سەردێڕ:

بەرگریی شارستانیی سلێمانی ئاگاداریەک بۆ ئەو هاوڵاتیانە بڵاودەکاتەوە مەلەدەکەن

PM:02:06:13/04/2025

4580 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی سلێمانی رایگەیاند، هەرکەسێک لە چەم و رووبارەکان، گۆم و بەستەرە ئاوییە وەستاوەکان و چەند شوێنێکی دیکە مەلە بکات، لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵدا دەکرێت.


ئەمڕۆ یەکشەممە ١٣ـی نیسانـی ٢٠٢٥، بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی سلێمانی رایگەیاند، هاونیشتمانییانی بەڕێز، گەرمای هاوین و سروشتی دڵڕفێنی کوردستان، بانگێکی فریودەرن بۆ پەنابردنە بەر سێبەری ئاو و فێنکایی چەم و رووبارەکان و جوانیی دیمەنەکان و شەپۆلە هێمنەکانی سەر ئاو، زۆرجار وێنەیەکی خەڵەتێنەر دەخوڵقێنن کە مەترسییە شاراوەکانی ژێر رووکەشە ئارامەکە دەشارنەوە.

وتیشی، لە سۆنگەی پەرۆشیی قوڵمان بۆ سەلامەتیی گیانی هاوڵاتیان و لەبەر رۆشنایی ئەو رووداوە دڵتەزێن و جەرگبڕانەی کە لە ماوەی رابردوودا گیانی چەندین رۆڵەی ئەم نیشتمانەیان لێ سەندینەوە، بە ئەرکی سەرشانی خۆمانی دەزانین کە بە توندترین شێوە هۆشداریتان پێبدەین سەبارەت بە مەلەکردن لەم شوێنانەی خوارەوە:

چەم و رووبارەکان: بەتایبەت ئەو ئاوانەی کە لێڵن، بنەکەیان نادیارە، یان خاوەنی شەپۆلی بەهێز و گەردەلوولی ژێر ئاون.

گۆم و بەستەرە ئاوییە وەستاوەکان: کە زۆرجار قوڵاییەکەیان نادیارە و زەلکاوی بنەوەیان دەبێتە هۆی گیانلەدەستدان.

هەر شوێنێکی ئاویی دیکە کە بە فەرمی بۆ مەلەکردن دیارینەکراوە و پێشینەی رووداوی خنکانی تێدا تۆمارکراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لێره‌دا پێویسته‌ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌و راستییه‌ بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ مەلەکردن لەم جۆرە ئاوانەدا، جیهانێکی تەواو جیاوازە لە مەلەکردن لە مەلەوانگە پارێزراو و ستانداردەکاندا و تەنانەت ئەگەر خۆت بە مەلەوانێکی لێهاتووش بزانیت، سروشتی ئەم ئاوانە (قوڵایی نەزانراو، شەپۆلی لەناکاو، ساردیی ئاو، بوونی قەڵبەزە و بەردی ژێر ئاو، لێڵی و نادیاریی بنەکەی) هۆکاری کوشندەن و زۆرجار لە دەرەوەی کۆنتڕۆڵی بەتواناترین کەسیشدان.

باسی لەوەشکرد، لە سۆنگەی رووداوە دڵتەزێنەکانی پێشوو کە بەهۆی ئاوەوە روویانداوە رایدەگەیەنن، "مەلەکردن لە سەرجەم چەم، رووبار، گۆم و ئەو شوێنە ئاوییە مەترسیدارانەی کە ئاماژەمان پێکردن، بەتوندی قەدەغەیە.

ئاماژەی بەوەشکرد، تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیمان بە هاوکاریی لایەنە پەیوەندیدارەکان، چاودێریی وردی ئەم ناوچانە دەکەن و هەر کەسێک سەرپێچیی ئەم رێنماییە بکات، رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبێتەوە.













گەلەری