سەردێڕ:

کەشناسیی عێراق: ترشەباران نابارێت

PM:04:10:22/10/2024

2172 جار خوێندراوەتەوە

دوای بڵاوبوونەوەی چەند دەنگۆیەک لەبارەی ئەگەری بارینی ترشەبارانەوە، کەشناسیی عێراق رایگەیاندووە، بارینی ترشەباران بە ئەگەرێکی دوور دەبینن و هیچ پێشبینییەک نییە بۆ بارینی ئەو جۆرە بارانە.


کەشناسیی عێراق رایگەیاندووە، هیچ پێشبینییەک نییە بۆ بارینی ترشەباران لە ماوەکانی داهاتوودا، لە بارێکدا ئەگەر بشبارێت ئەوا مەترسی راستەوخۆ لەسەر مرۆڤ دروست ناکات.

ئاماژەی بەوەش کردووە، ترشەباران تەنها چەند کاریگەرییەک لەسەر کشتوکاڵ و بەروبومە رووەکییەکان دروست دەکات، کە ئەوانەش نابنە مەترسی گەورە لەسەر مرۆڤ.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لەماوەی رابردوودا چەندین جار هۆشداری درا لەبارەی پیسبوونی ژینگە و ئاسمانی عێراق و بەتایبەتیش بەغدا بەهۆی پاشماوەی کارگەکانەوە. جگە لەوەی پیسبوونی ژینگە و ئاسمانی عێراق بووە هۆی تێکچوونی تەندروستی چەندین کەس، راستەوخۆ حکومەتی عێراق لیژنەی پێکهێنا بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکەی و ئەو کارگانەی هۆکاری ئەو پیسبوونە ژینگەییەن.

ئەگەر باران یان بەفر و تەرزە، رێژەی ترشەماددەکانی پیسبوونی هەوای زیاتر بێت، ئەوا بەو ناوە ناو دەبرێت.

گۆڕانی پێکهاتەی دابارینیش بەهۆی دوکەڵی کارگە و ئۆتۆمبێل و پاشماوەی چەندین سوتەمەنی دروست دەبێت کە دوانەئۆکسیدی گۆگرد و ئۆکسیدەکانی نایترۆجین دەکەنە بەرگەهەواوە، کە ئەوانەش لەگەڵ ئاوی ناو بەرگەهەوادا یەکدەگرن و ترشەکانی گۆگرد و نەیتریک دروستدەکەن.













گەلەری