PM:05:32:19/01/2025
1396 جار خوێندراوەتەوە
پەرلەمانی عێراق بەرنامەی کاری دانیشتنی رۆژی سێشەممەی داهاتووی بڵاوکردەوە، کە یەک لە بڕگەکانی پەیوەستە بە دەنگدان لەسەر پرۆژە یاسای گەڕانەوەی موڵک بۆ خاوەنەکانیان کە چەند بڕیارێکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی(رووخاو) دەیانگرێتەوە و دەنگدان دەکرێت لەسەر پرۆژە یاسای هەمواری دووەمی لێبوردنی گشتی.
یەکشەممە ١٩ـی کانونی دووەمـی ٢٠٢٥، پەرلەمانی عێراق بەرنامەی کاری دانیشتنی رۆژی سێشەممەی داهاتووی بڵاو کردەوە، بەپێی ئەو بەرنامەی کارە، لە بڕگەی یەکەمدا دەنگ لەسەر پرۆژە یاسای لەسەر پێشنیازی یاسای باری کەسی ژمارە(١٨٨) بۆ هەردوو ماددەی(٢ و ١٠).
بڕگەی دووەمی دانیشتنەکە پەیوەستە بە دەنگدان لەسەر ماددەی(٥)ـی پرۆژە یاسای گەڕاندنەوەی موڵک بۆ خاوەنەکانیان کە چەند بڕیارێکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی رووخاو دەیانگرێتەوە، لە بڕگەی سێیەمیشدا، دەنگ لەسەر پرۆژە یاسای هەموواری دووەمی لێبووردنی گشتی ژمارە(٢٧)ـی ساڵی ٢٠١٦ دەکرێت.
بەپێی
بەرنامەی کاری دانیشتنەکە، لە بڕگەی چوارەمدا دەنگ لەسەر ماددەی (٤٢)ـی پرۆژە یاسای
تەندروستی دەروونی دەدرێت، بڕیگەی پێنجەمیش پەیوەستە بە خوێندنەوەی یەکەم بۆ پێشنیازی
یاسای سەندیکای وەرزشوانانی عێراق، بڕگەی شەشەم و کۆتایش گفتوگۆ و خوێندنەوەی دووەم
بۆ پێشنیازی یاسای خوێندنی باڵای تایبەت دەکرێت.