سەردێڕ:

حاجیاوا؛ منداڵێک لە ئاودا دەخنکێت و بە تۆمەتی خنکانەکە کەسێک دەستگیر دەکرێت

PM:11:34:09/05/2025

9228 جار خوێندراوەتەوە

لە حاجیاوا لە نزیک گوندی ئەستریلان دوای ئەوەی دوو مێردمنداڵ لە گۆمە ئاوێکی پاشماوەی کارگەی چەو و لم مەلە دەکەن، وە لە کاتی مەلە کردنەکەدا مێردمنداڵێک لە رەگەزی نێر کە تەمەنی ١٢ ساڵە دەخنکێت.


ئەمڕۆ هەینی ٩ـی ئایارـی ٢٠٢٥، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند، دوای ئەوەی مێرد منداڵیک لە گۆمە ئاوێکی پاشماوەی کارگەی چەو و لم مەلە دەکات و دەخنکێت، پۆلیس ئاگاداری رووداوەکە دەکرێتەوە و پاش بەدەست هێنانی بڕیاری دادوەر بۆ بەدواداچوون و گرتنەبەری رێکارەکانی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە، بنکەی پۆلیسی حاجیاوا دەستی کرد بە لێکۆڵینەوە لە هۆکاری راستەقینەی رووداوەکە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەدوای گرتنەبەری رێکارەکان و دەستکردن بە لێکۆڵینەوە و بە سود وەرگرتن لە کامێرای چاودێری کارگەکە دەرکەوت کەسێک کە شۆفێری ئامێری شۆفڵی کارگەکەیە و کرێکاری کارگەکەیە لەوکاتەی منداڵەکان مەلە دەکەن لەناو گۆمە ئاوەکەدا بە کەوچکی ئامێری شۆفڵەکە هەوڵی ترساندنی منداڵکەکان دەدات و ئاوەکە بەرەو رووی منداڵەکان دەبات بەو هۆیەوە یەکێک لە منداڵەکان بەهۆی شەپۆلی گۆمە ئاوەکە ژێر ئاو دەکەوێت و دەخنکێت وە منداڵەکەی تر رزگاری دەبێت.

وتیشی، لەسەر ئەم رووداوە بنکەی پۆلیسی حاجیاوا شۆفێری شۆفڵەکەی دەستگیر کرد و لەدوای لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا، دانینا بە تاوانەکەی بە وتەی خۆی دەڵێت، بۆئەوەی چیتر ئەو دوو مێردمنداڵە مەلە لە ئاوەکەدا نەکەن ویستی بە کەوچکی شۆفڵەکە بیان ترسێنێت و بەو هۆیەوە ئەو رووداوەی لێکەوتەوە.

هاوکات، بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی حاجیاوا شۆفێری شۆفڵەکە بە پێی مادەی ٤٠٥ لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە و لێکۆڵینەوەلە رووداوەکە بەردەوامە.













گەلەری