سەردێڕ:

راوێژکارى سودانى بۆ ئێن ئاڕ تى: لەبری دۆلار دراوى چینى و ئیماراتى و هندى بەکاردەهێنین

PM:07:09:04/09/2024

1512 جار خوێندراوەتەوە

راوێژکارى دارایی سەرۆک وەزیرانى عێراق رایگەیاند، بانکى ناوەندى و وەزارەتى گەنجینەى ئەمریکا گەیشتوونە رێککەوتنێکى نوێ بۆ مامەڵەى عێراق بە دراوى چەند وڵاتێکەوە و رێگاى وردیش دەگیرێتەبەر بۆ مامەڵەى بانکەکانى عێراق لەگەڵ بانکەکانى جیهان.


ئەمڕۆ چوارشەممە، مەزهەر ساڵح راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، عێراق بەردەوام دەبێت لە بەکارهێنانى دراوى یوانى چینى و درهەمى ئیمارات و روپیەى هندى وەک بەدیلى دۆلار.

ئاماژەی بەوەش کرد، جگە لە یوانى چینى و درهەمى ئیمارات و روپیەى هندى ، عێراق یۆرۆ و پاوەنیش بە هەمان شێوە بۆ بازرگانى جیهانى بەکاردەهێنێت.

باسی لەوەش کرد، "لێکتێگەیشتنى نوێى عێراق و ئەمریکا رێگە بۆ بانکەکانى عێراق دەکاتەوە مامەڵەیەکى تازە و وردتر بکەن لەگەڵ دەرەوەدا".

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە چەند مانگی رابردوودا بانکی ناوەندی عێراق مامەڵەی بە یوانی چینی راگرت، دوای ئەوەی یەدەگی فیدراڵی ئەمریکا عێراقی تۆمەتبار کرد بە "هەڵئاوسانی حەواڵە"، واتە گواستنەوەی پارە لە بەرامبەر هاتنە ناوەوەى کاڵا و شمەک بە بەهایەکی کەمتر لە بەهای راستەقینەى خۆی.













گەلەری