سەردێڕ:

ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دەدات

AM:09:14:14/04/2025

1084 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و لە یەکەم بڕگەی دانیشتنەکەدا دەنگ لەسەر بە پارێزگابوونى هەڵەبجە دەدات. پەرلەمانتارێکی نەوەی نوێش دەڵێت، کۆتایی بەو پرسە دەهێنن و هەڵەبجە دەکەن بە پارێزگا.


ئەمڕۆ دووشەممە ١٤ـی نیسانـی ٢٠٢٥، بڕیارە پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە و دانیشتنی ئاسایی خۆی بەڕێوەببات، بەپێی ئەو خشتەی کارنامەیەی بڵاویکردووەتەوە، لە بڕگەی یەکەمی دانیشتنەکەیدا دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دەدرێت.

هاوکات هەر بەپێی کارنامەی دانیشتنەکەی ئەمڕۆ، بڕیارە پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەم بۆ هەموارکردنی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکات.

لە بارەی بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەوە، ئاریان تاوەگۆزی پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق پێشتر وتبووی، رۆژی دووشەمە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراقە و لە یەکەم بڕگەدا دەنگ بە بەپاریزگابوونی هەڵەبجە دەدەن. باسی لەوەشکردبوو، بە فەرمی هەڵەبجە دەکەن بە پارێزگا.

بڕیاری دەنگدان لەسەر بە پارێزگابوونی هەڵەبجەش دوای هەوڵەکانی نەوەی نوێ دێت، کە ١٧ نوسراوی کرد و داواشیان لە سودانی کردبوو هەرچی زووە هەڵەبجە بکرێتە پارێزگا.

هاوکات لە سەرەتای ئەمساڵیش لە کۆبوونەوەی لەگەڵ مەحمود مەشهەدانی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ داوای کرد پڕۆژە یاساکە ببرێتە پەرلەمان و دەنگی لەسەر بدرێت.













گەلەری