بە بڕیارێکی دادگای فیدراڵی، کۆتایی بە ئەندامێتی محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هات، پێش دەرکردنیشی لە پەرلەمان، حەلبوسی رایگەیاندووە، لە ماوەی پێنج ساڵی سەرۆکایەتی پەرلەماندا، هەوڵی پێکەوەژیان و رێکخستنی پێکهاتەکانی عێراقی داوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، دادگای فیدراڵی عێراق، لەسەر سکاڵای لەیس دلێمی پەرلەمانتاری پەرلەمانی عێراق، کۆتایی بە ئەندامێتی محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان هێنا.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی
عێراقەوە بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی گەیشتوون، محەمەد حەلبووسی پێش جێهێشتنی پەرلەمان باسی لەوە
کردووە، لە ماوەی پێنج ساڵی سەرۆکایەتییەکەیدا وەک سەرۆکی پەرلەمان، هەوڵی داوە
کێشەی نێوان سەرجەم پێكهاتەکان، بە کورد و شیعە و سوننە و پێکهاتەکانی دیکەوە
چارەسەر بکات و گیانی پێکەوەژیان دووبارە لە سەرتاسەری عێراقدا زیندوو بکاتەوە.
حەلبوسی ئاماژەی بەوەش کردووە، ئامانجێکی دیکەی وەک سەرۆکی پەرلەمان، ئاوەدانکردنەوە
و گەیاندنی خزمەتگوزاری بووە بە سەرجەم ناوچەکانی عێراق، بەتایبەت ئەو ناوچانەی تا
ئێستا بە دەست نەبوونی خزمەتگوزارییەوە دەناڵێنن.
بڕیارەكەی دادگا لە رۆژی دەرچوونییەوە، واتا لەمڕۆوە دەچێتە بواری
جێبەجێکردنەوە، بەپێی بڕگەی سێیەمی بەندی ١٢ لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، بە هەرهۆیهك ئهگهر
پۆستی سهرۆكی پەرلەمان یان یهكێك له دوو جێگرهكهی بهتاڵ بوو، بهپێی پرنسیپی هاوسهنگی
سیاسی نێوان لیستهكان، پەرلەمان لەیەکەم
دانشتنیدا كهسێك وەک جێگرەوەی هەڵدەبژێرێت،
بەپێی زانیارییەکانیش، خالید عوبێدی پەرلەمانتار و وەزیری پێشووتری بەرگری عێراق
کاندیدی بەهێزە بۆ بوون بە سەرۆکی پەرلەمان.
هاوکات، حەلبوسی دوو دۆسیەی لەدژ کرابووەوە، یەکەمیان دۆسیەکەی پەرلەمانتار
لەیس دلێمی بوو، کە بەهۆی ئەم دۆسیەیەوە دادگای فیدراڵی حەلبوسی لە پەرلەمان
دوورخستەوە، بەوپێیەی حەلبوسی ئەو پەرلەمانتارەی ناچاركردووە پێشوەختە نوسراوی دەستلەكاركێشانەوەی
بۆ بنوسێت، دادگای فیدراڵیش دەستلەکارکێشانەوەکەی دلێمی بە نایاسایی ناوبردووە.
دۆسیەیەکی تر کە لە دژی حەلبوسی کرابووەوە، دۆسیەی پەرلەمانتار باسم
خەشانە، کە بە بەڵگە سەلماندوویەتی حەلبوسی لە گرێبەستکردن لەگەڵ کۆمپانیایەکی
بیانی تێوەگلاوە کە سەرۆکی کۆمپانیاکە سەرۆک وەزیرانی پێشووتری ئیسرائیلە.
محەمەد حهلبوسی، سەرۆکی حزبی تەقەدوم لە ساڵی ٢٠١٨ـەوە پۆستی سەرۆکی
پەرلەمانی عێراقی وەرگرت، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا کە لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢١
بەڕێوەچوو، توانی زۆرترین دەنگی نێو پێکهاتە سونییەکان بەدەستبهێنێت و وەک سەرۆکی
پەرلەمانیش هەڵبژێردرایەوە.