وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی کاربەڕێکەر چەند بڕیارێکی بۆ تاقیکردنەوەی نیشتمانی بۆ ساڵی ٢٠٢٤-٢٠٢٥ بەدواوە دەرکرد و دەڵێت، ئەمساڵ هیچ پێوەرێک لەسەر ئاستی تاک بۆ ناساندنی ئاستەکانی (یەکەم، دووەم و سێیەم) و هیچ پلەبەندییەک راناگەیەندرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٥ی ئایاری ٢٠٢٥، وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی کاربەڕێکەر لە نووسراوێکدا کە لیژنەی باڵای هەمیشەیی تاقیکردنەوە گشتییەکان، ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی سنووری هەرێمی کردووە، بڵاویکردەوە، لەبەر بەرژەوەندیی گشتی، بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٤-٢٠٢٥ و بەدواوە، چەند بڕیارێکیان دەرکرد
وتیشی، بۆ راگەیاندنی
ئەنجامەکانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی، بە هەموو بەشەکانیەوە، هیچ جۆرە کۆنگرەیەکی
رۆژنامەوانی ئەنجامنادەن و وەزارەت بە رێگەی دیجیتاڵی، نمرەی خوێندکاران
رادەگەیەنێت.
دەشڵێت، هیچ
پێوەرێک لەسەر ئاستی تاک بۆ ناساندنی ئاستەکانی (یەکەم، دووەم و سێیەم) و هیچ
پلەبەندییەک راناگەیەندرێت، سەرجەم پەروەردە گشتییەکان و پەروەردەی قەزاکان و
خوێندنگەکان پابەندی ئەم بڕیارە دەبن.
هاوکات، لەسەر
بنەمای خاڵی دووەم، نە وەزارەت، نە دامودەزگا پەروەردەییەکان لە پەروەردەی گشتی و
پەروەردەی قەزاکان، هیچ جۆرە مەراسیمێکی خەڵاتکردن ئەنجامنادەن و ئامادەشی نابن.
جەختی کردەوە، هەر
سەرپێچیکردنێک لە خاڵەکانی دووەم و سێیەم رووبدات، رێکاری کارگێڕی و یاسایی پێویست
بەرامبەر سەرپێچیکار دەگیرێتەبەر.
روونیکردەوە، بنەمای
هەڵسەنگاندن دەگۆڕێت بۆ شێوازێکی زانستییانەتر و لەسەر بنەمای رێژە و تێکڕای نمرەی دەرچوونی
خوێندکارانی هەر خوێندنگەیەک لە پاش راگەیاندنی ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی خولی
دووەم هەڵسەنگاندن دەکرێت، واتە نمرەکان دەبێتە پێوەر بۆ دیاریکردنی ئاستی زانستیی
خوێندنگە، پاشان ئەنجامەکان بۆ پەروەردەی گشتی و پەروەردەی قەزا و خوێندنگەکان
دەنێردرێت.
هەروەها، لەسەر
بنەمای نمرەی پێوانەیی و تێکڕای ژمێرەیی هەر بابەتێک لە بابەتەکانی پۆلی ١٢ی
ئامادەیی بە هەموو بەشەکانیەوە، لە پاش تەواوبوونی خولی دووەم، دەبێتە بنەمای
هەڵسەنگاندنی مامۆستای هەر بابەتێک.
ڤـ.ر