نیارو، نیاروس، نەیروز
نەورۆز لای گەلانی پێشین
AM:09:36:20/03/2026
1000 جار خوێندراوەتەوە
راز ئەسعەد
+
-
نەورۆز یەکێکە لە
کۆنترین جەژنەکانی جیهان، ئەگەر کۆنترینیشیان نەبێت، هەروەها جەژنێکە زۆرترین نەتەوە
و وڵات و گەلان یادی دەکەنەوە و خۆیان بە خاوەنی دەزانن، یان زۆرترین مشتومڕی لەسەرە،
لەلایەک جەژنێکی ئەفسانەییە، لەلایەک نەتەوەیی و ئاینییە، هەندێکیش بە جەژنێکی
سروشتی دەزانن، ڕەنگە یەکەم جەژنکردن بێت بۆ سەری ساڵی نوێ. جگە لەوەش لەسەر سەرەتای
دەرکەوتن و کۆنیی جەژنەکە و خاوەنی ڕاستەقینەی، دەیان بۆچوون و لێکدانەوەی جیاواز
هەیە و هەر گەل و نەتەوەیەک بە جۆرێک لە جۆرەکان دەیبەستێت بە ڕەچەڵەکی خۆیەوە، هەموو
بۆچوونەکانی بەجۆرێک داتاشیوە کە خۆی تەنیا خاوەنیەتی، سەرباری ئەوەش هەر نەتەوەیەک
و چەندین ئەفسانە و داستانی تێوەپێچاوە، تا خۆی تاکە ئەسپسواری مەیدانەکە بێت و ویستویەتی نەوەکانی خۆی بەهەڵەدا بەرێت و ڕاستی جەژنەکە
ونبکات، ئەمە وایکردووە بەشی زۆری توێژینەوە و بنکۆڵکارییەکان پڕبن لە ئەفسانە و خۆبەپاڵەوان
کردن، ئەگەر بشتەوێت بەدوای ڕاستییەکاندا بگەڕێت پێویستە لە چەندین سەرچاوەی جیاجیاوە
دەستپێبکەیت و بە ئەرشیفی چەندین نەتەوە و ئایینی جیاوازدا بچیتەوە. ئەمەش بۆخۆی
کارێکی گەورەیە و دەبێت دەزگا یان زانکۆیەک بە ستافێکی ئەکادیمی شارەزا و بێلایەن
کاری لەسەر بکات.
ئەوەی من مەبەستمە
لەم وتارەدا تیشکخستنە سەر هەندێک بۆچوونی جیاوازی نێو ئایین و نەتەوەکانە، کە لای
ئێمە ڕەنگە لەڕووی سۆزی نەتەوەییەوە تاڕادەیەک بەهەڵە ڕۆیشتبن، من باوەڕم بە ڕاستی
ئەوانەی دی نییە، بەڵام بۆچوونن و پێویستە کەسانی بەڕاستی شارەزا کاریان لەسەر بکەن
و ئێمەش بێئەوەی سۆز بە سەرماندا زاڵبێت ئاگاداری سەرچاوە مێژووییەکانی گەلانی دیکە
بین.
سۆمەرییەکان داهێنەری
نەورۆز
هەندیک لە توێژینەوە
مێژووییەکان، بەتایبەت لای عەرەبەکان جەژنی نەورۆز دەبەنەوە سەر سۆمەرییەکان و بە
داهێنانێکی شارستانیەتی عێراقی کۆنی دەزانن، بنەڕەتی ئەم بۆچوونەش دەگێڕنەوە بۆ جەژنی
ئەکیتۆی سۆمەرییەکان.
