بەگوێرەی رێنماییەکانی کۆمسیۆنی عێراق، ئەو کەسانەی پەنجەمۆریان لەلایەن ئامێرەکانەوە ناخوێنرێتەوە لەرێگەی دڵنیابوونەوە لە کارتی دەنگدەر و بەڵگەنامەیەکی دیکەوە دەتوانن دەنگ بدەن.
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق نووسراوێکی ئاڕاستەی بنکەکانی دەنگدانی هەرێم کردووە و تیایدا باس لەوەکراوە، دەنگدەران ئەگەر پەنجەمۆرەکەشیان لەلایەن ئامێرەکانەوە نەخوێنرایەوە، دەتوانن دەنگ بدەن و داوای ئەوە بکەن تێپەڕاندنیان بۆ بکرێت.
لە نووسراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، هەر دەنگدەرێک کە پەنجەمۆرەکەی
نایخوێنێتەوە و پێویستە لەبەرچاوی چاودێری لایەنە سیاسییەکان و چاودێرانی دیکەشدا
دڵنیایی لە کارتی دەنگدانەکەی و بەڵگەنامەیەکی دیکەشی بکرێتەوە.
ئەوەشی خستووەتە روو، دوای دڵنیابوونەوە بەڵگەنامەکانی دەنگدەر
لە دەفتەری دەنگدەراندا تۆمار دەکرێت، هەروەها حاڵەتەکانی دەنگدان بەشێوەی تێپەڕاندن
دەبێت لە دەفتەری بەڕێوەبەری وێستگەکەدا تۆماربکرێن و سەرجەم بەڵگەکانی دەنگدەرەکانی
پێوە بێت، دواتر لەلایەن چاودێرانەوە واژۆ بکرێت.
کۆمسیۆن باسی لەوەشکردووە، دەبێت ئەو هەنگاوانە لەگەڵ هەموو
دەنگدەرێکدا بگیرێتەبەر کە پەنجەمۆرەکەی نایخوێنێتەوە.
ئەوە جگە لەوەی بەپێی رێنماییەکان، لە دەنگدانی گشتی و
تایبەتیش بردنەژوورەوەی مۆبایل و وێنەگرتن لە بنکەکان قەدەغەیە.
ئەمڕۆ ٢٠ی ١٠، بە سەرپەرشتی کۆمسیۆنی عێراق و بە
چاودێریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی
کوردستان بەڕێوە دەچێت.