چەند رۆژێکە ئاگرێکی گەورە ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکای گرتووەتەوە و تا ئێستاش کۆنترۆڵ نەکراوە. ژمارەی گیانلەدەستانیش بەهۆی ئاگرەکەوە بۆ ١٠ کەس بەرز بووەتەوە.
ئەمڕۆ هەینی ١٠ـی کانونـی دووەمـی ٢٠٢٥، ئاگرەکەی کالیفۆرنیا تا دێت فراوانتر دەبێت و لە پێنج ناوچەی جیاوازی لۆس ئەنجلۆسەوە ئاگرەکە تەشەنەی کردووە و تا ئێستا کۆنتڕۆڵ نەکراوە، ئاگرەکەش بە یەکێک لە وێرانکەرترین ئاگرەکان دادەنرێت لە مێژووی کالیفۆرنیادا.
هاوکات، میدیاکانی ئەمریکا بڵاویان کردەوە، تاوەکو
ئێستا بەهۆی ئاگرەکەوە ١٠ کەس گیانیان لەدەست داوە و ١٠ هەزار خانوو و بیناو شوێنی
گشتی و نزیکەی ٢٠٠ کیلۆمەتر
چوارگۆشە پوش و پاوان و دارستان سوتاون.
لەو ناوچانەی ئاگریان لێکەوتووەتەوە نزیکەی ١٨٠ هەزار کەس فەرمانی
چۆڵکردنیان پێدراوەو نزیکەی ٢٠٠ هەزار کەسی دیکەش ئاگادارکراونەتەوە بۆ چۆڵکردنی
شوێنەکانیان.
جگە لەوەی ئاگرەکە ماڵی کۆمەڵێک هونەرمەند و خەڵکی ناوداری هۆڵیودی
سووتاندووە و کۆنسێرتی هونەرمەندان و بۆنە و ئاهەنگەکانی دواخستووە، بەشێک لە
هونەرمەندان لە پلاتفۆرمەکانی خۆیانەوە لە سۆشیاڵ میدیا هاوکاری و کۆمەکییان
راگەیاندووە بۆ ئەو ناوچانەی زیانی زۆریان بەرکەوتووە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، ئاگرەکە سەرەتا لە حەوتی ئەم مانگەدا لە باشووری
کالیفۆرنیا دەستی پێکرد، لە ئێستاشدا لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن لە سەر هۆکاری
ئاگرکەوتنەوەکە و کەسێکیش بە تۆمەتی کردنەوەی ئاگر دەستگیرکراوە.