جۆرج کۆنتینۆی گەورە
شوێنەوارناسی فەرەنسی، کە پسپۆڕی شارستانیەتە کۆنەکانە، بە تایبەت وڵاتی ڕافیدەین
و خاوەنی چەندین کتێب و توێژینەوەی گرنگە، کتێبێکی نایابی لە بارەی مێژووی ژیانی ڕۆژانەوە
هەیە بەناونیشانی (الحیاة الیومیة فی بلاد بابل وآشور)، لەم کتێبەدا کۆنتینۆ بە
وردی باسی جەژنی ئەکیتۆ دەکات، ئەم جەژنە لای سۆمەرییەکان جەژنێکی سروشتییە و بەبۆنەی
دەستپێکردنی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و نزیکبوونەوەی ئاوە لە زەوییەوە و وەرزی
دەستپێکردنی کشتوکاڵە بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاوی ڕووباری دیجلەوە، لەلایەکی دیکەشەوە
جەژنی ژیانەوەی مەردۆخی خوداوەندە و دەستپێکی ساڵی نوێی سۆمەرییە بەپێی ساڵنامەی خۆیان،
کە بەرامبەرە بە یەکی نیسانی ساڵنامەی زایینی و بۆ ماوەی دوانزە ڕۆژ ئاهەنگەکان بەردەوامدەبوون،
شێوازی یادکردنەوە و مەراسیمەکان زۆر لە جەژنی نەورۆزی گەلانی ڕۆژهەڵاتی کردووە، هەر
لەمەشەوە هەندێک توێژەر بە بنەڕەتی جەژنی نەورۆزی دادەنێن، چونکە سۆمەرییەکان لەلایەن
فارسەکانەوە ڕووخێنران و ماوەیەک لەو وڵاتەدا ماونەتەوە، زۆریش سەرسام بوون بە پێشکەوتنەکانی
وڵاتی سۆمەر، یەکێک لەو شتانەی لەگەڵ خۆیاندا بردویانەتەوە جەژنی سەری ساڵ و ئەکیتۆ
واتە نەورۆز بووە. هەر ئەم جەژنە بە هۆی دیلە جولەکاکانی وڵاتی سۆمەرەوە گواستراوەتەوە
بۆ لای ئەغریقیەکان، لەوێشەوە بۆ ئەوروپای ڕۆژهەڵات و ناوەند، بەم شێوەیە کەلتووری
ئاهەنگگێڕان بۆ سەری ساڵی نوێ لە سۆمەرەوە گواستراوەتەوە بۆ هەموو لایەک.
قیبتییەکانی میسر
و نیارو
نەیروز یان نەیروس
گرنگترین و کۆنترین جەژنی قیبتیەکانی میسرە، جگە لەوەی جەژنێکی سروشتی و سەرەتای
هاتنی لافاوی ڕووباری نیلە، بە پێی ساڵنامەی خۆیان سەرەتای ساڵی نوێشە و هەر لە کۆنەوە
لەو ڕۆژەدا بۆ ماوەی حەڤدە ڕۆژ ئاهەنگیان گێڕاوە.
یەکەم ڕۆژی مانگی
توت یەکەم ڕۆژی ساڵە و بەرامبەر بە ڕۆژی ١٢ی ئەیلولە لە ساڵنامەی زایینیدا، واتە
ئاهەنگەکانی سەری ساڵی قیبتی لە ١٢ی ئەیلولدا دەستپێدەکەن. زۆرینەی سەرچاوەکان کۆکن
لەسەر ئەسڵی ناوی نەیرۆس و دەڵێن لە (نی-یاروئوو)ی قیبتیەوە هاتووە، کە ماناکەی ڕووبارە،
پاشان وردەوردە بووە بە نیارو، کە یۆنانیەکانیش میسریان داگیرکرد، وەک زۆر وشەی دیکە
و بەپێی نەریتی خۆیان پیتی (س)یان بۆ زیاد کرد و بووە نیاروس، پاشان نیروس یان نەیروس،
کە عەرەبەکانیش چوونە میسر لەگەڵ نەورۆزدا لێیان تێکەڵ بوو کردنیانە نەیروز.
ئەم جەژنە بۆ کریستیانە
قیبتیەکان کۆنە، بەڵام لەسەردەمی ئیپمراتۆر دقلیدیانۆسدا و دوای ئەو هەموو
کوشتوکوشتارەی لە ساڵی ٢٨٤دا لە قیبتیەکان کرا، بۆ یادی ئەو ڕۆژە هەندێک گۆڕانکاری
لە ساڵنامەکەدا کرا، مانگ و ڕۆژەکان وەک خۆیان مانەوە، بەڵام بۆ یادی شەهیدەکانیان
ساڵیان سفر کردەوە و ئەو ساڵە کرایە یەکەم ساڵی ساڵنامەی قیبتی، بەمەش جەژنەکەیان ڕەهەندێکی
ئایینی و نیشتمانیی وەرگرت، جگە لەوەی جەژنی سەری ساڵ و جەژنی بوژانەوەی کشتوکاڵ
بوو، بووە جەژنی شەهیدانیش.
