سەردێڕ:

داوای هاتنى سەرکردە زیندانیکراوەکەى کورد بۆ پەرلەمانى تورکیا کاردانەوەى دروستکردووە

PM:09:23:24/10/2024

2560 جار خوێندراوەتەوە

دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی نەتەوە پەرستی تورکیا لەناو پەرلەمانی وڵاتەکەیەوە داوای ئازادکردنی سەرکردەى زینداینکراوی کورد لە ئیمراڵی تورکیای کرد و داوایکرد بچێتە پەرلەمان و وتار پێشکەش بکات،سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووترى هەدەپە دەڵێت ئەگەر سەرکردەی زیندانیکراوەکە، دەستپێشخەری رێگە چارەی سیاسی بكات، بە هەموو هێزی خۆیانەوە پشتیوانی دەكەن.


وێڕای ئەوەی بەرپرسانی تورکیا جەختیان لەسەر ئەوە کردبووەوە لە هاوینی ٢٠٢٤ـدا کۆتایی بە گەریلاکانی قەندیل دەهێنن، کەچی ئێستا هەڵوێستی خۆیان بە گۆشەی ١٨٠ پلە گۆڕیوە و وتاری نەرم دەدەن و رێگە بە سەرۆکە زیاندانیکراوەکەی ئەو پارتە دەدەن لە پەرلەمانی تورکیا وتار پێشکەش بکات.

لە تورکیا سیاسەتمەدارەکان هەندێک وتار دەدەن، کە بەر لە ساڵێک ئەستەم بوو کەس بتوانێت بیدات، رەنگە هۆکارەکەشی ئەوە بێت تورکیا هەستی بەوەکردبێت کە ئاگری ململانێکان لە ناوچەکە هەر پێی دەگات، جا لە ئێستادا بێت لە داهاتوودا.

لەو چوارچێوەیدا دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی نەتەوە پەرستی تورکیا (مەهەپە) کە پێشتر رەتی دەکردەوە نەتەوەیەک بە ناوی کورد لە تورکیا یان دۆسیەیەک بەناوی کورد هەبێت و تەنانەت لە هەموو سیاستمەدارێکی دیکەی تورکیا زیاتر داوای لەسێدارەدانی سەرکردەى زیندانیکراوی گەریلاکانى قەندیلی دەکرد، ئێستا داوای ئازادکردنی دەکات و پێشنیازی کردووە بێتە پەرلەمانی تورکیا وتار پێشکەش بکات.

چاودێران دەڵێن، ئامانجی باخچەلی لەو وتەیەی کە مشتومڕی سیاسی زۆری لێکەوتووە و تورکەکانی تووشی شۆک کردووە، متمانەپێکردنی پەرلەمانتارە کوردەکانە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پارتەکەی قەندیل، ئەوەش لە بەرامبەر باشترکردنی دۆخی کوردەکانی تورکیا و ئەنجامدانی چاکسازیی دیموکراسی.

هاوکات بەرپرسێکی دیکەی تورکیا لە وتارێکدا باسی لەوە کردووە، هەر کوردێک لە تورکیا بە تەواوەتی هەست بە ئینتیمای خۆی بۆ دەوڵەتی تورکیا نەکات، ئەوا پێشنیاز بۆ سەرجەم کوردەکان دەکات خۆیان ببنە خاوەنی کۆماری تورکیا و با لەگەڵ کوردەکان پێکەوە ئەو کارە بکەن.

بەڵام لە بەرامبەردا فەرماندەیەکی باڵای گەریلاکانی قەندیل رایگەیاندووە، ئەگەرچی دژی پرۆسەی چارەسەری سیاسی نین بۆ پرسی کورد، بەڵام رێگەش بە سیاسەتی فریودان نادەن. وتیشی،ئەگەر هەوڵەکان لە چوارچێوەی ئازادی سەرۆکە زیندانیکراوەکان نەبێت هیچ کاریگەرییەکیان نابێت.

لای خۆشیەوەسەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووترى هەدەپە، کە لە زیندانەوە ئیدانەی هێرشەكەی سەرکۆمپانیاى پیشەسازیی فڕۆكەوانیلە ئەنقەرە کردووە دەڵێت، ئەگەر سەرۆکی زیندانیکراوی گەریلاکانی قەندیل دەستپێشخەری رێگەچارەی سیاسی بكات، ئەوا بە هەموو هێزی خۆیانەوە پشتیوانیی دەكەن.

لە لایەکی ترەوە عومەر ئۆجەلان، پەرلەمانتاری دەم پارتی و برازای سەرکردەی زیندانی کراوی کورد لە ئیمراڵی رایگەیاند، رۆژى چوارشەممە سەردانی کردووە و ماوەی دوو کاتژمێر گفتوگۆیان کردووە، وتیشی ئامادەیی نیشانداوەداوا لە گەریلاکانى قەندیل بکات چەک دابنێن بەمەرجێک گۆشەگیرییەکەی لەسەر هەڵبگیرێت و دەرفەتی پەیوەندیکردنی بۆ بڕەخسێندرێت.

چاودێرانی سیاسی پێیان وایە ئەو پلانەى ئێستا ئەردۆغان کاری لەسەردەکات، رەنگە کاریگەریی ئەرێنی لەسەر ئابوری تورکیا دروست بکات و رێگەش بە تورکیا بدات دەستوەردانی زیاتر لە سوریا و دواڕۆژی سیاسیدا بکات لەبەرانبەر ئەوەی حکومەتی ئەنقەرە دان بنێت بە هێزەکانی سوریای دیموکرات و بوونی سیستمێکی فیدراڵیی هاوشێوەی هەرێمی کوردستان لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا، هەروەها بوار بە ئەردۆغان دەدات لەڕێگەی هەموارکردنەوەی دەستورەوە لەبری جارێک دوو جاری دیکە خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا کاندید بکاتەوە.













گەلەری