سەردێڕ:

نرخی ١٠٠ دۆلار دێتە خوار ١٥٠ هەزار دینار؟

PM:08:33:30/10/2024

1656 جار خوێندراوەتەوە

دواى دوو مانگی بەردەوام لە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار، هاتنى چەردەیەکی دۆلاری کاش لە ئەمریکاوە و رێکارەکانى بانکی ناوەندیی عێراق، نرخی دۆلاری دابەزاندووە، شارەزایەکی دراوە بیانییەکانیش بە ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت نرخی ١٠٠ دۆلار بۆ خوار ١٥٠ هەزار دینار دابەزێت.


ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەلایەک و دەستگرتنەوەی ئەمریکا لە پێدانی دۆلاری کاش و ڕێگری مامەڵە داراییەکانی عێراق بە دراوەکانی تر وایکرد لە چەند مانگی ڕابردودا نرخی دۆلار بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزببێتەوە.

لە ئێستاشدا بەهۆی ڕێکارەکانی بانکی و دەستواڵاکردنی یەدەگی فیدراڵی ئەمریکا لەبەرامبەر عێراق نرخی دۆلاری بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزاند و ١٠٠ دۆلار بە ١٥٠ هەزار مامەڵەی پێوە کرا.

لەم بارەیەوە هەرێم محەمەد، شارەزا لە بواری دراوە بیانییەکان بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەڵێنی ناردنی حەوت ملیار دۆلار لە ئەمریکاوە بۆ عێراق بە تایبەت کە چەردەى یەکەمى گەیشتووە هاوکات خاوبوونەوەی ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بازاڕەکانی دراو لە عێراق و هەرێم دروستکردووە، وتیشی، چاوەڕوان دەکەن بەهای دۆلار زیاتر دابەزێت و لە ماوەکانی داهاتودا نرخەکەی ببێتە ١٤٨ هەزار دینار.

هاوکات، بانکی بازرگانی عێراق تی بی ئای دوو پەنجەرەی فرۆشتنی دۆلاری لە هەریەک لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی کردەوە و دەستی کردووە بە فرۆشتنى دۆلار بە گەشتیاران بە نرخى فەرمى.

لای خۆشییەوە بانکی یەدەگی فیدراڵی ئەمریکا، عێراقی دەستواڵاکرد لە بەکارهێنانی دراوە بیانییەکانی وەک یوانی چینی و درهەمی ئیماراتی و یۆرۆ لە مامەڵە بازرگانییەکانى لەگەڵ ئەو وڵاتانە بەتایبەت چین، کە قەبارەى ئاڵوگۆری بارزگانى لەگەڵ عێراق ساڵانە بە نزیکەى ٦٠ ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت .

سەرجەم ئەو هۆکارانە پێکەوە وایکرد نرخی دۆلار دابەزێت لەگەڵیشدا چاوەروان دەکرێت کاریگەریی ئەرێنی لەسەر نرخى کاڵا و شتومەک لە بازارەکانى عێراق و هەرێم هەبێت.













گەلەری