سەردێڕ:

چۆن سەرۆکی نوێی ئەمریکا هەڵدەبژێردرێت؟

PM:08:54:29/10/2024

4056 جار خوێندراوەتەوە

هەڵبژاردنى سەرۆکێکى نوێ بۆ ئەمریکا چەند رۆژێکى ماوە، هەڵبژاردنێک پڕاوپڕە لە راز و نهێنى، لە نێویاندا هەڵبژاردنى کۆمەڵگەى هەڵبژاردن کە هەڵبژاردنى سەرۆک یەکلایی دەکاتەوە.


لە ئەمریکا سەرۆک راستەوخۆ لە لایەن دەنگدارانەوە هەڵنابژێردرێت، بەڵکوو لە رێگەی کۆمەڵگەکانی هەڵبژاردنەوە دەبێت، ئەوەش رێگەیەکی بێ وێنەیە لە جیهاندا و ئەمریکا لە وڵاتانی تر جیا دەکاتەوە.

هۆکاری پێکهێنانی کۆمەڵگەی هەڵبژاردن لە ئەمریکا بۆ چارەسەری ناکۆکی نێوان دوو تیم لە کاتی ئامادەکردنی دەستوری ئەمریکا دەگەڕێتەوە، کە یەکەمیان داوای هەڵبژاردنی سەرۆکی وڵاتی دەکرد لە رێگەی دەنگدانی راستەوخۆی گەلی ئەمریکاوە، هەرچی دووەم تیمیش بوو داوای دەکرد لە کۆنگرێس هەڵبژاردنی سەرۆک یەکلایی بکرێتەوە.

هەرچۆنێک بێت، بەهۆی بەرفراوانی رووبەری خاکی ئەمریکا و ئاستەنگی لە پەیوەندیکردن، کارێکی نیمچەمەحاڵ بوو پەنا بۆ دەنگدانی گشتی ببرێت، هەروەها خواستی ئەوەش نەبوو ئەو بابەتە بخرێتە بەردەم کۆنگرێس، هەر بۆیە دانەرانی دەستوور بیرۆکەی کۆمەڵگەی هەڵبژاردنیان داهێنا و پەسەندیان کرد.

کاری کۆمەڵگەی هەڵبژاردن ئەوەیە کە نوێنەرە هەڵبژێردراوەکانی ویلایەتەکانی ئەمریکا کە هەریەکەی کۆمەڵگەیەکی هەڵبژاردنە، پێکەوە ئەرکی هەڵبژاردنی سەرۆک و جێگرەکەی دەکەوێتە ئەستۆیان.

هاوکات، کۆی ئەندامانی کۆمەڵگەی هەڵبژاردن لە هەر ٥٠ ویلایەتەکەی ئەمریکا ٥٣٨ ئەندامە، ئەندامەکانی کۆمەڵگەی هەڵبژاردنی هەر ویلایەتێکیش، بەپێی قەبارەی دانیشتوانەکەی جیاوازی هەیە.

ئەوە لە کاتێکدایە، هەڵبژاردنەکان جگە لە هەڵبژاردنی سەرۆک و جێگرەکەی، ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانیش هەڵدەبژێردرێن کە ژمارەیان ٤٣٥ ئەندامە و هەر یەکەیان بۆ ماوەی دوو ساڵ لە پۆستەکانیاندا دەبن.

سەبارەت بە هەردوو کاندیدەکەی سەرۆکایەتی ئەمریکاش، دەبێت هەر یەکەیان بتوانێت دەنگی نیوەی نوێنەرەکان لە ٥٠ ویلایەتەکە + ١ بەدەست بهێنێت کە دەکاتە ٢٧٠ دەنگ تا ببێتە سەرۆک، ئەگەر کەسیشیان نەیتوانی ٢٧٠ دەنگ یان زیاتر بەدەست بهێنێت، ئەوا ناوی سێ کەس لە کاندیدە چانسدارەکانی (کۆمەڵگەی هەڵبژاردن) دیاری دەکرێن لەناو ئەنجومەنی نوێنەراندا تا بخرێتە دەنگدانەوە، ئەگەر هەر یەکێکیشیان دەنگی دووان لە سێ کاندیدەکەی مسۆگەر کرد، دەبێتە سەرۆکی ئەمریکا.

هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵى ئەمریکا تایبەتمەندی خۆی هەیە، چونکە لە کاتێکدا بەڕێوە دەچێت، جەنگی ئۆکرانیا و ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست قەیرانی ئابووری دروست کردووە، هەروەها هەردوو کاندیدەکەی سەرۆکایەتی لە راپرسییەکاندا دەنگەکانیان نزیکن لە یەکترەوە.

هەر بۆیە پێشبینی دەکرێت ئەنجامەکەی بەهەر شێوەیەک بێت، کاریگەریی لەسەر ململانێ جیهانییەکان هەبێت، بە تایبەتی لە جەنگی ئابووری نێوان چین و ئەمریکا، و جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا و قەیرانی نێوان عەرەب و ئیسڕائیل.













گەلەری