٣٧ ساڵ بەر لە ئێستا؛ بۆنی سێو هەموو شاری هەڵەبجەی داگرت و لەبری ئەوەی بۆنی شیرینی ئەو میوەیە ئارامی بە دڵی دانیشتووانەکەیدا بهێنێت، تووشی ئازار و نەهامەتی کردن تاوەکو ئەوەی بووە هۆی شەهیدبوونی پێنج هەزار کەس و چەندان بریندار.
ئەمڕۆ یەکشەممە ١٦ـی ئازارـی ٢٠٢٥، لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا و لە ١٦ـی ئازاری ساڵی ١٩٨٨، بە دیاریکراوی کاتژمێر ١١:٣٥ خولەکی پێش نیوەڕۆ دەنگی فڕۆکە هەموو شاری هەڵەبجەی داگیر کردو فڕۆکەکان بەسەر شارەکەدا دەفڕین، ئەوەی لەو فڕۆکانە دەکەوتە خوارەوە بۆمب بوو شارەکەی وێران دەکرد، بۆنی سێو بوو خەڵکەکەی لەناودەبرد.
کیمیابارانی هەڵەبجە چۆن دەستی پێکرد؛
بەر لە
دەستپێکی کیمیاباران دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ئاوێنەی جەنگی نێوان رژێمی پێشووی عێراق
و ئێران کە بۆ فراوانکردنی جەنگی نێوان عێراق و ئێران ١٥٨ کۆمپانیای رۆژئاوا و
ئەمریکا لە رێگای بازرگانێکی هۆڵەندی بە ناوی ( فڕانس فان ئانرات) ئەم چەکە قەدەغە
و گازە کیمیاییانەیان بە سەدامی سەرۆککۆماری ئەوکاتی عێراق و رژێمی پێشوو فرۆشت،
بەڵام رژێمی ئەوکاتی عێراق دژی کورد بەکاریهێنا، کە سەردەشت و پیرانشار و مەریوان
و بانە و ئیلام و خوڕەمشار و زۆر ناوچەی دیکەی لە رۆژهەڵاتی کوردستان پێ بۆردومان
کرد و لە ناوخۆی وڵاتی عێراقیش هەزاران کوردی بەو چەکانە شەهید و بریندار کرد
بەتایبەت لە هەڵەبجە. تاوەکو ئێستاش کۆمەڵەی کیمیابارانی هەڵەبجە
سکاڵای لەسەر زیاتر لە ٢٥ کۆمپانیا بەتۆمەتی فرۆشتنی چەکی کیمیایی بە رژێمی عێراق
تۆمارکردووە.
کاتژمێر ١١:٣٥ خولەک
هەڵەبجەییەکان
زۆرجار بۆ میدیاکانیان گێڕاوەتەوە کە ئەو رۆژەی هەڵەبجە بۆردومان کرا دەیان فڕۆکەی
جەنگی لە جۆری (سیخۆی و میراج) ئاسمانی شارەکەیان داپۆشی و ١٥ جار شارەکە بۆردومان
کرا، کە هەر جارێک ٨ تا ١٠ فڕۆکە بۆمبی هەڵدەدایە خوارەوە و گازەکانی (خەردەل،
سیانید و فسفۆڕ)یان دەڕژاند بەسەر خەڵکی هەڵەبجەدا. لە کامێرای وێنەگرەکەی هەڵەبجەوە کە
لە مەزاری شەهیدانی هەڵەبجەدا ماوەتەوە دەرکەوتووە؛ کە خەڵک چۆن لەبەر دەرگا،
لەسەر جادە، لە ناو ئۆتۆمبێلدا گیانیان سپاردبوو، زیندووەکانیش دۆخیان زۆر دژوار
بووە بەوەی کەمێک دەڕۆیشتن و دەکەوتن، چاویان باش نەیدەدی و میزیان بۆ خوێن
گۆڕابوو، جگە چەندین منداڵی ساوا دەبینرێن کە لە باوەشی دایک و باوکیاندا گیانیان
سپاردووە و چەندین دڵۆپە خوێن لە دەم و لوتیانەوە بەسەر جەستەیاندا رژاوە
کێ هەڵەبجەی کیمیاباران کرد؟
یەکەم
روخسار کە هەڵيبجەییەکان رقیان لێدەبووەوە دوای رووداوەکە یاخوود تاوانباری
سەرەکیی کیمیابارانکردنى هەڵەبجە و کوردستان عەلی حەسەن مەجید بوو، کە ژەنەڕاڵی
پێشووی سوپای عێراق و ئامۆزای سەدام حسێن بوو، ناسرابوو بە عەلی کیمیایی،
بەلانیکەمەوە فەرمانى بۆ ٢١ هێرشى کیمیایى لە دژى خەڵکى باشوور و رۆژهەڵاتى
کوردستان دەرکردووە کە ١٥ هێرشیان بەتەنها لە هەڵەبجە بووە. عەلی کیمیایی لە وتەیەکدا، بەر لە
دەستپێکی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە دەڵێت، "بەچەکی کیمیای ھەموویان (الاکراد)
دەکوژم، کێ بەتەمایە قسە بکات؟".
تاوانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و بە جینۆساید
ناساندنی؛
رێکخراوی شارەوانییەکانی جیهان بۆ ئاشتی لە مانگی
ئابی ساڵی ٢٠١٣ تاوانەکەی بە جینۆساید ناساند هەڵەبجەشی بە سێیەمین ناوچەی
کارەساتبار لە مێژووی رێکخراوەکە ناساند. ئەو کاتە سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە بە
جێگری سەرۆکی رێکخراوەکە هەڵبژێردرا و واش بڕیاربوو لە نەتەوە یەکگرتووەکان کاری
لەسەر بکەن تاوەکو لەوێ بە جینۆساید بناسێندرێت، چونکە رێکخراوەکە ١٥٧ وڵات و پێنج
هەزار و ٧١٢ سەرۆک شارەوانی ئەندامن تیایدا، بەڵام هێشتا ئەنجامێکی نەبووە و لە
دنیادا تاوانی دژبە هەڵەبجە وەک جینۆساید دانی پێدا نانرێت. یەکەم دانیشتنی دادگا لەسەر کەیسی
هەڵەبجە لە ٢١/١٢/٢٠٠٨ ئەنجامدرا. لە ١٧/١/٢٠١٠ دادگا کەیسەکەی بە تاوانی دژ بە
مرۆڤایەتی ناساند. لەو چوارچێوەیەشدا سزای لەسێدارەدان بەسەر عەلی حەسەن مەجیدی
ژەنەڕاڵی پێشووی سوپای رژێمی بەعس و ئامۆزای سەدام حوسێندا؛ درا و لە ٢٥/١/٢٠١٠دا
جێبەجێکرا. پاش تێهەڵچوونەوە لە بڕیارەکە و لە ٢٨/٢/٢٠١٠دا، پاش (٣٤) دانیشتن،
دادگا بڕیاری بە جینۆسایدناساندنی کەیسی هەڵەبجەیدا و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە وەک
تاوانی جینۆساید لەلایەن دادگاوە ناسێندرا. هەریەک لە (سوڵتان هاشم- فەرحان
موتڵەگ- سابر عەبدول عەزیز) بە (١٥) ساڵ زیندانیکردن سزادران. پەڕلەمانی عێراقیش لە (١٧/٣/٢٠١١)،
لە کۆبوونەوەی ئاسایی ژمارە (٤٤)، بە بریاری ژمارە (١٢) کەیسی هەڵەبجەی بە
جینۆساید ناساند. کیمیابارانکردنی هەڵەبجە لەسەر ئاستی عێراق لە دادگای باڵای تاوانکاری
عێراق و لە پەڕلەمانی عێراقدا بە جینۆساید ناسێندراوە. هەروەها لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش
لەلایەن یەکێتی ئەوروپا، کۆنگرێسی ئەمریکا و مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی بە جینۆساید
ناسێنراوە.
هەڵەبجەییەکان هێشتا دەناڵێنن؛
زیاتر لە
٧٠٠ برینداری تۆمارکراوی چەکی کیمیایی لە هەڵەبجە هەن و زیاتر لە ٥٠٠ یان لە
دۆخێکی تەندروستی سەختدان، بەپێی راپۆرتە پزیشکییەکان، دوای کیمیابارانکردنی
ناوچەکە، رێژەی لەبارچوونی منداڵ، شێرپەنجەی قۆڵۆن، نەخۆشییەکانی دڵ، شێرپەنجەکانی
تر و نەخۆشییەکانی هەناسەدان و کێشەی پێست و چاو، گرفتی نەخۆشییەکانی زاوزێ،
زیادیان کردووە. هێشتا چەندین خێزانی هەڵەبجە منداڵەکانیان ونن و هیچ سۆراغێکیان
نازانن، لە ساڵانی رابردوودا چەند کەسێک دۆزرانەوە کە دەوترا لە منداڵە ونبووەکانی
هەڵەبجەن و بە پشکنینی "دی ئێن ئەی" خێزانەکانیان دۆزرانەوە، دووان
لەوانیش لەرێگای پشکنینەکانەوە دەرکەوت هەمان ئەو منداڵانە نین کە خێزانەکانیان بە
دوایاندا دەگەڕێن.
