بەردەوام لە میدیاکانەوە هاوڵاتییان دووبارە و چەندبارە گوێبیستی ئەوە دەبنەوە، کە یەختەکانی کۆچ بەرەو بەریتانیا و ئەوروپا و شەپۆلی دەریاکان چەندین خۆشەویست، هاوسەر، جگەرگۆشە و دایک و باوک لێکدەکەن؛ ئەمجارەش کوڕ و باوکێکی لە یەکدی و لە خێزانەکەشیان کرد.
کامەران محەمەد کاکەوڵا؛ هاوڵاتییەکی هەرێمە و لەگەڵ دیاری کوڕی کە تەمەنی ٢٠ ساڵ بووە و خوێدکار بووە بەهۆی خراپی دۆخی ژیان و گوزەرانیانەوە نزیکەی دوو مانگە لە هەرێم رێگەی هات و نەهاتی ئەوروپایان گرتە بەر.
ئەو باوک و کوڕە پێکەوە رێگەی سەختی دوور وڵاتیان گرتبووە بەر و ئازیزانیان لێرە جێهێشتبوو
بە هیوای ژیانێکی باشتر و گونجاوتر بۆ خۆیان و خێزانەکەیان، کامەران و دیاری کوڕی دەیانویست
بە گەیشتنیان بۆ بەریتانیا بگەن بە کەناری ئارامی و ژیانێکی ئاسوودە.
پێکەوە
رێگا سەخت و نەبڕاوەکانی دوور لە نیشتمانیان بڕی و بە سەرما و گەرما و برسێتی کامەران
و دیاری کوڕ گەیشتنە کۆتا سنووری کەنارە ئارامەکەیان، کەناڵی ئینگلیز لە کەناڵێكی
ئاوی نێوان فەرەنسا و بەریتانیایە و بە پەڕینەوەیان لەو کەناڵە دەگەیشتنە خاکی خەونەکانیان
ئەو خەونانەی نیشتمان لە سایەی دەسەڵاتدارەکانییەوە نەیتوانی بۆیان بهێنێتە دی.
هەڵگورد عومەری پەیامنێری ئێن ئاڕ تی باسی لەوەکرد، کامەران و
کوڕەکەی لە کۆتا وێستگەی گەشتەکەیان بوون، بەڵام قەدەر و شەپۆلەکانی کەناڵی
ئینگلیزی پلانێکی دیکەیان بۆ ئەو باوک و کوڕە هەبوو، بەلەمەکەیان کە زیاتر لە ٤٠
کۆچبەری تێدا بوو وەردەگەڕێت و هەشت کۆچبەریان کە یەکێکیان دیاریە گیان لەدەست
دەدەن.
کامەرانی
باوکی دیاریش بە وتەی براکەی بە بێهۆشی لە کەناری کەناڵەکە دەدۆزرێتەوە و لەگەڵ ٤٠
کۆچبەری دیکەدا رزگار دەکرێت و ئێستا لە فەرەنسایە و لەرێگەی رێکخراوێکەوە هاوکاری
کراوە.
سوتانی جەرگی سەدان دایک و باوک و لێکبوونی ئازیزان چیرۆکێکی لەبن نەهاتووی
دەیان ساڵەی هاوڵاتییانی هەرێمە، لە ساڵانی رابردوودا لەدەست رژێمی دیکتاتۆری بەعس
و لەم چەند ساڵەی دواییشدا لەدەست حوکمی یەکێتی و پارتی، رێگای قاچاغ دەگرنەبەر
بەبێ ئەوەی لە گەیشتنیان دڵنیا بن.
یەخت و چووپ و شەپۆلەکانی دەریا
"یەختەکانی کۆچ بەرەو ئەوروپا و شەپۆلەکانی دەریا خۆشەویستانیان
لێککرد" بە گوێی هاوڵاتییانی کورد نامۆ نییە، سێ مانگ لەمەوبەر ئێن ئاڕ تی چیرۆکی
دابڕانی محەمەد و ئەیامی گێڕایەوە، کە دوای ١٠ساڵ لە خۆشەویستی بەهۆی شەپۆلەکانی
دەریاوە ئەیام بۆ هەمیشە چاوەکانی لەیەک ناو و محەمەدیش لە بێ ئۆقرەییدا مایەوە.
