سەردێڕ:

تەندروستیی جیهانی لەبارەی کۆنتڕۆڵکردنی ئیفلیجی لە منداڵاندا سوپاسی عێراق دەکات

PM:05:11:10/09/2024

1408 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی تەندروستیی عێراق لە ماوەی حەوت مانگی رابردوودا هەوڵەکانی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئیفلیجی لە ناو منداڵاندا چڕترکردەوە، رێکخراوی تەندروستیی جیهانیش دەڵێت، عێراق سەرکەوتوو بووە لە کوتانی منداڵان و لە ئێستادا یەکەم وڵاتە لەناو ئەو وڵاتانەی ئیفلیجی تیایاندا زۆرە، توانیبێتی بەو جۆرە نەخۆشییەکە کۆنتڕۆڵ بکات.


رێکخراوی تەندروستیی جیهانی راپۆرتێکی لەبارەی هەوڵەکانی عێراق بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئیفلیجی منداڵان بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، عێراق لەماوەی ئەمساڵدا سەرکەوتوو بووە لە کۆنتڕۆڵکردنی ئەو نەخۆشییە لەناو منداڵاندا بەوەش لە ریزبەندی یەکەمی ئەو وڵاتانەدا دەبێت کە ئیفلیجی تیایاندا زۆرە.

ئاماژە بەوەش کراوە، هەوڵەکانی عێراق شایەنی ستایشن و بە هەنگاوێکی مێژوویی دادەندرێت، چونکە توانیویەتی لەماوەی مانگێکدا زیاتر لە ٥٠ هەزار منداڵ کۆبکاتەوە بۆ ئەوەی ڤایکسینی تایبەتیان پێبدات، ئەمە جگە لەو منداڵانەی کە لەلایەن خێزانەکانیانەوە هێنراون بۆ کوتان.

باس لەوەش کراوە، بەراورد بە ساڵی رابردوو ١١ هەزار و ٦٦٣ منداڵ تەندروستتر دەژین و ڤاکسینی تەواوەتیان بۆ بەکارهێنراوە، واتە لە ئێستادا عێراق دەتوانێت ساڵانە ژیانی ١١ هەزار و٦٦٤ منداڵ لە ئیفلیجبوونی کتوپڕ بپارێزێت و هەوڵەکانیشی بۆ ئەو مەبەستە چڕتر کردووەتەوە.

لەلایەکی دیکەشەوە ریاز حەلیفی بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستیی عێراق رایگەیاند، هەوڵەکانیان سەرکەوتوو بووە و بەردەوامیش دەبن، چونکە بە هەماهەنگی وڵاتانی جیهان و رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەتوانن لەماوەی ساڵانی داهاتوودا پرسی تەندروستی لە ناوچەکەدا بگۆڕن.

ئیفلیجی لە رێگەی ڤایرۆسەوە تووشی منداڵان دەبێت و هێرشدەکاتە سەر کۆئەندامی دەمار و بڵاوبوونەوەی خێرایە. ڤایرۆسەکە سارییە و بڵاوبوونەوەی لە رێگەی خواردن و خواردنەوەی پیس یان کەلوپەلی پیسەوە دەبێت.

ئەو تەمەنەی ئەگەری توشبوونی هەیە لە ٣ مانگی تا ١٦ ساڵییە و نیشانە سەرەتاییەكانی بریتین لە: سەرئێشە، تا، بێهێزی، رەقبوونی مل و ئازاری پەلەكان.

تاکە رێگایەک بۆ رووبەڕوبوونەوەی ئیفلیجی لە منداڵاندا کوتانی منداڵە لە کاتە دیاریکراوەکانی بۆی دانراوە لەلایەن ئەو بنکە تەندروستییانەی ناوی منداڵەکەی تێدا تۆمار دەکرێت.













گەلەری