بڕیارە هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەیەکی فراوان لە رێگای دروستکردنی ئەنجومەنی ئابووریی هەرێم و عێراق بەڕێوەبچێت و تیایدا باس لە سەرجەم پرسەکانی مووچە و بودجە و داهات و خەرجی بکرێت.
بەپێی ئەو زانیارییانەی ئێن ئاڕ تی لە چاوگێکی ئاگادارەوە دەستی کەوتووە، حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم سەرقاڵی ئامادەکاریی و دروستکردنی ئەنجومەنەکەن.
ئەنجومەنی ئابووریی هەرێم بڕیارە پێکبێت لە هەریەکە لە
سەرۆک وەزیران و جێگرەکەی و ستافی حکومەتی کاربەڕێکەر، وەزارەتی دارایی و ئابووری،
بازرگانی و پیشەسازی، پلاندانان، گواستنەوە و گەیاندن، کشتوکاڵ.
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانیشدا باس لە
ئامادەکارییەکان بۆ کۆبوونەوەکە دەکەن و ئامار و راپۆرتەکان ئامادە دەکرێن.
کۆبوونەوەکەی نێوان هەردوو ئەنجوومەنی ئابووریی هەرێم و عێراق تایبەت دەبێت بە کۆتاییهێنان بەو گرفتانەی بە هەڵپەسێراوی ماونەتەوە، وەک
پرسەکانی مووچە، بودجە، خەرجی، داهات، باج.
بڕیاریشە لەم هەفتەیەدا، شاندی هەرێم لەسەر پرسی بەبانکیکردنی
مووچە، لیستی مووچە، داهاتی ناوخۆ و چەند پرسێکی دیکە سەردانی بەغدا بکەنەوە.
لە سەردانی پێشتری شاندی هەرێم بۆ بەغدا، وەزارەتی دارایی
عێراق پێنج داواکاری و مەرجی بۆ ناردنی پارە بۆ هەرێم دانا و ماوەی هەفتەیەکیش کاتی
دا بە هەرێم بۆ وەڵامدانەوەی داواکارییەکانی، ئەو شاندەی هەرێمیش لەم هەفتەیەدا دەگەڕێنەوە
بەغدا و بڕیارە وەڵامی داواکارییەکانی بەغدا بدەنەوە.
داواکاری و مەرجی سەرەکی بەغدا لە هەرێم جێبەجێکردنی بەبانکیکردنی
مووچەی موچەخۆرانە لە بانکە فیدراڵیەکانی بەغدا.
مەرجێکی دیکەی بەغدا رادەستکردنی نیوەی داهاتی ناوخۆیە،
کە بەغدا داوای کردووە هەرێم هەموو مانگێک بڕی ١٦٠ بۆ ١٧٠ ملیار دینار بەبێ دواکەوتن
رادەست بکات.
مەرجێکی دیکەی بەغدا ئەوەیە، پوختەی راژەی سەرجەم فەرمانبەرانی
هەرێم رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق و بانکە فیدڕاڵیەکانی عێراق بکرێت، مەرجی
چوارەمیش بریتیە لەوەی کە هەرێم سەرجەم ئەو قەرزانەی لە بەغدای کردووە بیداتەوە کە
بڕەکەی نزیکەی ١٤ ترلیۆن دینارە.
کۆتا مەرجی بەغدا پەیوەستە بە لیستی مووچەوە، دەبێت حکومەتی
کاربەڕێکەری هەرێم، لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەکان و فەرمانبەرانی مەدەنی یەک بخات،
لیستێکی جێگیر ئامادە بکات، هەر ناوێک زیاد یان کەم بکات لە لیستەکەدا، دەبێت حکومەتی
عێراق و وەزارەتی دارایی لێ ئاگادار بکرێت.
هێرش قادر- هەولێر
هـ.ئـ