سەردێڕ:

وەزارەتی ناوخۆی عێراق: بەهۆی پێشێلکردنی مەرجە ژینگەییەکان ٦٩ کارگەمان داخست

PM:06:35:22/10/2024

872 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، ٦٩ کارگەی پیشەسازییان داخستووە بەهۆی ئەوەی مەرجەکانی پاراستنی ژینگەیان پێشێل کردووە و مۆڵەتیان نەبووە.


ئەمڕۆ سێشەممە، میقداد میری وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاندووە، هەوڵەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ژینگە بەردەوامە بۆ راگرتنی ئەو چالاکییانەی کە مەرجەکانی پاراستنی ژینگەیان پێشێل کردووە.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە ١٥ـی ئەم مانگەوە تاوەکو ئەمڕۆ، بۆ دڵنیابوونەوە لە پابەندبوون بە مەرجە ژینگەییەکان سەردانی ٩٧ کارگەی پیشەسازییەکان کردووە و لێکۆڵینەوەیان ئەنجام داوە، لە ئەنجامدا ٦٩ کارگە داخراون بەهۆی ئەوەی مەرجەکانیان پێشیل کردووە.

باسی لەوەش کرد، هەڵمەتەکانی پۆلیسی ژینگە بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ کەمکردنەوەی پیسبوونی ژینگە بەردەوامە.

وتیشی، داوا لە خاوەن کارگە پیشەسازییەکان بەتایبەت کارگەکانی خشت دەکەن پابەندی مەرجە ژینگەییەکان بن، ئەوەش لەڕێگەی قەدەغەکردنی بەکارهێنانی نەوتی رەش لە کارگەکاندا و دانانی فلتەری دوکەڵ بۆ کەمکردنەوەی مەترسییە ژینگەییەکان.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە چەند رۆژی رابردوودا و لەچوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی پیسبوون و باشترکردنی ژینگەی عێراق، وەزیری ناوخۆی عێراق بڕیارێکی دەرکرد بۆ داخستنی ئەو کارگانەی کە مۆڵەتی ژینگەییان نییە.













گەلەری