سەردانى سودانى بۆ بەریتانیا و رێککەوتنى بەغدا و کۆمپانیایەکى شانشینى یەکگرتوو، درەنگانێکى شەو حکومەتى کاربەرێکەرى بەئاگاهێنایە و رایگەیاند، نابێت بەغدا تاکلایەنە نەوتى ئەو ناوچانە بەرهەمبهێنێت، هەرچەندە پێشتر بەدەست خۆیانەوە بووە و داهاتەکەشى نادیاربوو.
لە درەنگانێکى شەودا حکومەتى کاربەرێکەر راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و دواى ساڵانێک باسى نەوت و گازى ناوچەکانى مادەى ١٤٠ی کرد، هاوکات سەرۆک وەزیرانى عێراقیش گەیشتە لەندەنو بڕیارە لەگەڵ کۆمپانیاى بریتش پترۆلیۆمدا رێککەوتنێکى گشتگیر لەسەر نەوتى ئەو ناوچانە بکات بۆ ماوەى ٣٠ ساڵ.
حکومەتى کاربەرێکەر لە راگەیەندراوەکەى نیوەشەودا دەڵێت،حکومەتی
عێراق ئامادەکاری دەکات بە شێوەیەکی تاکلایانە، نەوت و گازی ئەم ناوچانە ببات، لە
کاتێکدا خەڵکی کوردستان و لە چوارچێوەی مادەی ١٤٠، داواکاری رەوای ئەم ناوچانە
دەکات.
هەروەها دەشڵێت،حکومەتی فیدڕاڵی لە هەوڵی ئەوەدایە
گرێبەستی نەوت و گاز واژۆ بکات، بەبێ ئەوەی مادەکانی دەستوور بە گشتی و بە تایبەت
هەردوو مادەی ١٤٠ و ١١٢، لەبەرچاو بگرێت.
باسى لەوەشکردووە،هەرێم بە مافی دەستووريی خۆی
دەزانێت، بە هەموو رێکارە جیاوازەکان کە دەستەبەر بێت، بەرگری لە مافە
دەستوورییەکانی بکات و کار لەسەر جێبەجێکردنی یاساکان دەکات.
راگەیەندراوەکەى حکومەتى کاربەرێکەر وەک هەوڵێکى پێشوەختە دەخوێندرێتەوە بۆ
سەردانەکەى سودانى، بەشێوەیەک کە هەرێمى کوردستانیش مافى ئەوەى هەیە قسەى هەبێت لە
گاز و نەوتى سنورى ماددەى ١٤٠ دا.
سنورى ماددەى ١٤٠ خاوەنى بڕێکى زۆرى نەوت و گازە و لە سنورى پارێزگاى
نەینەوا دەستپێدەکات تا رۆژهەڵاتى خانەقین لە پارێزگاى دیالە، لە ساڵانى ٢٠١٤ تا ٢٠١٧
لەژێر کۆنترۆڵى هەرێمدابووە و تاکلایەنە نەوتەکەى فرۆشتووە، بەڵام ئەوکاتەش
حکومەتى هەرێم هەر نەیدەتوانى موچەى فەرمانبەران مانگانە و لەکاتى خۆیدا
دابەشبکات.
ئێستا حکومەتى کاربەرێکەر کە پارتى و یەکێتى نوێنەرایەتى دەکەن هەوڵى
وروژاندنەوەى پرسى نەوتى هەرێم و شەریکاتى نەوتى ناوچەکانى ماددەى ١٤٠ دەدات،
لەکاتێکدا هەرێم هێشتا دۆسیەى نەوتەکەى لەگەڵ بەغدا یەکلایینەکردووەتەوە و لەو
پارەیەشى کە بەغدا بۆ مووچەى ١٢ مانگى ٢٠٢٤ی ناردووە، تەنها ١١ مانگى دابەشکردووە.