دوای گەیشتنی
سوپای ئیسلام و عەرەبەکان بە وڵاتی میسر، بەو پێیەی عەرەبەکان پێشتر زانیارییان لەسەر
جەژنی نەورۆزی گەلانی ڕۆژهەڵات هەبوو، ئیتر بەهۆی نزیکی وشەکان و نزیکی شێوازی ئاهەنگ
گێڕانەکان، نەورۆز و نەیروسیان لێتێکەڵ بوو، وایانزانی هەردووکیان یەک جەژنن و بەزمانی
خۆیان کردیان بە نەیروز.
لە ڕاستیدا ئەم
دوو جەژنە تەواو لەیەکتر جیاوازن و کەس لە کەسی نەبردووە، ئەوەی کێشەیە تا ئێستاش
هەندێک لە نوسەرانی ئێمە دوای پازدە سەدە هێشتا وا دەزانن یەکن، چەندین نوسەرمان هەیە
کاتێک باسی نەورۆز دەکەن لە شیعری عەرەبیدا، بە نموونە شیعری هەندێک لە شاعیرە قیبتیەکان
دێنن و وادەزانن باسی نەورۆزەکەی ئێمە دەکات، لە کاتێکدا ئەو باسی نەیروسی خۆیانی
کردووە، هیوادارم بۆ لەمەودوا توێژینەوەکانی ئەو بوارە وردتر و قووڵتربن، تا دوور
لە سۆزی نەتەوەیی ڕاستیەکانمان بۆ دەستنیشان بکەن.
سەرچاوە ئیسلامیەکان
و نەورۆز
تۆمارە مێژووییەکانی
عەرەبی و ئیسلامی گرنگترین دۆکیۆمێنتن بۆ مێژووی سەرجەم گەلانی ئەم ناوچەیە، هێندە
فراوانن ڕەنگە شتێک نەمابێت باسی نەکەن، جگەلەوە شیعری عەرەبی سەردەمە کۆنەکان بە
تۆمارێکی گرنگ دادەنرێت بۆ زۆر بابەت و ڕووداوی مێژوویی، لێرەدا دەمەوێت هەندێک لەو
ئاماژانە باس بکەم کە لەم تۆمارانەدا لە بارەی نەورۆزەوە بۆیان گواستوینەتەوە.
یەکەم ناو هاتنی
نەورۆز لە مێژووی ئیسلامیدا، لە فەرموودەیەکی سەحیحی پێغەمبەری ئیسلامدایە: (عن أنس
قال: قدم رسول الله صلی الله علیه وسلم المدینة ولهم یومان یلعبون فیها، فقال ما
هذا الیومان قالوا کنا نلعب فیهما فی الجاهلیة، فقال رسول الله صلی الله علیه وسلم:
إن الله قد ابدلکم بهما خیرا منهما یوم الاضحی و یوم الفطر). ئەنەس کوڕی مالیک گێڕاویەتەوە
و لە ڕاڤەکردنەکەیدا دەڵێت: پێغەمبەر(د.خ) هاتە مەدینە ئاهەنگیان بۆ دوو ڕۆژ دەگێڕا،
پرسی ئەمە چییە، وتیان لە پێش باوەڕهێناندا ئاهەنگمان بۆ دەگێڕا، فەرمووی: خودا بۆی
گۆڕیون بە دوو ڕۆژی باشتر، (الاضحی و الفطر) قوربان و ڕەمەزان. مەبەست لەو دوو ڕۆژە
جەژنەکانی نەورۆز و میهرەجان بوو.
کەواتە ئەم فەرموودەیە
دەریدەخات کە نەورۆز پێش هاتنی ئیسلام جەژن و بۆنەیەکی بەربڵاوبووە لە نیمچە دورگەی
عەرەبی، هەروەها دەریدەخات کە لەسەرەتادا یادکرنەوەی وەستێنراوە، بەڵام ئەمە بەردەوام
نابێت، چونکە لە دووەم ئاماژە لە مێژووی ئیسلامدا بە جۆرێکی دیکەیە.
