بەر لەوەی پێی بنێتە کۆشکی سپی، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا دەهۆڵی جەنگی بازرگانی لێدەدات و لە ئێستاوە سێ وڵاتی کردووەتە ئامانج کە بەر شاڵاوی سەپاندندی باجی گومرگی زیاتر دەکەون.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا هەڕەشەی ئەوەی کرد، ئەو کاتەی دەسەڵات لە کۆشکی سپی دەگرێتەدەست بەنیازە باج لەسەر کەلوپەلە هاوردەکراوەکانی گرنگترین هاوبەشە بازرگانییەکانی ئەمریکا زیاد بکات، کە ئەوانیش چین و کەنەدا و مەکسیکن.
ئەوەش کارێکی چاوەڕواننەکراوی ترەمپ نییە و لە سەرەتای هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن
جەختی لەسەر دەکاتەوە کە مشتومڕی لەلای پسپۆڕان و چاودێران دروستکردووە، بەو پێیەی
کاریگەریی خراپ لەسەر بەرژەوەندییە بازرگانییەکانی ئەمریکا لەگەڵ ئەو سێ وڵاتە
دروست دەکات.
لەو چوارچێوەیەدا
سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا دەیەوێت بە ڕێژەی ٢٥٪ باجە گومرگییەکان لەسەر کەلوپەلە
هاوردەکراوەکانی هەریەک لە مەکسیک و کەنەدا زیادبکات، دەشڵێت زیادکردنی باجەکان بەردەوام
دەبن تا ئەو کاتەی دزەپێکردنی ماددە هۆشبەرەکان و هاتنی کۆچبەرە نایاساییەکان بۆ وڵاتەکەی
ڕادەوەستن، کە بە وتەی ئەو خەریکە ئەمریکا داگیردەکەن.
لە بەرامبەردا کریستینا فریلاند سەرۆک وەزیرانی کەنەدا رایگەیاند، پەیوەندی
هاوسەنگی نێوان هەردوو وڵات لە بەرژەوەندی هەردوولادایە، وتیشی دەبێت ترەمپ تێبگات
لەوەی کەنەدا لە پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ئەمریکا لە وزە، هەروەها ژمارەیەکی زۆر
لە ئەمریکییەکان لە کەنەدا کاردەکەن.
سەبارەت بە چینیش کە وەزارەتی بازرگانییەکەی ئاماژەی بە گرتنەبەری ژمارەیەک
ڕێوشوێن کردووە بۆ بتەوکردنی بازرگانییە دەرەکییەکان، ترەمپ جەخت دەکاتەوە قەبارەی
باج لەسەر کەلوپەلە هاوردەکاراوەکانی ئەو وڵاتە بە ڕێژەی ١٠٪ زیاد دەکات، بە تایبەتی
لەسەر ئۆتۆمبیلی کارەبایی.
ئەوە لە کاتیکداتە بەرپرسانی چین هۆشداریانداوە کە هیچ کەس و لایەنێک لە جەنگی
بازرگانی سوودمەند نابێت و پێویستە چین و ئەمریکا پارێزگاریی لە هاریکاریی ئابوری
و بازرگانی نێوانیان بکەن.
هەرچۆنێک بێت ئابوریناسان پێیان وایە زیادکردنی باجی گومرگ لەلایەن ئەمریکاوە
لەسەر کەلوپەلە هاوردەکراوەکان ئاستی هەڵاوسان بەرزدەکاتەوە، هەروەها زیان بە گەشەی
ئابووری ئەمریکا دەگەیەنێت، چونکە تێچووی بەرهەمهێنان بەرز دەبێتەوە و نرخەکان بۆ
بەکاربەری ئەمریکی بەرزدەببنەوە، بەڵام ئەوانەی
نزیکن لە سەرۆکی هەڵبژێردراو جەخت دەکەنەوە، سەپاندنی باجی گومرگ موزادەیەکی بەسوودە
تا ئەمریکا هاوبەشە بازرگانییەکانی ملکەچ بە مەرجەکانی بکات.