PM:03:19:25/10/2024
1772 جار خوێندراوەتەوە
لەگەڵ جوڵاندنی پرسی کورد لە پەرلەمانی تورکیا و باسکردنی ئازادکردنى سەرکردەی زیندانیکراوی کورد لە دورگەی ئیمراڵی، هێرش بۆسەر تورکیا و وەڵامەکانی تورکیاش چڕتر بوونەوە. هاوکات، دەم پارتی و جەهەپە و کەجەکە پشتیوانی خۆیان بۆ پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا راگەیاند.
دوابەدوای ئەوەی دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا مەهەپە لەناو پەرلەمانی ولاتەکەی رایگەیاند، دەبێت پرسی کورد لە پەرلەمان چارەسەر بکرێت و بۆ ئەمەش دەبێت سەرکردەی زیندانیکراوی کورد لە ئیمراڵی بێتە پەرلەمان و چەکدانانى گەریلاکانی قەندیل رابگەیەنێت، هەریەکە لە دەم پارتی و سەلاحەدین دەمیرتاش و جەهەپە و دواتریش کەجەکە پشتیوانی و دەستپێشخەری خۆیان بۆ ئەو پرسە راگەیاند.
هەر لەوبارەیەوە، سەرکردە زیندانیکراوەکەی کورد لە ئیمراڵی دواى سەردانیکردن
و دیدار، بە عومەر ئۆجەلانی برازای راگەیاند، ئامادەیە داوا لە گەریلاکانى قەندیل
بکات چەک دابنێن بەمەرجێک گۆشەگیرییەکەی لەسەر هەڵبگیرێت و دەرفەتی پەیوەندیکردنی
بۆ بڕەخسێندرێت.
لەگەڵ هاتنە پێشەوەى ئەو دەرفەتەدا بۆ ئاشتى و چارەسەرى سیاسى پرسى
کورد لە تورکیا، رۆژی ٢٣ ی ئەم مانگە هێرشێکی چەکداری بۆسەر دامەزراوەی پیشەسازیی
فڕۆکەوانیی تورکیا ئەنجامدرا و تێیدا پێنج کەس کوژران و 22 کەسیش بریندار بوون،
دوای تێپەڕبوونی دوو رۆژیش بەسەر هێرشەکەدا، ناوندی پاراستنی گەل ناسراو بە نەپەگە
رایگەیاند، هێرشەکە لەلایەن ئەوانەوە ئەنجامدراوە و ماوەیەکی زۆر بووە پلانی بۆ
دانراوە و هیچ پەیوەندیی بە رووداوە سیاسییەکانی ئەم ماوەى تورکیاوە نیە.
هێرشەکە توڕەیی تورکیای بەدوای خۆیدا هێناوە، بەشێوەیەک کە درەنگانی
شەوی ٢٤ و ٢٥ـی ئەم مانگە سوپاى ئەو وڵاتە بە چڕی بۆردومانی چەندین ناوچەى لە
باشوور و رۆژئاوای کوردستان کرد و لەئەنجامدا ١٤ کەس گیانیان لەدەستدا و نزیکەی ٤٠
کەسی دیکەش بریندار بوون.