سەردێڕ:

چوارچێوەی هەماهەنگی: لەسەر دیاریکردنی کەسێک بۆ سەرۆکی پەرلەمان رێککەوتووین

AM:11:21:17/10/2024

912 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی چوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاند، لە دوایین کۆبوونەوەیاندا، لەسەر هەڵبژاردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان رێککەوتوون.


عەبدولڕەحمان جەزایری، ئەندامی چوارچێوەی هەماهەنگی بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاندووە، بەهێزترین کاندیدەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق مەحمود مەشهەدانی و سالم عیساوین و دەبێت کەسێکیان هەڵبژێردرێن.

ئاماژەی بەوەش کردووە، سوننەکان تا ئێستا نەیانتوانیوە کەسێک دیاری بکەن و لەسەر دانانی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی پەرلەمان رێک نەکەوتون.

ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی ١٤ـی ١١ـی ساڵی رابردوو، دادگای فیدراڵی عێراق، لەسەر سکاڵای لەیس دلێمی پەرلەمانتاری پەرلەمانی عێراق، کۆتایی بە ئەندامێتی محەمەد حەلبوسیی سەرۆکی پەرلەمان هێنا و لە پۆستەکەی دووری خستەوە، تا ئێستاش لایەنە سوننەکان لەسەر پڕکردنەوەی پۆستەکەی رێک نەکەوتوون.

حەلبوسی دوو دۆسیەی لە دژ کرابووەوە، یەکێکیان دۆسیەکەی پەرلەمانتار لەیس دلێمی بوو، کە بەهۆی ئەو دۆسیەیەوە دادگای فیدراڵی حەلبوسی لە پەرلەمان دوورخستەوە، بەوپێیەی حەلبوسی ئەو پەرلەمانتارەی ناچاركردووە پێشوەختە نوسراوی دەستلەكاركێشانەوەی بۆ بنوسێت، دادگای فیدراڵیش دەستلەکارکێشانەوەکەی دلێمی بە نایاسایی ناوبرد.

محەمەد حه‌لبوسی، سەرۆکی حزبی تەقەدوم لە ساڵی ٢٠١٨ـەوە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقی وەرگرت، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا کە لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢١ بەڕێوەچوو، توانی زۆرترین دەنگی نێو پێکهاتە سونییەکان بەدەستبهێنێت و وەک سەرۆکی پەرلەمانیش هەڵبژێردرایەوە.














گەلەری