سەردێڕ:

ستراتیژی بوژاندنەوەی نیشتمانی

PM:10:01:19/03/2026
524 جار خوێندراوەتەوە
فەرمان حسێن دەروێش
+ -

مێژوویەکی زیندوو لە ئازار و خۆڕاگری:

لە ٣٨ـەمین ساڵیادی جینۆسایدکردن و خاپوورکردنی شاری سەیدسادقدا، مێژوو تەنها یادەوەرییەکی تاڵ نییە کە لە ساڵڕۆژەکاندا بە خەمبارییەوە یادی بکرێتەوە، بەڵکو لاپەڕەیەکی کراوەیە لە داواکارییە یاسایی، ئەخلاقی و مرۆییەکان کە تائێستا لە لایەن ناوەندە بڕیاربەدەستەکانەوە وەڵامێکی شایستەیان نەدراوەتەوە، شاری سەیدسادق لە ساڵی ١٩٨٨دا تەنها شارێکی وێرانکراوی سەر نەخشە نەبوو، بەڵکو گەواهی زیندووی سیاسەتێکی سیستماتیکی ڕەگەزپەرستانەی ڕژێمی بەعس بوو بۆ سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی و تێکدانی دیمۆگرافیای ناوچەی ستراتیژیی شارەزوور، ئەم شارە وەک چەقێکی گرنگی نیشتمانی، قوربانییەکی یەکجار گەورەی داوە کە پێویستە لە هەموو کاتێک زیاتر بە دیدێکی قووڵەوە لێی بڕوانرێت.

١٩٨٨: مێژووی شارێک لە نێوان ئاگر و ئاوارەییدا:

تاوانی جینۆسایدی سەیدسادق بەشێکی دانەبڕاوە لەو زنجیرە تاوانە نێودەوڵەتییانەی دژ بە گەلی کورد ئەنجام دران، دوای تاوانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە لە ١٦ی ئازاری ١٩٨٨ دانیشتووانی شاری سەیدسادق کەوتنە بەردەم دوو بژاردەی یەکجار تاڵ: یان مانەوە لەژێر ئاگری چەکی کیمیایی و کۆمەڵکوژی، یان هەڵبژاردنی ڕێگەی نادیاری ئاوارەیی، لە ماوەی کەمتر لە ٢٤ کاتژمێردا، ئەم شارە پڕ لە ژیانە چۆڵکرا و خەڵکەکەی بە پەرشوبڵاوی ڕوویان لە شاری سلێمانی، شارۆچکەی عەربەت و ئۆردوگاکانی نەسر و باریکە کرد.

حکومەتی عێراق لە هەنگاوێکی توندوتیژانەدا، بۆ ترساندن و تۆقاندنی زیاتری خەڵک و بە ئامانجی لێدانی پێگەی جەماوەریی شۆڕشی نوێ بە سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دەستیکرد بە تەقاندنەوەی بنکە و دامەزراوەکانی خۆی لەناو شارەکەدا، ڕۆژانی ١٧ تا ٢١ی ئازاری ١٩٨٨، بوونە وەرچەرخانێکی کارەساتبار، سەیدسادق لە شارێکی ئاوەدانەوە گۆڕدرا بۆ ناوچەیەکی سەربازیی قەدەغەکراو، سوپای بەعس بەوەشەوە نەوەستا بەڵکو لە ڕقێکی مێژووییدا تەواوی (ماڵ، مزگەوت، قوتابخانە و فەرمانگەکان)ی تەقاندەوە، تاوانەکە گەیشتە ئاستێک کە تەواوی پاشماوە و خاشاکی شارەکەشیان بۆ دەرەوەی ناوچەکە گواستەوە تا هیچ سیمایەکی ژیان نەمێنێتەوە، ئەمەش وایکرد شارەکە بۆ ماوەی(٣) ساڵ ببێتە چۆڵەوانییەکی ڕەها و برینێکی ساڕێژنەکراو لە جەستەی شارەزووردا.

بەرپرسیارێتی سیاسی و ئاسۆی نوێی خزمەت:

لە کاتێکدا ٣٨ ساڵ بەسەر ئەو تاوانە گەورەیەدا تێدەپەڕێت، ناتوانین چاو لەو ڕاستییە تاڵە بپۆشین کە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی سەیدسادق هێشتا لە ئاستی قەبارەی ئەو قوربانییە گەورانەدا نییە، لێرەدا پێویستە بە ڕاشکاوی ئاماژە بە چەند ڕەهەندێکی گرنگ بکەین:

١ـ پێویستیی بەگەڕخستنی ستراتیژیی ئاوەدانکردنەوە: حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سێ دەیەی ڕابردوودا وەک پێویست نەیتوانیوە پڕۆژەیەکی نیشتمانیی گشتگیر بۆ بوژاندنەوەی سەرخان و ژێرخانی سەیدسادق پەیڕەو بکات، ئەو دۆخە خزمەتگوزارییەی ئێستا لە شارەکەدا دەبینرێت جۆرێکە لە کەمتەرخەمیی کارگێڕی بەرامبەر بە خەڵکێک کە هەموو دارایی و ژیانی خۆیان لەپێناو ئازادیی کوردستاندا فیدا کرد، پێویستە حکومەت لە جیاتی سستیی کارگێڕی، بە دیدێکی نوێوە ئاوڕ لە کەرتی تەندروستی، پەروەردە و ڕێگاوبانەکانی ئەم ناوچەیە بداتەوە، چونکە ئاوەدانکردنەوەی سەیدسادق تەنها ئەرکێکی خزمەتگوزاری نییە، بەڵکو ئەرکێکی نیشتمانی و ئەخلاقییە.

