سەردێڕ:

توێژینەوەیەک: چاندن و گەورەکردنی رووەک دڵ بەهێز دەکات

PM:02:17:28/08/2024

3136 جار خوێندراوەتەوە

گومان لەوەدا نییە رێژەی سەوزایی تاوەکو چ ئاستێک کار لە دڵ و دەروون دەکات و سوود بە تەندروستی جەستەش دەگەیەنێت، توێژینەوەیەکی نوێش ئەوەی دەرخستووە، چاندن و گەورەکردنی رووەک و ژیانکردن لەو ناوچانەی سەوزاییان زۆرە، هەوکردنی خوێن ناهێڵن و تەندروستی دڵ باشتر دەکەن.


پڕۆسەی رواندن و ئاودان و چاودێریکردنی رووەک بەشێوەیەکی بەرچاو کاریگەریی لەسەر دەروونی مرۆڤەکان جێدەهێڵێت و ئارامییان پێدەبەخشێت، جگە لەوەی خەمڕەوێنە و کاریگەریی ئەرێنی لەسەر دەروون دروست دەکات، توێژینەوەیەکی پەیمانگەی کریستینا لی براون بۆ ژینگە پەیوەندی نێوان کەمبوونەوەی هەوکردنی خوێن و ئەو پڕۆسەیە ئاشکرا دەکات.

پەیمانگەکە لە ساڵی ٢٠١٨ـدا پڕۆژەیەکی تایبەت بەو پرسە راگەیاند و بە هاوبەشی لەگەڵ رێکخراوی پاراستنی سروشت و زانکۆی واشنتن لە سانت لویس و تاقیگەی دیزاینی Hyphae ، توێژینەوەیەکیان ئەنجامدا و تیایدا چەند گەڕەکێکیان لە باشووری لویزفیلی ویلایەتی کەنتاکی ئەمریکا بەنموونە وەرگرت و پشکنینی گشتییان بۆ دانیشتووانەکەی ئەنجامدا.

دواتر هەر لە رێگەی دانیشتووانی گەڕەکەکەوە زیاتر لە هەشت هەزار نەمام و درەختی گەورەیان لە گەڕەکەکەدا چاند و پەروەردەیان کردن و لە چەند گەڕەکێکی دیکەش رێژەی سەوزاییان زیاد نەکرد، بۆئەوەی جیاوازی نێوان ئەو دوو گرووپە بزانن.

لە سەرەتای توێژینەوەکەدا توێژەران نموونەیان لە هەریەکە لە خوێن و قژ و نینۆک و میزی ٧٤٥ کەس لە دانیشتووانی گەڕەکەکە وەرگرت و پشکنینیان بۆ کردن، جگە لەوەش پێوانەیەکی وردیان بۆ ئاستی پیسبوونی هەوای ناوچەکە ئەنجامدا.

لەدوای جێبەجێکردنی پلانی چاندنی زیاتر لە هەشت هەزار نەمام و داری گەورە لەلایەن دانیشتووانی گەڕەکەکانەوە، پشکنینیان بۆ ئەنجامدرایەوە و لە توێژینەوەکەدا دانیشتووانی ئەو گەڕەکانە بە چارەسەرکراو ناو براون، واتە سەوزاییەکە بووەتە هۆی چارەسەر یاخود کەمبوونەوەی چەندین نەخۆشی لەناویاندا بەراورد بەو گەڕەکانەی هیچ دارێکیان تێدا نەچێنراوە.

لەدوای پشکنینەکانەوە دەرکەوتووە، دانیشتووانی ئەو گەڕەکانەی سەوزاییان تێدا زیادکراوە، بە رێژەی ١٣-٢٠٪ هەوکردنی خوێنیان کەمبووەتەوە و کە لە پشکنینە زانستییەکاندا بە hsCRP ناوی دەبرێت واتە پڕۆتینی کارلێکی سی هەستیاری بەرز.

هەبوونی هەوکردنی بەردەوامی خوێن کە لە رێگەی ئەو پشکنینەوە دەردەکەوێت، مەترسییەکانی توشبوون بە نەخۆشی دڵ و خوێنبەرەکان و جەڵتەی دڵ و بەرزی رێژەی کۆرسترۆڵ زیاد دەکات.

جگە لەوەی کاریگەری دەبێت لەسەر توشبووانی نەخۆشی شەکرە و هەندێک جۆری شێرپەنجە.

ئارۆنی بیهاتناجار بەڕێوەبەری پەیمانگەی ئینفیرۆم و پزیشک لە زانکۆی لویزفیل باسی لەوەکردووە، "لەم توێژینەوەیەدا ئەوەمان بۆ دەرکەوتووە، دارەکان و سەوزایی بەراورد بە جوانی و سێبەرەکەیان، زیاتر کار لەسەر تەندروستی و ژیانمان دروست دەکەن".

دەشڵێت، "سەوزایی دەتوانێت تەندروستی ئەو کەسانە باشتر بکات کە لە ناویدا دەژین، ئەوەش هانمان دەدات بۆئەوەی زیاتر گرنگی بە سەوزایی بدەین و سەوزایی زیاتر بچێنین".
هـ.ئـ













گەلەری