سەردێڕ:

هۆکاری کلسی ددان و زوو رەنگبوونی بۆچی دەگەڕێتەوە؟

PM:04:01:13/11/2021

30248 جار خوێندراوەتەوە

زۆر کەس گرفتی ئەوەیان هەیە کە زوو ددانیان زەرد دەبێت و کلس دەکات لە کاتێکدا گرنگی بە ددانەکانیان دەدەن و پاك رایدەگرن، ئەمەش بۆ چەند هۆکارێك دەگەڕێتەوە.


تروسکە عەبدوڵا پزیشکی ددان لەو بارەیەوە باس لەم حاڵەتە دەکات و دەڵێت: "سەرەتا دەبێت بزانیت زەردی و تاریکی رەنگی ددان زۆر کات بۆماوەییە و لە بنەرەتەوە وایە و بە شۆردن رەنگی ناگۆرێت، تەنھا چارەسەر ئەوەیە لەیزەری سپیکردنەوەی ددانی بۆ بکەیت یاخود کیفی جوانکاری بۆ بکەیت".

ئاماژەی بەوەکردووە، زۆربەی حاڵەتەکانی گۆرانی رەنگی ددانەکان و زوو دروستبوونی کلس ھۆکاری دەرەکین و لە گرینگی پێنەدان و فەرامۆشکردنەوە سەرچاوە دەگرن.

ئەو پسپۆڕە هۆکارەکانی بەمجۆرە خستووەتە ڕوو:

١-زۆر خواردنی جگەرە و چا و قاوە.

٢-شۆردنی ددان بەشێوەیەکی ھەڵە.

٣-لیکی کەسەکەش دەور دەبینێت و ھەندێک کەس لیکی خەستە یاخود لیکی کەمە و دەمی وشکە، ئەو کەسانە زیاتر ددانیان کلس دروست دەکات.

سەبارەت بە ھۆکارەکانی خەستی لیک ئەو پزیشکە ڕوونیکردووەتەوە:

١-چارەسەری شێرپەنجە بە تیشک/ چارەسەری کیمیایی

یەکێک لە کاریگەریە لاوەکییەکانی چارەسەرە تیشکییەکان بۆ تووشبووانی شێرپەنجەی سەر و مل بەکاردێن خەستبوونەوەی لیکە.

٢-وشکبوونەوە

یەکێک لە نیشانەکانی وشکبوونەوە بریتییە لە خەستبوونەوەی لیک.

٣-گیران و تەسکبوونەوەی بۆری لیکە ڕژێنەکان.

٣-کاریگەرییە لاوەکییەکانی دەرمان، ھەندێک جۆر دەرمان دوای بەکارھێنانیان دەبنە ھۆی خەستبوونەوەی لیک.

٤-تێکچوون و گرفتی لیکە ڕژێنەکان بەھۆی وەرەم یاخود لەکاتی نەشتەرگەریی.

ئەو پسپۆڕە بەمجۆرە چارەسەریی خەستی لیکی ئاشکراکردووە:

١-ڕۆژانە خواردنەوەی ١٠ کوپ ئاو.

٢-کەمتر خواردنی خۆراکە چڕەکان وەکو چەرەسات و خواردنی خۆراکە شێدارەکان.

٣-وازھێنان یان کەمکردنەوەی جگەرەکێشان.

ھەندێک جار گرفتی خەستی لیک بەو ڕێنماییەنەش چارەسەر نابێت، بۆیە پزیشک دوای دەستنیشانکردنی ھۆکارەکە چارەسەری ترت بۆ دادەنێت وەک:

-چارەسەر کردنی گیرانی بۆری لیکەڕژێن بە نەشتەرگەریی، بۆ لابردنی بەرد یان گرێ لە بۆری لیکە ڕژێنەکە

-بەکارھێنانی چەن جۆرێک دەرمان وەکو (پایلۆکارپین یاخود سەڵاجین، سێڤیمێڵین) بۆ شلکردنەوە یاخود ڕوونکردنەوەی لیک.

-گۆڕینی ئەو دەرمانەی کە بووەتە ھۆی خەستبوونەوەی لیک بۆ جۆرێکی تر لەلایەن پزیشکەوە.













گەلەری