سەردێڕ:

مەترسییەکانی خۆڵبارین چییە و چۆن خۆمانی لێ بپارێزین؟

AM:08:40:06/05/2025

1172 جار خوێندراوەتەوە

چەند رۆژێکە شەپۆلێکی خۆڵبارین عێراق و هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، بەهۆیەوە کێشەی تەندروستی بۆ سەدان کەس درووستکردووە.


خۆڵبارین یەکێکە لەو دیاردانەی لە ئەنجامی کەشوهەوای گەرم و وشکەوە دروست دەبێت، خۆڵبارین مەترسی بۆ سەر جەستەی مرۆڤ هەیە و هەندێك رێگە هەیە بۆ خۆپارێزیکردن لێی.

مەترسییەکانی خۆڵبارین چین؟

خۆڵبارین لەوانەیە سییەکان پڕبکاتەوە و تووشی هەوکردنییان بکات، لە نیشانە باوەکانیشی ئازاری سنگ و کۆکە و تا لێهاتن و ئەستەمی هەناسەدانە.

زۆرکات گەردیلەکانی خۆڵ دەچنە ناو چاوەوە، ئەمەش لەوانەیە زیان بە چاوەکان بگەیەنێت و کۆرینەی چاو بریندار بکات و کەسەکە نارەحەت بکات.

رێنماییەكانی تەندروستیی سلێمانی بۆ خۆپارێزی لە خۆڵبارین بریتین لە:

یەكەم: لەكاتی چوونەدەرەوەدا ماسك بەكاربهێنن و زوو زوو بیگۆڕن.

دووەم: لەكاتی خۆڵباریندا لەماڵەوە بمێنەرەوە و مەچۆ دەرەوە.

سێیەم: چاویلكە و قەترەی چاو بەكاربهێنە بۆ پاراستنی چاوەكانت.

چوارەم: چاوەكانت بشۆ لەبری خوراندنی چاو.

پێنجەم: بەباشی دەرگا و پەنجەرەی ماڵەكەت دابخە.

شەشەم: لەكاتی خۆڵباریندا لە پلەی گەرمیی بەرزدا برێكی باش ئاو بخۆرەوە.

حەوتەم: لەكاتی شۆفێریدا جامەكانی ئۆتۆمبێلەكەت دابخە.

هەشتەم: ئەوانەی نەخۆشیی رەبۆیان هەیە بەبەردەوامی پەمپی ئۆكسجین هەڵبگرن لەژێر ڕێنمایی پزیشكیدا چارەسەر وەربگرن.


 













گەلەری