هەڵەبجە لە سەردەمی حکومەتی کوردیدا
دوای ٣٧
ساڵ هێشتا هەڵەبجەییەکان بەدەست کەمی خزمەتگوزاری و سستی بەرەوپێشچوونی شارەکەوە
دەناڵێنن، بەجۆرێک دوای بەرکەوتنیان بە چەکی کیمیایی تاوەکو ئێستا هیچ بنکەیەکی
تایبەتی چارەسەری نەخۆشیە بۆماوەییەکانیان بۆ نەکراوەتەوە. ساڵانە لە ساڵیادی کیمیابارانی
هەڵەبجەدا بەرپرسان چەندین بەڵێن دەدەن، بەڵام وەک زۆرینەی بەڵێنەکانی دیکەی
حکومەت، لەگەڵ گۆڕانی رۆژ بۆ ١٧ی ئازار، بەڵێنەکانیش لەبیردەچنەوە و جێبەجێناکرێن. خەڵکی
هەڵەبجە باس لەوەدەکەن، نە هەلی کار و نە پڕۆژەی وەبەرهێنان و نە بازرگانی و نە
کەرتی گەشتیاری گرنگی پێنەدراوە و بەدەست کەمی فەرمانبەر لە فەرمانگەکاندا
دەناڵێنن، گەنجان گرفتی نەبوونی کار و هەلی کاریان هەیە. شارەکە گرفتی نەبوونی
خزمەتگوزاریی هەیە هەروەها، ساڵ بەدوای ساڵ زیاتر بێئومێدی روودەکاتە خەڵکی
هەڵەبجە، ئەو ئیرادەیە نییە کە ساڵانە زیاتر شارەکە ببرێتە پێش و لە سەرەتاوە وەک
پێویست خزمەتی هەڵەبجە نەکراوە، ئەمەش لەکاتێکدایە، حکومەتی کاربەڕێکەر تەنانەت رۆژێکیان
بەڕەوا پێ نابینێت کە بیکات بە پشوو بۆ ئەم کارە ساتە مێژوویە، حکومەتی عێراق
ئەمڕۆ ١٦/٣/٢٠٢٥ی کردە پشوو لەسەرجەم دام و دەزگاکاندا بەڵام حکومەتی کاربەڕێکەر رەتی
کردەوە پشوو رابگەیەنرێت و سەرەڕای ئەوەش مووچەی سێ مانگ پێش ئێستا کاتی دابەش
کردنی بۆ کەس و کاری شەهید و ئەنفال کەوتۆتە ئەم رۆژەوە و کەس و کاری ئەنفال ئەمڕۆ
ناچارن بڕۆن لەسەرەی مووچەدا بوەستن.
بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە
لە
رێکەوتی ١٣ی مانگی ئازاری ٢٠٢٣ لە نووسراوێکدا کە فڕاکسیۆنی نەوەی نوێ لە
پەرلەمانی عێراق ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیرانی کرد هاتبوو، وەزارەتی پلاندانان
رێکارەکانی بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی پەسەندکردووە و وەک پارێزگایەکی سەربەخۆ
مامەڵەی لەگەڵدا دەکات و زنجیرەی ژمارە ١٦ـی پێدراوە. نەوەی نوێ پێشتر ١٧ نووسراوی
ئاڕاستەی حکومەتی عێراق کردووە و رەزامەندی حکومەتی بۆ پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی
هەڵەبجە وەرگرتووە و لەسەر داوای ئەوان رەوانەی پەرلەمان کرا. لە رێکەوتی ٢ی ٤ی ٢٠٢٣ دانیشتنی
پەرلەمانی عێراق دەستیپێکرد و تیایدا بە ئامادەبوونی ١٧٠ ئەندام پەرلەمان
خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای بە پارێزگاکردنی هەڵەبجەی تێدا کرا.کە، زۆربەی
پەرلەمانتارانی یەکێتی و پارتی لە دانیشتنەکە ئامادە نەبوون. لە رێکەوتی ٢٩ی ٤ی ٢٠٢٣ ئاریان
تاوگۆزی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە هەژماری تایبەتی خۆی
لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک رایگەیاند، لەگەڵ سەرۆکی لیژنەی هەرێم و پارێزگاکان و
ئەندامێکی ئەو لیژنەیە کۆبوونەتەوە و یاساکەیان بۆ پەرلەمان بەرزکردووەتەوە
بۆئەوەی خوێندنەوەی دووەمی بۆ بکرێت. دواتر لە ٤ی ٥ی ٢٠٢٣دا خوێندنەوەی دووەم بۆ
پڕۆژەیاساکە کرا، بەڵام تاوەکو ئێستا دەنگی لەسەر نەدراوە.