سەردێڕ:

بە زیاتر لە ٣٠٠ مووشەک هێرشکرایە سەر ئیسرائیل

AM:08:51:25/08/2024

3604 جار خوێندراوەتەوە

حزبوڵای لوبنان رایگەیاند، لەڕێگەی زیاتر لە ٣٠٠ مووشەکەوە هێرشێکی بەرفراوانیان کردووەتە سەر ئیسرائیل، ئەوەش لە وەڵامی کوژرانی سەرکردەیەکی سەربازی گروپەکەیان کە لە هێرشێکی ئیسرائیل لە باشووری بەیروت کوژرا. هاوکات بەهۆی هێرشەکانەوە بۆ ماوەی ٤٨ کاتژمێر باری لەناکاو لە ئیسرائیل راگەیەنرا.


ئەمڕۆ یەکشەممە، حزبوڵای لوبنان لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێرشێکی بەرفراوانیان لەڕێگەی زیاتر لە ٣٠٠ مووشەکەوە بۆ سەر پێگە سەربازییەکانی باکووری ئیسرائیل ئەنجام داوە.

باسی لەوەش کرد، قۆناغی یەکەمی هێرشەکەیان بە سەرکەوتوویی کۆتایی هاتووە کە تێیدا ١١ بنکە و سەربازگەی ئیسرائیلیان کردووەتە ئامانج و زیانیان بەرکەوتووە.

ئەوەشی خستە روو، هێرشەکە بۆ تۆڵەکردنەوەی کوژرانی فوئاد شکور سەرکردەی سەربازی گروپەکەیان بووە کە لە مانگی رابردوودا لە ئەنجامی هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری بەیروت کوژرا.

لەبەرامبەردا، ئیسرائیل رایگەیاند، زانیارییان لەسەر هێرشەکەی حزبوڵڵا هەبووە و دەستپێشخەریان کردووە، بەرپەرچی هێرشەکانیان داوەتەوە و چەند ئامانجێکیان لە لوبنان بۆردوومان کردووە، هاوکات بەهۆی هێرشەکانی حزبوڵای لوبنانیشەوە بۆ ماوەی ٤٨ کاتژمێر باری لەناکاویان لە وڵاتەکەیان راگەیاندووە.

لەلایەکی دیکەوە، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی حکومەتەکەی کرد، دانیاڵ هاگاری وتەبێژی سوپای ئیسرائیلیش جەختی لەوە کردەوە، هەموو ئەو شوێنانەی لوبنان دەکەنە ئامانج کە مەترسی بۆ سەر وڵاتەکەیان دروست دەکات.













گەلەری