سەردێڕ:

بڕیارە ئەمڕۆ شاندەکەی هەرێم بچێتە بەغدا و لیستی مووچەی مانگی ١٠ لەگەڵ خۆیدا ببات

AM:09:52:28/10/2024

10436 جار خوێندراوەتەوە

هەرچەندە بڕیاربوو دوێنێ شاندێکی وەزارەتی دارایی حکومەتى کاربەڕێکەرى هەرێم بچێتە بەغدا و لیستی مووچەی مانگی ١٠ رادەستى وەزارەتی دارایی عێراق بکات، بەڵام سەردانەکە دواخرا بۆ ئەمڕۆ دووشەممە و چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ شاندەکە سەردانی بەغدا بکەن.


بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی، هۆکاری دواخستنى سەردانەکە، هەبوونى کەموکوڕى بووە لە لیستى مووچە، ئەوە جگە لەوەى کە داوایان لێکراوە وێنەیەکى لیستەکەش بە نووسینەکى و لەسەر کاغەز لەگەڵ خۆیان ببەنن، بۆیە ئەگەر لیستەکە بەشێوەی نووسینەکی ئامادە بکرێت، ئەوا شاندەکە سبەینێ سەردانی بەغدا دەکات.
پەیامنێری ئێن ئاڕ تی باسی لەوەکرد، لە شاندەکەدا بەشی ژمێریاری و موازەنەی وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەری تێدا دەبێت، هۆکاری ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی پێشتر ئەو شاندانەی چوونەتە بەغدا توانای بڕیاردانیان نەبووە، بۆیە وەزارەتی دارایی عێراق دەیەوێت کە وردبینی لە لیستی مووچەدا کرد و هەر گرفتێک هەبوو، راستەوخۆ لەوێوە چارەسەری بکەن.

ئەمەش دوای ئەوە دێت، دوو رۆژ بەر لە ئێستا، چاوگێک لە وەزارەتی دارایی عێراقەوە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، دوو هەفتە پێشتر داواى لیستى مووچەیان لە هەرێم کردووە، بەڵام هێشتا لیستەکەیان نەناردووە، بەبێ ئەوەى هیچ روونکردنەوەیەک لەسەر دواخستنى ناردنى لیستەکە بدەن.

پێشتر وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژەی بەوە کردبوو، ئەگەر هەرێم مانگانە لە وادەی خۆیدا لیستی مووچە بنێرێت، ئەوا حکومەتی عێراق لەگەڵ پارەدارکردنی وەزارەتەکانی خۆی پارەی مووچە بۆ هەرێم دەنێرێت و تاوەکو دەست بە دابەشکردنی مووچە بکرێت.













گەلەری