سەردێڕ:

ئەندامێکى لیژنەى دارایی: هەفتەى داهاتوو هەرێم لیستى مووچە دەنێرێتەوە بۆ بەغدا

PM:08:16:01/11/2024

2124 جار خوێندراوەتەوە

دواى سێ هەفتە لە دواخستن حکومەتى کاربەڕێکەر هەفتەى پێشوو لیستى مووچەى رەوانەى بەغدا کرد، بەڵام بەغدا رەتیکردەوە و ناردییەوە بۆ هەرێم و وتى لیستەکە بە رێکوپێکى ئامادە نەکراوە. هاوکات، ماوەى هەفتەیەکە حکومەتى کاربەڕێکەر لیستەکەى پاک نەکردووەتەوە و بەهۆیەوە دابەشکردنى مووچەى مانگى ١٠ دواکەوتووە.


نزیکەى هەفتەیەکە لیستى مووچەى هەرێم گەڕێندراوەتەوە و حکومەتى کاربەڕێکەر هێشتا ئەو تێبینیانەى چاک نەکردووە کە بەغدا داواى دەکات و بڕیارە لەم هەفتەیەدا جارێکى دیکە لیستەکە تەسلیمى بەغدا بکرێتەوە و پارەکە بنێردرێت.

چاوگێکى ئاگادار لە حکومەتى کاربەڕێکەرى هەرێم بە ئێن ئاڕ تى راگەیاند، بەغدا تێبینى لەسەر چەند خاڵێکى لیستەکە هەبووە، لەسەروو هەموویانەوە نەبوونى بایۆمەترى بەشێکى مووچەخۆران و ناڕێکى لیستى مووچەى هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ تێکەڵکردنى لیستى چەند وەزارەت و فەرمانگەیەک.

وتیشى، "لە چەند رۆژى داهاتوودا دەستکارى لیستەکە دەکرێتەوە و جارێکى دیکە دەنێردرێتەوە".

لەلایەکى دیکەوە، ئیخڵاس دلێمى، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، هەفتەى داهاتوو جارێکى دیکە بەغدا دەستدەکاتەوە بە وردبینى لیستى مووچەى هەرێم و پارەى مووچەى مانگى ١٠ـش رەوانە دەکات.

ماوەى ١١ مانگە حکومەتى کاربەڕێکەر هیچ مانگێک بە دروستى لیستى مووچەى رەوانەى بەغدا نەکردووە و هیچ مانگێکیش لەکاتى خۆیدا مووچەى دابەش نەکردووە.

خۆدزینەوەى حکومەتەکەى پارتى و یەکێتى لە مووچە لەکاتێکدایە، داهاتى ناوخۆی هەرێم مانگانە ٤٥٢ ملیار دینارە بەپێى راپۆرتى حکومەت خۆى و لە ١٣ مانگى رابردووشدا حکومەتى کاربەڕێکەر تەنها نۆ مووچەى دابەش کردووە و هیچ کاتێکیش وەڵامێکى روونى ئەو پرسیارەى نەداوەتەوە کە بۆچى لە داهاتى ناوخۆ مووچە دابەش ناکات.













گەلەری