٢ـ بەرپرسیارێتی یەکێتی و ئاسۆیەکی نوێ بۆ خزمەت:

 وەک هێزی باڵادەستی ناوچەکە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی لە ئەستۆیە تا سەیدسادق بکاتە ئەولەویەتی ستراتیژیی خۆی، خۆشبەختانە، لە ئێستادا ئاراستەیەکی ئومێدبەخش بەدی دەکرێت؛ لە ڕێگەی بەڕێز هەڤاڵ (قوباد تاڵەبانی) و نووسینگەی تایبەتییانەوە، کار لەسەر ستراتیژێکی نوێ و پڕۆژەی فرە ڕەهەند دەکرێت بۆ قەرەبووکردنەوەی پاشەکشەی ڕابردوو. ئەم دیدە زانستی و سەردەمیانەی جێگری سەرۆکی حکومەت بۆ خزمەتکردنی شارەکە، ئەگەر بخرێتە بواری جێبەجێکردنی خێراوە، دەبێتە وەرچەرخانێکی مێژوویی لە بوژاندنەوەی متمانەی نێوان هاووڵاتیان و دەسەڵاتدا، خزمەتکردن تەنهاڕێگایەبۆئەوەی شوناسی ئاوەدانی بۆ ئەم شارە بگەڕێنێتەوە.

٣ـ کەمتەرخەمی لە ئاستی فیدراڵیدا: سەرەڕای ئەوەی کەیسی خاپوورکردن و ڕاگواستنی قەزای سەیدسادق لە چوارچێوەی تاوانەکانی (ئەنفال)دا وەک (جینۆساید) ناسێنراوە، بەڵام تائێستا لایەنە کوردییەکان لە بەغدا نەیانتوانیوە ئەم بڕیارە یاساییە بکەنە فشارێکی کرداری، حکومەتی فیدراڵیی عێراق وەک میراتگری یاسایی ڕژێمی پێشوو، پابەندە بە قەرەبووکردنەوەی ماددی و مەعنەویی دانیشتووانی ئەم ناوچەیە، کە مافێکی دەستووریی بێ ئەملاوئەولایە و پێویستی بە داکۆکیکاری جددی هەیە لە ناوەندی بڕیار لە بەغدا.

 

نەخشەڕێگایەک بۆ تێپەڕاندنی دۆخی ئێستا:

بۆ ئەوەی یادی جینۆسایدی سەیدسادق لە چوارچێوەی دروشمی ساڵانە و ووتاری عاتیفی دەربچێت و ببێتە هەنگاوێکی کرداری، پێویستە ئەم خاڵانە بکرێنە بنەمای کارکردن:

۱ـ ئەرکی ناوەندە فیدراڵییەکان: پێویستە سەرۆک کۆمار و فراکسیۆنە کوردستانییەکان، حکومەتی فیدراڵ ناچار بکەن بە دابینکردنی بودجەی تایبەت بۆ قەرەبووی زیانلێکەوتووان و ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانی وێرانکراوی شارەکە، قەرەبووکردنەوەی سەیدسادق تەنها شایستەی دارایی نییە، بەڵکو دانپێدانانە بەو ستەمە مێژووییەی لەم شارە کراوە.

۲ـ ناساندنی نێودەوڵەتی و ئەکادیمی: دەبێت قەبارەی تاوانەکە لە ڕاپۆرتە ئەکادیمی و نێودەوڵەتییەکاندا وەک بەشێکی گرنگی جینۆسایدی کورد بخرێتە ڕوو. توێژەران و ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە دەبێت کار بکەن بۆ ئەوەی جیهان بزانێت کە لە سەیدسادق چ تاوانێکی سیستماتیک ئەنجام دراوە، تاوەکو ڕێگری بکرێت لە دووبارەبوونەوەی کارەساتی هاوشێوە.

۳ـ ستراتیژی بوژاندنەوەی شارەزوور: سەیدسادق دڵ و دەروازەی ئابووریی دەشتی شارەزوورە، دروستکردنی ناوچەیەکی پیشەسازی و کشتوکاڵیی مۆدێرن لەم ناوچەیەدا، نەک تەنها خزمەت بە شارەکە دەکات، بەڵکو دەبێتە بزوێنەری ئابووریی هەموو پارێزگای سلێمانی وپارێزگای هەڵەبجە، حکومەتی هەرێم دەبێت وەبەرهێنان لەم ناوچەیەدا بکاتە خاڵی وەرچەرخان لە سیاسەتی ئاوەدانکردنەوەیدا.

 

کۆتایی: پەیامێک بۆ ویژدانی نیشتمانی

سەیدسادق تەنها شارێکی خاپوورکراو نییە، بەڵکو هێمای خۆڕاگری و زیندووبوونەوەیە، کاتی ئەوە هاتووە کە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵ، لە ئاستی بەرپرسیارێتییە یاسایی و مرۆییەکان بن، پشتگوێخستنی بەردەوامی ئەم شارە، برینەکان قووڵتر دەکاتەوە، بەڵام ئاوڕدانەوەی جددی ئومێد بۆ هەموو کوردستان دەگەڕێنێتەوە، شاری سەیدسادق شایەنی ئەوەیە ببێتە نموونەی ئاوەدانی و گوزەرانێکی شایستە بۆ نەوەکانی، چونکە ئەم شارە بە خوێن و ئارەقەی ڕۆڵەکانی، مێژوویەکی پڕ لە شکۆی بۆ کوردستان نووسیوەتەوە و هەرگیز لە یاد ناکرێت.

 


گەلەری