سەردێڕ:

باوکێکی داون نەخۆشی و ئازارەکانی لەبیرکرد تاوەکو کوڕەکەی کردە پزیشکی ددان

AM:09:13:31/08/2024

3968 جار خوێندراوەتەوە

پیاوێکی سووری کە نەخۆشی داونی هەیە، دۆخی نەخۆشییەکەی و ماندوبوونی کارکردن رێگری لێنەکرد بۆ پڕۆسەی هاوسەرگیری و دواجار منداڵەکەشی بووە پزیشک.


شەونخونی و کاری بەردەوامی رۆژانەی ئەو باوکە، خەونێکی گەورەی کرد بە ڕاستی و مەحاڵی بەچۆکدا هێنا. جاد عیسا، پیاوێکی سوورییە و توشبووی داونە، دوای ئەوەی پڕۆسەی هاوسەرگیری ئەنجامدا، لەگەڵ هاوسەرەکەیدا بوونە خاوەنی کوڕێک.

جاد و هاوسەرەکەی کوڕەکەیان ناو نا سادر، ئەوان هەر لە سەرەتاوە بڕیاریاندا رووبەڕووی سەرجەم کێشە و گرفتەکانی ژیان ببنەوە لەپێناو بەدیهێنانی خەونی کوڕەکەیان.

لەماوەی ٢٥ ساڵی رابردوودا؛ سەرچاوەی داهات و پەیداکردنی بژێوی ژیانی رۆژانەیان کارکردنی جاد بووە لە ئاشێکی گەنمدا کە پشتیوانییەکی باش بوو بۆ دابینکردنی پارەی خوێندنی کوڕە تاقانەکەی.

لە کۆتاییدا ئەو خێزانە بچووکە توانیان بەرهەمی ماندوبوونیان بچننەوە و دوای ٢٥ ساڵ سادری کوڕییان کۆلێژی پزیشکی ددانی تەواو کرد، کە پیشەی پزیشکی یەکێکە لەو پیشانەی ئەرک و بەرپرسیارێتی تەندروستی مرۆڤەکان دەکەوێتە سەر شانی پزیشک و ماندووبوون و هەستکردن بەو بەرپرسیارێتییەی دەوێت.

سادر لەبارەی هەوڵ و ماندوبوون و پشوودرێژی خێزانەکەیەوە دەڵێت، هەر لە منداڵییەوە سۆز و خۆشەویستییەکی وایان پێداوە، کە بووەتە تەواوکەری کارەکانی ژیانی.

دەشڵێت، ئەگەر ئەوان نەبووایە، ئەو هەرگیز نەدەبوو بەو کوڕەی کە هەیە و ژیانی بەو شێوە جوانە نەدەبینی.

سادر لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەی وت، باوکم وادەزانێت ئەوە تەنها خۆیەتی کە شانازی بە منەوە دەکات، بەڵام نازانێت کە ئەو سەد جار زیاتر شانازی بە باوکییەوە دەکات!













گەلەری