سەردێڕ:

شاسوار عەبدولواحید بۆ دەنگدەرانی هەرێم: سبەی دەسەڵات بگۆڕن و نەوەی نوێ هەڵبژێرن

PM:07:02:19/10/2024

4392 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، داوا لە هاوڵاتیان دەکەن بیر لە ژیانی منداڵەکانیان بکەنەوە و سبەی دەسەڵات بگۆڕن و بۆ ژیانێکی باشتر دەنگ بە نەوەی نوێ بدەن، چونکە پلانی باشترکردنی دۆخی هاوڵاتیانیان هەیە، بەڵام پارتی و یەکێتی هیچ پلانێکیان نییە.


ئەمڕۆ شەممە، شاسوار عەبدولواحید لە بەرنامەی تاوتوێی ئێن ئاڕ تیدا باسی لەوە کرد، "سوپاسی هێزە ئەمنییەکان دەکەم ئازایانەو بوێرانە دەنگیان بەنەوەی نوێ دا و رێژەی دەنگی پارتی و یەکێتی لە دەنگدانی تاییەت لە ٢٧ کورسییەوە بۆ حەوت کورسی کەمبووەتەوە ".

ئەوەشی خستە روو، پارتی و یەکێتی لە دەنگدانی تایبەتدا ٣٠٠ هەزار دەنگیان لەدەستچووە و سبەی یەکشەممە دواین هەلە پێویستە هەمووان بەشداری هەڵبژاردن بکەن و دەنگ بە نەوەی نوێ بدەن.

ئاماژەی بەوەش کرد، نەوەی نوێ چەند بەهێزبێت ئەوەندە رێگریی دەکەن لەگەندەڵی و ژیانی هاوڵاتیان باش دەکەنەوە . وتیشی، "ئاشکراکردنی دەنگ درۆیە و دەنگدانی هێزە ئەمنییەکان باشترین بەڵگەیە".

لەبارەی بانگەشەی هەڵبژاردنیشەوە، شاسوار عەبدولواحید ئەوەی خستە روو، لەم بانگەشەیەدا پارتی و یەکێتی هیچ بەرنامەیەکیان نەبوو بۆ باشتر کردنی ژیانی هاوڵاتیان.

ئاماژەی بەوەش کرد، نەوەی نوێ پلانی هەیە بۆ تەوتینی مووچە و لەسێ مانگدا دەیخەنە بواری جێبەجێکردنەوە. وتیشی، پارتی و یەکێتی بمێننەوە بارودۆخی هاوڵاتیان و بەتایبەتی گەنجان زۆر خراپتر دەبێت و چەندان ساڵە کێ دەستی پارتی و یەکێتی گرتبوو چاکسازی و خزمەتگوازی بکەن.

شاسوار عەبدولواحید داوای لە دەنگەدەرانی هەرێم کرد، سبەی یەکشەممە هەمووان بڕۆن بۆ دەنگدان و نەوەی نوێ هەڵبژێرن و ئەگەر نەوەی نوێ براوەی هەڵبژاردن بێت پۆستی سەرۆکی حکومەت بۆ ئەوان دەبێت.

لەبارەی ناکۆکییەکانی پارتی و یەکێتیشەوە ئاماژەی بەوە کرد، سەرۆکی هەرێم کە پارتییە لە سلێمانی بەهێزی یەکێتی پاسەوانی کراوە و سەرۆکی یەکێتی لە هەولێر هێزی پارتی پاسەوانی بووە و پارتی و یەکێتی رێککەوتبوون لە بانگەشە قسە بەیەکتری بڵێن جگە لە ناوهێنانی مەسعود بارزانی.

ئەوەشی خستە روو، پارتی و یەکێتی هەمیشە لەسەر پارە و پۆست شەڕیان بووە نەک خزمەتکردنی کادری خۆیان و هاوڵاتیان و لە سنوری سلێمانی و هەولێر پارتی و یەکێتی تەنها ترسیان لە نەوەی نوێ هەیە و بۆ هەڵبژاردنی سبەینێش، تەنها دڵیان بەوە خۆشە هاوڵاتیان بەشداری هەڵبژاردن نەکەن.

وتیشی، نەوەی نوێ لە هەرێم و بەغدا هەمیشە لە خەمی بەرژەوەندی گشتی و باشتر کردنی ژیانی هاوڵاتیاندا بوون، بەڵام پارتی و یەکێتی تەوتینی مووچە ناکەن و گەر بمێننەوە بە ساڵێک سێ مووچە نادەن.

باسی لەوەش کرد، زانیاریم هەیە پارتی و یەکێتی تەوینی مووچە ناکەن و داهاتی ناوخۆ و مەلەفی نەوت رادەستی بەغدا ناکەن، بەڵام نەوەی نوێ ئامادەیە لەگەڵ بەغدا رێکبکەوێت و کێشەی مووچە چارەسەر بکات و داوا لە هاوڵاتیان دەکەن دەنگ بدەن بە نەوەی نوێ و بۆ یەکجار تاقیان بکەنەوە.

شاسوار عەبدولواحید ئاماژەی بەوەش کرد، نەوەی لە پەرلەمانی بەغدا و هەرێم شەڕی بۆ قوتی خەڵک کردووە و لە عێراق و لە هەرێم وەرگرتنی پۆست و چوونە حکومەتیان رەتکردەوە و هاوڵاتیانی هەرێم هەلێکی لەمشێوەیان بە ئاسانی بۆ ناڕەخسێتەوە تا پارتی و یەکێتی لابدەن لە دەسەڵات.

وتیشی، "دەرچوانی دانەمەزراو و وانەبێژان و گرێبەستان بەڵێن بێت کێشەکانتان چارەسەر دەکەین و پێشینەی هاوسەرگیریی دەدەین بەگەنجان و یەکەی نیشتەجێبوونیان بۆ دروست دەکەین".

ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەگەر هەر سەرپێچییەکی نایاساییم هەیە با دەستگیرم بکەن و وەڵامی ئەو کەسانە نادەمەوە ناوبەناو بۆ دژایەتیمان بەکاریان دەهێنن و گەشبینم و دوای ٣٣ ساڵ حکومەتێک بەدەر لەیەکێتی و پارتی دروست دەکەین".

شاسوار عەبدولواحید داواشی لە هاوڵاتیان کرد سبەی بەشداری هەڵبژاردن بکەن و دەسەڵات بگۆڕن و دەنگ بدەن بەنەوەی نوێ پارتی و یەکێتی بەشەق لادەبرێن و ئەگەر دەنگ نەهێنن ئەمریکا و ئەوروپاو دادگای فیدڕاڵی لایان دەبات .

راشیگەیاند، لەهاوڵاتیان دەکەم بیر لەژیانی مناڵەکانتان بکەنەوە و دەسەڵات بگۆڕن و دەنگ بدەن بەنەوەی نوێ بەڵێن دەدات شانازی بەدەنگەکانیانەوە بکەن.














گەلەری