لە کتێبە کۆنەکانی
زۆربەی مێژوونووسان و ڕاڤەکارانی ئیسلامی وەک (تەبەری، یەعقوبی، زەرکەلی....)دا
هاتووە، کە دەگێڕنەوە سابتی کوڕی نوعمانی کوڕی مرزبان، باوکی ئیمام ئەبو حەنیفەی
نوعمان، شیرینی پێشکەش بە ئیمام عەلی کوڕی ئەبی تاڵیب (خوای لێڕازیبێت) کردووە، لێیپرسیوە
ئەمە بە بۆنەی چییەوەیە، ئەویش وتویەتی ئەمڕۆ نەورۆزە، ئیمامی عەلییش وتوویەتی هەموو
ڕۆژێک نەورۆزمان پێبکەن. هەندێک گێڕانەوەی دیکەش دەڵێن ئەم ڕووداوە لە کوفە ڕوویداوە
و دوای ئەوە نەورۆز کراوەتە جەژن و ساڵانە یادیکراوەتەوە.
ئەوەی سەیرە تا
ئەو کاتەش لە شیعری عەرەبیدا باسی نەکراوە، تا یەکەم دەرکەوتنی لە شیعردا لەسەردەمی
ئەمەوییەکاندا بووە لە سەر زمانی شاعیرێکی گەورەی وەک جەریر، پاشان خەلیفەکانی ئەمەوی
بەتەواوی ڕێگەیان پێدا و باجیان لەسەر دانا، بە هەمان شێوە لەسەردەمی عەباسییەکانیشدا
بە تەواوی بووە جەژنێکی فەرمی لە دەوڵەتی ئیسلامییدا.
لەشیعری عەرەبیدا
بە کۆن و نوێیوە گرنگی زۆری پێدراوە، لە هەموو سەردەمەکاندا ئەوەندەی کرابێت
باسکراوە، بە تایبەت لە سەردەمی نوێدا شاعیرانی وەک موتەنەبی و بەدر شاکر سەیاب و
مەحموود دەروێش و سەدانی دیکە شیعریان بۆ نوسیوە، ئەوەی سەیرە بەلامەوە هەندێک توێژەری
لای خۆمان زۆر خاکەڕایانە ئەو شیعرانەیان خوێندۆتەوە و بە نموونە هێناویاننتەوە، لەکاتێکدا
بەشێکیان شاعیرە میسریی و ئەندەلوسییەکانن و بۆ نەیروسی قیبتیەکانیان نوسیوە، ئەوە
کەلێنە و دەبێت لە داهاتوودا چارەسەر بکرێت، چونکە ئەو دوو جەژنە دوور و نزیک پەیوەندیان
بەیەکەوە نییە.
نەورۆز جەژنێکی
ئەفسانەیی یان سروشتی یان ئایینی یان نەتەوەیی یان بەهەر جۆرێک بێت، گرنگ ئەوەیە چەندین
گەل و نەتەوە خۆی بە خاوەنی دەزانێت و ساڵانە یادی دەکاتەوە، ئێستا لە جیهانیشدا وەک
جەژنێکی گەورەی ئاشتی و پێکەوە ژیان لێیدەڕواندرێت، ئەوەی ماوە ئەوەیە توێژینەوەی
جدی لەسەر بکرێت و تەواوی ڕاستییە مێژووییەکان و هۆکارەکانی دەرکەوتنی دەستنیشان
بکرێت، گرنگیش نییە کێ داهێنەریەتی، بەڵکو گرنگترین کار کە بکرێت ئەوەیە ببێتە ڕۆژێکی
جیهانی بۆ پێکەوە ژیان، نەک بۆ پێکداهەڵپژان.
سەرچاوەکان:
١- الحیاة الیومیة فی بلاد بابل وآشور، ت:
طە سلیم التکریتی و عبد التکریتی، الطبعة الثانیة، بغداد ١٩٨٦.
٢- احمد بن عبدالحلیم بن عبدالسلام بن تیمیة ،
اقتضاء الصراط المستقیم لمخالفة اصحاب.
٣- الراوی: أنس بن مالک/ المحدث: ابن تیمیة/ المصدر: اقتضاء الصراط
المستقیم/ الصفحة او الرقم: ١/٤٨٥/ اخرجه ابو داود.
٤- للخطیب البغدادی تأریخ بغداد ، مجلد ١٣.
٥- نبیل فاروق، عید النیروز أقدم عید لأقدم أمة.
٦- ڕاز اسعد، نیروز فی محافظة الواسط
مناطق الحی و شیخ سعد انموذجا، ت محمد عبدواللە، جریدة الدستور، العدد ٥٥٤٠، ٢٠٢٣، بغداد.