بەمەبەستی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكەی نێوان مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع و پاراستنی بەنداوی تشرین لە هێرشە سەربازییەکان، سەرۆكی لیژنەی راسپێردراوی حكومەتی نوێی سوریا سەردانی فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكراتی كرد.
ئەمڕۆ شەممە ١٢ـئی نیسانی ٢٠٢٥، ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە كە مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە و رۆژهەڵات عەفرینی، فەرماندەی گشتی یەكینەكانی پاراستنی ژنان لە شاری حەسەكە پێشوازیان لە حسێن سەلامە، سەرۆكی لیژنەی راسپێردراوی حكومەتی دیمەشق كردووە.
بەپێی
راگەیەندراوەکە، سەردانەکە بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنی (١٠ـی ئازاری ٢٠٢٥) بووە کە
لە نێوان مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع، سەرۆكی سوریا بۆ قۆناغی راگوزەر
ئەنجامدراوە.
لە
دیدارەکەدا، هەردوولا جەختیان لە جێبەجێکردنی بڕگەکانی رێککەوتنەکە كردەوە و
باسیان لە پێویستی بەردەوامبوون لە کەمکردنەوەی توندوتیژی و وەستاندنی شەڕ و
پێکدادانەکان لە سوریا کرد، بەتایبەتی پاراستنی بەنداوی تشرین لە هێرشە
سەربازییەکان.
ناوەندی
راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات روونی كردەوە كە لە كۆبوونەوەكەی نێوان
هەسەدە و سەرۆكی لیژنەی راسپێردراوی حكومەتی دیمەشق، باس لە پێکهێنانی لیژنەیەک
کرا بۆ تاوتوێکردنی گەڕانەوەی ئاوارەکان لە هەموو ناوچەکانی سوریا.
هەروەها
لە کۆبوونەوەکەدا، بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ حكومەتی دیمەشق، ناوی ئەندامەكانی ئەو
لیژنەیە ئاشکرا کرا کە نوێنەرایەتی رۆژئاوا دەکەن و بڕیاریش وایە دەست بە
كارەكانیان بكەن.