو گژوگیا زیاتر دەمێننەوە و لەوێ خۆیان حەشاد دەدەن.

هەروەها، بۆ ئەو کەسانەی خانوو یاخود باخیان لە دەرەوەی شار هەیە، با دەوروبەری شوێنی مانەوەی رووناکیی پێویستی هەبێت، ئەگەر گومان دەکەن ئەو ناوچەیەی کە لێی دەمێننەوە ژینگەیەکی لەبارە بۆ مار و دووپشک و خشۆکەکان، لەژێر رێنمایی کەسانی پسپۆڕ دەوروبەری ماڵەکەت دەرمانڕێژ بکە، بەڵام ئاگاداری منداڵ یان ئەو کەسانە بن کە هەستیارییان هەیە.

وتیشی، لەکاتی کارکردن لەناو باخچە یان زەوی و زار، جلوبەرگ و پێڵاوی گونجاو لەبەر بکەن و ئاگاداری هەنگاوەکانتان بە لەکاتی رۆیشتن.

چی دەکەیت ئەگەر مار یان دووپشکت بینی؟ هێمن بەرەوە و هەوڵ بدە بگەڕێیتە دواوە و وازی لێبێنیت، هەوڵی کوشتنی مەدە و لێیگەڕێ خۆی شوێنەکە جێدەهێڵێت.

ئەگەر مار هاتە ناو ماڵەکەت یان، ئۆتۆمبێلەکەت پەیوەندی بە هێڵی گەرمی بە تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە بکە ١١٥.













گەلەری