سێ
ساڵ بەر لە ئێستا و بە هەمان مانشێت، دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی چیرۆکی دوو
هاوسەری دیکەی گێڕایەوە، کە دوای پێنج ساڵ لە چاوەڕوانی شەپۆلەکانی دەریا رێگەی
بەیەکگەیشتنیانی بەکۆتا هێنا و بێریڤانی لە سەرحەد کرد.
لە ٢٧ی ٧ی ساڵی ٢٠٢١دا، سەرحەد هەمزە ئەوکاتە بۆ ئێن ئاڕ تی باسی لەوەکرد،
"زۆر هەوڵمدا بە رێگای فەرمی بێریڤان بیبەم، بەڵام نەدەگونجا و کۆرۆنا رێگر
بوو."وتیشی، جگە لە هاوسەرەکەی، لە یەختەکەی بێریڤاندا برازایەکی
و ١١ ئەندامی بنەماڵەکەیانی تێدا بووە، بەڵام بەر لە گەیشتنیان یەختەکەیان لە
دوورگەی کریتی یۆناندا نوقومبوو.
هەر لە ٢٦ی ١١ی ٢٠٢١دا، چیرۆکی لەیەکبوونی دوودڵی دیکە دڵی چەندین کەسی
دیکەی هەژاند.باران
نوری، ئەو کچەی هاوشێوەی چەندین کچە کوردی دیکە؛ بۆ گەیشتن بە دەزگیرانەکەی ئەو
رێگایەی گرتبووەبەر، بەڵام بەر لە گەیشتنی لە نۆکەندی ئینگلیزی نێوان فەرەنسا و
بەریتانیادا بەلەمەکەیان ژێرئاو کەوت.
"گەندەڵی و خزمایەتیی و کێشەی ئابووری بوونەتە هۆکاری سەرەکی کۆچکردن
لە هەرێم"
لە ٢١ی ئەم مانگەدا،رۆژنامەی
"شرق الأوسط"ی عەرەبی لە راپۆرتێکیدا ئەوەی خستبووەڕوو، سەرباری ئەوەی
هەرێم دەوڵەمەندە بە سامانی نەوت، بەڵام بەدەست گەندەڵی و خزمایەتی و کێشەی
ئابوورییەوە دەناڵێنێت،ئەوانە بوونەتە هۆکاری سەرەکی کۆچکردنی
هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتانی ئەوروپا لەڕێگە مەترسیدارەکانەوە.
ئاماژەی بەوەشکردبوو، لە ساڵانی رابردوودا هەزاران هاوڵاتی هەرێمی کوردستان
بۆ گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپا پەنایان بۆ رێگا مەترسیدارەکانی وەک پەڕینەوە لە
دەریاکان، یاخود بەپێ رۆشتن بەناو دارستانەکانی بێلاڕوسیادا بردووە.
هەر لە کۆتاییەکانی ٢٠٢١دا، بە هەزاران کۆچبەر لە پیر و منداڵ و گەنج؛
روویان لە سنوورەکانی بێلاڕوسیا کرد و بە کۆمەڵ لەو سنوورەدا مانەوە بە مەبەستی
پەڕینەوەیان بۆ هۆڵەندا، کە چەندین جار لەگەڵ هێزەئەمنییەکانی بێلاڕوسیادا تووشی
پێکدادان بوون و چەندین رێکخراو هاوکاری بۆ گەیاندنە سەر سنوور.
