سەردێڕ:

زانیاری لەسەر مووچە و داهاتی هەرێم؛ بڕی ئەو پارەیەی بەغدا بۆ هەرێمی ناردووە چەندە؟

PM:10:39:26/01/2025

15352 جار خوێندراوەتەوە

ساڵى ٢٠٢٤ حکومەتى کاربەرێکەر خاوەنى زۆرترین پارە بووە لە ١٠ ساڵی رابردوو و زیاتر لە ٢٠ ترلیۆن دیناری لە بەردەست بووە، بە شێوەیەک زیاتر لە ١٤ ترلیۆن دینارى لە پارەى بەغدا و داهاتى ناوخۆ و هاوپەیمانانى بووە، و بەپێی خەمڵاندنەکانیش لە داهاتی نەوتی قاچاخیش شەش ترلیۆن دیناری دەستکەوتووە، کە بە ئاسانى دەیتوانى مووچەى هەر ١٢ مانگەکە لەکاتى خۆیاندا دابەشبکات.


لە ١٠ ساڵی رابردوودا هێندەی ساڵی ٢٠٢٤ پارە لە بەغدادەوە نەهاتووە هیچ ساڵێکیش بەقەدەر ساڵى ٢٠٢٤ حکومەتى کاربەرێکەر پارەى لەبەردەستدا نەبووە.

لە ٢٠٢٤ دا بەپێى قسەى حکومەتى کاربەرێکەرى خۆى ١٠ ترلیۆن و ٢٦ ملیار دینارى لە بەغدا وەرگرتووە، هەر خۆشى دەڵێت، داهاتى ناوخۆى چوار ترلیۆن و ٣٤٧ ملیار دینار بووە، دەکاتە ١٤ ترلیۆن و ٣٧٣ ملیار دینار، ٣٩٩ ملیارى گەڕێندراوەتەوە بۆ بەغدا، داهاتى نەوتى هەرێمیش لە ساڵی رابردوو بە سەروو شەش ترلیۆن دینار دەخەمڵێنرێت، بەوەش حکومەتى کاربەڕێکەر زیاتر لە ٢٠ ترلیۆن دیناری لەبەردەستدابووە و نیوەى داوە بە موچە و نیوەکەى تری دیار نییە.

لە ١٠ ساڵى رابردوودا هیچ ساڵێک هێندەى ٢٠٢٤ حکومەتى کاربەرێکەر پارەى لەبەردەستدا نەبووە، بۆ نمونە:

ساڵی ٢٠١٤: ٢ ترلیۆن و ٢٨٠ ملیار دینار پارە لە بەغدادەوە نێردراوە

ساڵی ٢٠١٥: ٢ ترلیۆن و ٤٧٦ ملیار دینار پارە لە بەغدادەوە نێردراوە

ساڵی ٢٠١٦: هیچ بڕە پارەیەك لە بەغدادەوە نەنێردراوە

ساڵی ٢٠١٧: هیچ بڕە پارەیەك لە بەغدادەوە نەنێردراوە

ساڵی ٢٠١٨: ٣ ترلیۆن و ١٧٥ ملیار دینار پارە لە بەغدادەوە نێردراوە

ساڵی ٢٠١٩: ٥ ترلیۆن و ٤٣٩ ملیار دینار پارە لە بەغدادەوە نێردراوە

ساڵی ٢٠٢٠: ١ ترلیۆن و ٣٥٩ ملیار دینار پارە لە بەغدادەوە نێردراوە

ساڵی ٢٠٢١: ١ ترلیۆن و ٢٠٠ ملیار دینار پارە لە بەغدادەوە نێردراوە

ساڵی ٢٠٢٢: هیچ بڕە پارەیەك لە بەغدادەوە نەنێردراوە

ساڵی ٢٠٢٣: ٤ ترلیۆن و ٢٩٨ ملیار دینار پارە لە بەغدادەوە نێردراوە

ساڵی ٢٠٢٤: ١٠ ترلیۆن و ٢٦ ملیار دینار پارە لە بەغدادەوە نێردراوە

واتە لە (٢٠١٤ تا ٢٠٢٣) بڕی ( ٢٩ ترلیۆن و ٥٣ ملیار) دینار لە بەغدادەوە هاتووە، بەڵام تەنها لە ساڵى ٢٠٢٤ دا بڕى ١٠ ترلیۆن و ٢٦ ملیار دینارى هاتووە.

حکومەتى کاربەرێکەر هەرچەندە بانگەشەى چاکسازى و کەمکردنەوەى خەرجى بۆ موچە کردووە، بەڵام نەک کەمینەکردووە، لە ١٠ ساڵى رابردوودا ترلیۆن و ٥٠٠ ملیار دیناریشى خستوەتەسەر، بێجگە لەوەى زیاتر لە ١٠٠ هەزار موچەخۆر خانەنشین بوون و پلەبەرزکردنەوە و دامەزراندنیشى راگرتووە.

کۆى خەرجى موچە:

ساڵی ٢٠١٤ :بڕی (٨٥٠) ملیار دینار

ساڵی ٢٠١٩ : بڕی (٨٩٢) ملیار دینار

ساڵی ٢٠٢٠ : بڕی (٨٩٥) ملیار دینار

ساڵی ٢٠٢٢: بڕی (٩١٣ )ملیار دینار

ساڵی ٢٠٢٣: بڕی (٩٣٠) ملیار دینار

ساڵی ٢٠٢٤: بڕی (١ ترلیۆن) دینار

واتە لە ماوەى ١٠ ساڵى رابردوودا نزیکەى ١٥٪ خەرجى مووچە زیادى کردووە و هیچ ساڵێکیش حکومەتى کاربەرێکەر دروستى مووچەى دابەشنەکردووە.بەتایبەتى لە ساڵى ٢٠٢٤ دا سەربارى ئەوەى پارەى هەر ١٢ مووچەکەى بە زیادەوە لەبەردەستدابووە، بەڵام هەر بەمەبەست مووچەى مانگى ١٢ی دواخستووە و تەپڵى دابەشنەکردنى لێدەدات.













گەلەری