PM:04:28:02/10/2024
752 جار خوێندراوەتەوە
ساڵ ١٢ مانگ و چوار وەرزە؛ تەنها لەلای حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم نەبێت ساڵ و مانگ و رۆژ نەماوە و ئەو رۆژە سەرەتای مانگە کە لە بەرژەوەندی خۆیاندا بێت.
نۆ مانگی ئەمساڵ تێپەڕیوە و هاوڵاتیان و مووچەخۆران لە مانگی ١٠ـدان ، بەڵام تاوەکو ئێستا تەنها حەوت مووچەیان وەرگرتووە و حکومەتی کاربەڕێکەریش سەرەڕای بەردەستبوونی پارە، بەڵام مووچە دابەشناکات.
ئەمساڵ هەر لە مانگی ١ـەوە مووچە دواکەوت و مووچەی مانگی یەک لە مانگ
دوودا دابەشکرا.
مووچەی مانگی دوو'ش بەهەمان شێوە دواکەوت و لە کۆتاییەکانی مانگی سێ'دا
مووچەی مانگی دوو بەسەر مووچەخۆراندا دابەشکرا.
دوابەدوای ئەوەش لەژێر فشاردا؛ لە ٦ی مانگی چوار و دوای دواکەوتنی، دەستکرا
بە دابەشکردنی مووچەی مانگی سێ.
مووچەی مانگی چواریش لە مانگی پێنجدا و لە ١٥ی مانگەوە دەست بە دابەشکردنی
کرا.
هەرچی مووچەی مانگی پێنجە؛ لەناوەڕاستی مانگی شەشدا دەست بە دابەشکردنی
کرا.
دابەشکردنی مووچە هێشتا لەدوایە و حکومەتی کاربەڕێکەر مووچەی مانگی شەشی
لە مانگی حەوتدا دابەشکرد.
حکومەتی کاربەڕێکەر جارێکی دیکە و دوای دوو مانگ دواخستنی، مووچەی
مانگی حەوتی دوو مانگ دواخست و لە سەرەتای مانگی نۆ'دا مووچەی مانگی حەوتی دابەشکرد.
لە ئێستاشدا مووچەخۆران لە مانگی ١٠دان، بەڵام هیچ ئاسۆیەک بۆ دابەشکردنی
مووچەی مانگی هەشت روون نییە و حکومەتی کاربەڕێکەر خۆی لە دابەشکردنی مووچە بێدەنگ
کردووە.
بەهۆی ئەوەی لە ساڵی رابردووەوە حکومەتی کاربەڕێکەر لیستی مووچەی بە
دروستی نەناردووە بۆ بەغدا، حکومەتی عێراق باس لەوەدەکات، ناکرێت هەموو مانگێک
وردبینی بکرێت و هێشتا لیست هەر بە هەڵەوە بنێردرێت.
ئەمڕۆش تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق باسی لەوەکرد، ئەو لیستی مووچەیەی
حکومەتی کاربەڕێکەر بۆ عێراقی ناردووە، جارێکی دیکە کێشەی تێدایە و گرفتەکانی لیستەکەیان
چارەسەر نەکردووە.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە کۆبوونەوەی ١٠ رۆژ بەر لە ئێستای لیژنەی دارایی
عێراق و حکومەتی کاربەڕێکەردا، لیژنەکە بە روونی بە حکومەتی کاربەڕێکەریان وتبوو،
مەرجی سەرەکی ناردنی مووچە رادەستکردنی ٥٠٪ی داهاتی ناوخۆ و چارەسەرکردنی گرفتەکانی
لیستی مووچەیە.