سەردێڕ:

'سودانی وەزارەتی دارایی عێراقی راسپارد مووچەی مانگی ١٠ـی هەرێم خەرج بکات'

AM:11:51:16/11/2024

6128 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێکی ئاگادار بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، سودانی وەزارەتی دارایی عێراقی راسپارد ئەم هەفتەیە مووچەی مانگی ١٠ـی هەرێم خەرج بکات. چاوگێکیش لە وەزارەتی دارایی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، دەبێت هەرێم بە زوویی داهاتی ناوخۆ رادەست بکات.


ئەمڕۆ شەممە ١٦ـی ١١ـی ٢٠٢٤، چاوگێکی ئاگادار بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق وەزارەتی دارایی عێراقی راسپاردووە کە ئەم هەفتەیە مووچەی مانگی ١٠ـی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بکات.

هاوکات، چاوگێک لە وەزارەتی دارایی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، دەبێت هەرێم بە زوویی داهاتی ناوخۆ رادەست بکات. وتیشی، ئەگەر هەرێم داهاتی ناوخۆ رادەست نەکات لە پارەی مووچە دەبڕدرێت.

هەر ئەمڕۆ، مەریوان قەرەنی پەرلەمانتارێکی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بڕیارە پێش ئەنجامدانی پڕۆسەی سەرژمێریی، بەغدا مووچەی مانگی ١٠ بۆ هەرێم بنێرێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، لەگەڵ گەیشتنی پارەکە بۆ هەرێم، دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت.

پێشتر، چاوگێک لە وەزارەتی دارایی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، گرفتی سەرەکی دواکەوتنی مووچەی مانگی ١٠ لە بەغداوە، حکومەتی کاربەڕێکەرە کە داوای ترلیۆنێک و ١٠٠ ملیار دیناری کردووە و ئەمەش زیاتر لەو بڕەیە کە لە بودجەدا دیاریکراوە.

بەپێی زانیارییەکان، لە میانەی سەردانی ئەمجارەیدا بۆ هەرێم؛ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنەکان وتویەتی، هەرێم بەپێی رێککەوتنەکان داهاتی نانەوتی رادەست نەکردووە، ئەوانیش ناتوانن لە دەرەوەی رێککەوتنەکان و پابەندی هەرێم پارەی مووچە بنێرن.














گەلەری