دواى راگەیاندنى ئەنجامەکانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، دەرکەوت کورسى و دەنگەکانى نەوەى نوێ بە رێژەى دوو هێندە و سێ هێندە زیادیانکردووە، لە بەرامبەردا کورسییەکانى پارتى و یەکێتى کەمیان کردووە.
کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانى عێراق ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستانى راگەیاند، بەگوێرەی داتاکانی کۆمسیۆن نەوەی نوێ لەسەر ئاستى هەرێم بووە بە هێزی سێیەم و ژمارەی دەنگەکانی بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی پێشوو بەشێوەیەکى بەرچاو زیادیکردووە.
لەم هەڵبژاردنەدا نەوەی نوێ وەکو تاکە هێز ژمارەی دەنگ و کورسییەکانی
زیادیکردووە و بەراورد بە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان نەوەی نوێ
ژمارەی کورسییەکانی دوو هێندە و ژمارەی دەنگەکانیشی سێ هێندە زیادیکردووە، بەجۆرێک
لە هەڵبژاردنی پێشوو نەوەی نوێ ١٢٧ هەزار دەنگی هێنا، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا
ژمارەی دەنگەکانی زیادیکردووە بۆ ٢٩٢ هەزار، ژمارەى کورسییەکانیشى دوو هێندە زیادیانکردووە.
لەبەرامبەریشدا پارتی و یەکێتی ژمارەی دەنگ و کورسییەکانیشیان کەمیکردووە،
بە جۆرێک کە پێشتر ئەو دوو حزبە بەیەکەوە ٧٠ کورسی پەرلەمانیان هەبوو، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا
بە هەردووکیان ٦٢ کورسییان هێناوە و هەشت کورسی کەمیان کردووە.
هەر بەپێى داتاکانى کۆمسیۆن، رێژەی بەشداری لەم هەڵبژاردنەدا ٧٢٪ بووە،
ئەم رێژەیەش رێژەی بەشداری تەواوی ئەو کەسانە نییە کە مافى دەنگدانیان هەیە، بەڵکو
رێژەی بەشداری تەنها ئەو کەسانەیە کە کارتی دەنگدانیان وەر گرتووەتەوە، ئەمەش مانای
وایە کە ئەو دەنگانەی نەوەی نوێ هێناوێتی دەنگی تەواوی هاوڵاتیان نیە و ئەگەر بێت
و بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو تەواوی هاوڵاتیان خۆیان ئامادە بکەن بۆ دەنگدان و دەنگ
بدەن بە نەوەی نوێ و بیکەن بەهێزی یەکەم ئەوا
گۆڕانکاری گەورە دێتە ئاراوە و دەسەڵات و حکومڕانیش دەگۆڕیت.