سەردێڕ:

لە سعودیە و قەتەڕەوە؛ هەوڵی ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە دەدرێت

PM:11:36:29/10/2024

1632 جار خوێندراوەتەوە

گفتوگۆکانی پرسی ئاگربەست لە غەززە تا دێت گەرمتر دەبێت، بڕیارە لە سعودیە بە بەشداری چەندین وڵات کۆبوونەوەیەک لە ئاستى باڵا بکرێت، لە لایەکی تریشەوە، ئەمریکا و میسڕ پێنشنیاری خۆیان بۆ ئاگربەستەکە خستووەتە روو.


وا بڕیارە رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە لە سعودیە بە بەشداری چەندین وڵات کۆبوونەوەیەک لە ئاستى باڵا بکرێت بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پڕۆژەى چارەسەریی کێشەی ئیسرائیل و فەڵەستین.

هاوکات، پڕۆژەکە لەلایەن چەند وڵاتێکەوە پێشنیاز کراوە بۆ کۆتاییهێنانى یەکجارەکی بەو کێشە مێژووییەى لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا هەیە و گەڕانەوەى هەردووکیانە بۆ شوێنەکانى سەرەتا کە خاوەندارێتییان کردووە.

لە لایەکی دیکەشەوە و لە قەتەڕ، گفتوگۆکان بۆ ئاگربەست تا دێت گەرموگوڕتر دەبن، لە لایەک کۆبوونەوەی سەرۆکی سی ئای ئەی و سەرۆکی مۆساد و سەرۆک وەزیرانی قەتەر و لەلایەکی دیکەش کۆبوونەوەی سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی میسر و نوێنەری حەماس بەڕێوە چوو، لە کۆبوونەوەی یەکەمدا پێشنیازکراوە ئاگربەستێکی ٢٨ رۆژە لە غەززە پێکبهێنرێت و حەماس هەشت بارمتە ئازاد بکات، لە بەرامبەریشدا ئیسرائیل دەیان زیندانیی فەڵەستینی ئازاد بکات.

لە کۆبوونەوەی دووەمیشدا لایەنی میسڕی پێشنیازی کردووە ئاگربەستی دوو رۆژە لە غەززە بکرێت و لەو ماوەیەدا حەماس چوار بارمتە ئازاد بکات و ئیسرائیلیش چەند زینداییەکی فەڵەستین ئازاد بکات، بەڵام بەرپرسانی حەماس جەخت دەکەنەوە لە ئاگربەستی هەمیشەیی و کۆتاییهێنان بە جەنگ.

سەرئەنجام، پێناچێت پێش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا کە بڕیارە رۆژی ٥ـی مانگی داهاتوو ئەنجام بدرێت هیچ بەرەوپێشچوونێک روو بدات، چونکە پێشبینی دەکرێت ئیسرائیل و حەماس بە پشتبەستن بە ئەنجامەکان، هەڵوێستەکانیان رێک بخەن.













گەلەری