لە ٩ی ١١ی هەمان ساڵدا،کۆمسیاری
باڵای پەنابەران لە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی
لەبارەی بەکارهێنانی توندوتیژی دژی کۆچبەرانی سەر سنووری بێلاڕوسیا و پۆڵەندا
هاتنە دەنگو ئاماژەیان بەوەکرد، نزیکەی چوار هەزار کۆچبەر کاتێک
ویستویانە لە بێلاڕوسیاوە بپەڕنەوە بۆ پۆڵهندا لەگەڵ هێزە ئەمنییەکاندا دووچاری
پێکدادان بوون و توندوتیژی دژی کۆچبەرەکان بەکارهێنراوە، بەو هۆیەشەوە لایەنە
پەیوەندیدارەکان پەیوەندییان بە حکومەتی بێلاڕوسیا و پۆڵهنداوە کردووە.
دۆخی هاوڵاتییان لە هەرێم
ئەوەش لەکاتێکدایە، خراپی دۆخی ئابووری- دواکەوتن و پێنەدانی مووچە و سستی
بازاڕ- نەبوونی هەلی کار و دامەزراندن- نەبوونی خزمەتگوزاری- ساڵانە دەرچوونی
هەزاران خوێندکار لە زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێم و دەستنەکەوتنی کار- لەگەڵ هاتنی
وەرزی زستان نەبوونی نەوت و سوتەمەنی و کارەبای نیشتیمانی- بە هاتنی گەرما و
هاوینیش کەمئاوی و بێکارەبایی- ماوەی ١٠ ساڵ قەیرانی دارایی و لێبڕین و پێنەدان و
دواخستنی مووچەی مووچەخۆران، ئەوانە بوونەتە هۆی سەختکردنی ژیانی هاوڵاتییان و
لێکترازانی چەندان خێزان، هەروەها بوونەتە هۆی دابەزینی رێژەی هاوسەرگیری و
زیادبوونی بێکاری و کرێچێتی.
خراپی دۆخی پەروەردە و خوێندن و خوێندنگەکان و ساڵانە بایکۆتی چەند مانگی-
نەبوونی دەرمان لە نەخۆشخانەکان و پەککەوتنی چەندین کەرتی گشتیی دیکە- دەیان و
سەدان گرفتی دیکەی مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ، وای لە بەشێکی هاوڵاتییان و گەنجان
کردووە بە مەبەستی دابینکردنی ژیانێکی گونجاوتر و دڵنیاتر بۆ خۆیان و ماڵ و
منداڵیان؛ جگەرگۆشەکانیان بەو رێگایەدا ببەن و بڕیاری قورسی کۆچکردن بدەن.
بەشێک لەوانەی بەهۆی ئەو دۆخەوە روویان لە وڵاتانی دیکە کردووە، باس
لەوەدەکەن، ئەوان نە جارێکی دیکە ئاسانە بۆیان بگەڕێنەوە لە کوردستان بژین، نە
دەتوانن لە دوورە وڵاتی و غەریبیدا ناخیان ئاسوودە بێت.
بەشێکی ئەو گەنجانەش باس لەوەدەکەن، ئەگەر لە خاکی دایک و وڵاتی خۆیاندا
تروسکاییەک ئومێد شکببەن، کێ حەز لە کۆچکردن دەکات؟
دەڵێن، ئەوان حەزیان بەو دوورییە نییە و دەرفەتیان هەبێت لە وڵاتی خۆیاندا
کاردەکەن و ئێواران بە ئاسوودەیی دەگەڕێنەوە ماڵەکانیان، لەسەر سفرەیەک و بە
خواردنەوەی چایەک و پاڵدانەوە بە سەرینێکی کوردییەوە ماندوویەتی رۆژیان دەردەکەن.
دیجیتاڵ میدیا ئێن ئاڕ تی لە زاری چەندین کۆچبەرەوە، کە لە ناچارییدا
روویان لە وڵاتان کردووە ئەوە باس دەکات، زۆرێک لەو کۆچبەرانە بۆنی ئاوڕشێنێکی
بەردەرگای ماڵە کۆنەکانی خۆیان ئاواتیانە.