سەردێڕ:

کوشتنی هاوڵاتییانی هەرێم لەلایەن چەکدارانی پارتی و یەکێتییەوە لە حاڵەتەوە بووە بە دیاردە

PM:11:56:29/10/2024

2808 جار خوێندراوەتەوە

یەکێتی و پارتی لەسەر دواکەوتنى چا و فول لایت و پیسبوونی ئۆتۆمبێل خەڵک دەکوژن و بانگەشەی ئارامی و ئاسایشیش دەکەن، لە ساڵەکانی رابردووشدا چەندین کەسیان لەلایەن چەکدارەکانیانەوە کوشتووە، جوت حزبەکە بکوژەکان سزا نادەن و ماددە یاساییەکانیشیان دەگۆڕن و ئازادیان دەکەن.


کوشتن و تەقەکردن لە هاوڵاتییان لەلایەن چەکدارانی هێزەکانی سەر بە یەکێتی و پارتییەوە لە حاڵەتەوە بووە بە دیاردە و هەر رۆژە و هەواڵی مەرگی هاوڵاتییەک لەلایەن چەکدارانی ئەو دوو حزبەوە دەبێتە هەواڵی رۆژ و بکوژەکانیش لەلایەن کەسانی باڵای حزبەکانەوە داڵدە دەدرێن.

لە دوای لێدوانەکانی سەرۆکی یەکێتی و براکەی کە باسیان لەوە کرد لە کەسی قبوڵ ناکەن ئارامی تێک بدات و کۆتایی بەو رووداوانە دەهێنن، نزیکەی ١٠ هاوڵاتی بە تەقەی راستەخۆی هێزە چەکدارەکانی یەکێتی لە سلێمانی کوژراون دەیان حاڵەتی تەقینەوە و شەڕەتەقەش لە پارێزگاکە روویانداوە.

دواهەمین رووداویش رۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیە بوو کە لەلایەن برای بەرپرسێکی باڵای یەکێتییەوە هاوڵاتییەک لە قولەرەیسی شاری سلێمانی کوژرا، دوای رووداوەکەش چاوگێک لە پۆلیس بە ئێن ئارتی راگەییاند، کەسی بکوژ دەستگیراوە و زیاتری لە بارەی رووداوەکەوە نەوت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی ئێن ئاڕ تی دەستی کەوتووە، ئەو کەسانەی گیراون ژمارەیان ١٠ کەسە و تاوانبارن بە کوشتنی ئاری چایچی و چەند کەیسێکی تریشیان لەسەرە، بەڵام ئێستا لە زیندان نەماون و گواسراونەتەوە بۆ شوێنی تایبەت بێ ئەوەی کەس بزانێت کوێیە.

لەمساڵیشدا چەندین رووداوی هاوشێوە لە سلێمانی و هەولێر روویانداوە و یەکێک لە رووداوەکانیش لە کۆتاییەکانی مانگی شەشی ئەمساڵ بوو لە هەولێر کە لیوا موحسین رەشیدی هاوسەری ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە بەغدا کوژرا و تا ئێستاش هیچ کەسێک لەسەر رووداوەکە دەستگیر نەکراوە، هاوڵاتیانیش هۆکاری ئەو رووداوانە بۆ جێبەجێنەکردنی یاسا و داڵدەدانی بکوژەکان دەگەڕێننەوە.













گەلەری