سەردێڕ:

کاسبکارانی مەیدانی ئاژەڵانی سلێمانی دژی دەستبەسەراگرتنی مەیدانەکە گردبوونەوە

AM:09:05:26/10/2024

1372 جار خوێندراوەتەوە

بەشێک لە کاسبکارانی مەیدانی ئاژەڵانی سلێمانی دژی دەستبەسەراگرتنی مەیدانەکە گردبوونەوە و باس لەو دەکەن رێگە نادەن بچنە نێو مەیدانەکە و ئاژەڵەکانیان لەنێو مەیدانەکەدا ماوەتەوە.


ئەمڕۆ شەممە، بەشێک لە کاسبکارانی مەیدانی ئاژەڵانی سلێمانی دژی دەستبەسەراگرتنی مەیدانەکە گردبوونەوە و ئاماژەیان بەوە کرد، زەوی مەیدانە دراوە بە کۆمپانیایەک و قەرەبوو نەکراونەتەوە.

ئەوەشیان خستە روو، ئاژەڵەکایان لەنێو مەیدانەکەدا بە برسێتی ماونەتەوە و کۆمپانیاکە بە خۆڵ شەقامی بەردەم مەیدانەکەی داخستووە و رێگریان لێ دەکەن ئیش بکەن.

دەشڵێن، بەبێ ئاگاداری ئەوان شەقامەکە داخراوە و کاتێک هاتوونەتە سەر کار بینیویانە ناتوانن بچنە نێو میدانەکە و بە زۆر دوکانەکانیان داگیردەکرێت و هیچ قەرەبوویەک نەکراونەتەوە و بەردەوام دەبن لە گردبوونەوە تاوەکو وەڵامی داواکارییەکانیان دەدرێتەوە.
ئاماژەیان بەوەش کرد، رەتی دەکەنەوە بڕۆنە مەیدانە نوێکە، چونکە نرخی دوکانەکانی زۆر گرانن و لە توانایاندا نییە، بەڵام حکومەتی کاربەڕێکەر دەستی خستووەتە بینەقاقای کاسبکاران و بەبێ قەرەبوو دەریان دەکات، ئەوان نایانەوێت مافی کەس بخۆن تەنها دەیانەوێت بەبێ بەرامبەر لە مەیدانە نوێیەکە قەرەبوو وەربگرن. 

 













گەلەری