سەردێڕ:

بەڕێوەبەری بەرھەمھێنانی کارەبا: پرۆژەی رووناکی یەکێکە لە ئاواتەکانی مەسرور بارزانی

PM:05:18:09/03/2025

3684 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری بەرھەمھێنانی کارەبا رایگەیاند، پرۆژەی رووناکی یەکێکە لە ئاواتەکانی سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەر و وەزارەتی کارەبا. دەشلێت، پرۆسەکە زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت.


ئەمرۆ یەکشەممە ٩ـی ئازاری ٢٠٢٥، فارس میرخان، بەڕێوەبەری بەرھەمھێنانی کارەبا بە میدیای پارتی راگەیاند، پڕۆژەی رووناکی لە ھەرێمی کوردستان یەکێکە لە ئاواتەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی کاربەڕیکەر و وەزارەتی کارەبا، هاوکات پڕۆسەکەش زۆر بەباشی بەڕێوەدەچێت، بەپێی پلان و بەرنامەی حکومەت ھەرێم دەبێتە خاوەن کارەبای ٢٤ کاتژمێری.

ئاماژەی بەوەشکرد، نرخی کارەبای ٢٤ کاتژمێری لەگەڵ ئەو کارەبایەی ئێستا ھەیە تۆزێک جیاوازی ھەیە، چونکە پێشتر و ئێستاش حکومەتی ھەرێم لە پێدانی کرێی کارەبا پاڵپشتی ھاووڵاتیان دەکات، کە لەسەر حکومەت بە ١٥٦ دینارە بۆ ھەر کیلۆ واتێک، واتا حکومەت تەنھا ١٨ دیناری وەردەگرت و ئەوەی دیکە حکومەت دەیدا، ئێستاش کە بووەتە ٢٤ کاتژمێری کارەبا ناگاتە ئەو نرخەی حکومەت خۆی بەرھەمی دەھێنێت، بۆیە لەو پڕۆژەیەش حکومەت خۆی پاڵپشتی دەکات.

باسی لەوەشکرد، یەک دوو کەسی بەتەمەن باسیان لەوەکردووە ٥٠٠ ھەزار دیناریان بۆ گەڕاوەتەوە، دیار بوو لەوکاتەی کارەبای ٢٤ کاتژمێری ھەبووە کارەبای باشیشی بەکارھێنابوو ئەوەندەی بۆ ھاتبووە و یەکێکی دیکەش دووکاندارێک بوو وتبووی، پارەیەکی زۆری بۆ ھاتووەتەوە دیاربوو دووکانەکەی ئامێرێکی زۆری کارەبایی دانابوو، بۆیە بەپێی بەکارھێنانی کارەبا پارەیان بۆ دەگەڕێتەوە مانگانە.

وتیشی، ئەگەر خێزانێک ئێستا چوار ئەمپێر کارەبای مۆلیدە بەکار بهێنێت دەگاتە نزیکەی ٧٠ ھەزار دینار ئێستا بەو پارەیە ٢٤ کاتژمێر کارەبای بەردەوامت دەبێت و دەتوانی ھەموو ئامێرەکانی کارەباییش پێبکەیت و ئەگەر کەمتریش بێت کەمترت بۆ دێتەوە، بۆیە ئێستا پڕۆسەکە لە ھەولێر و سلێمانی و دھۆک و سۆران و سەنتەری شارەکان دەستیپێکردووە و تاوەکو ٢٠٢٦ ھەموو خەڵکی ھەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەن کارەبای ٢٤ کاتژمێری.













گەلەری