دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ رایگەیاند، ئیدانەی هێرشکردنە سەر تیمی رۆژنامەوانیی ئێن ئاڕ تی دەکەن، کە دوێنێ هەینی، لەکاتی رووماڵکردنی داواکاریی هاوڵاتیان لە سنووری شاری هەولێر، هێرشیان کرایە سەر و دەست بەسەر کەلوپەلە رۆژنامەنووسییەکانیاندا گیرا.
ئەمڕۆ شەممە، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، لەبارەی هێرشکردنە سەر تیمی رۆژنامەوانیی ئێن ئاڕ تی لەلایەن هێزێکی پارتییەوە لەکاتی رووماڵکردنی گردبوونەوەیەکی هاوڵاتیانی هەولێردا، راگەیەنراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا هاتووە، "نیگەرانین لە بەردەوامی و دووبارەبوونەوەی ئەو حاڵەتانە".
ئاماژە بەوەش کراوە، تیمەکەی ئێن ئاڕ تی بۆ رووماڵکردنی داواکاریی هاوڵاتیان
چوونەتە شوێنی گردبوونەوەکە، بەڵام، هێرش کراوەتە سەر تیمەکە، ئازار دراون، لە پەیامنێری
ئێن ئاڕ تی دراوە، کامێراکە شکێندراوە و دەست بەسەر مۆبایل و ئامێرەکانی تیمەکەشدا
گیراوە.
ئەوەش خراوەتە روو، "ئێمه ئیدانەی ئەو هێرش و پێشێلکارییە دەکەین بۆ سەر
تیمی ئێن ئاڕ تی و داوا لە دەزگا ئەمنییەکانی سنوورەکە دەکەین تۆمەتباران بدۆزنەوە
و رادەستی دادگایان بکەن و کەلوپەلە دەستبەسەرکراوەکانیش بگەڕێنرێنەوە بۆ کەناڵەکە".
ئەوەش لەکاتێکدایە، دوێنێ هەینی، لەکاتی رووماڵکردنی گردبوونەوەی بەشێک لە هاوڵاتیانی گوندی مەلا عومەر لە خەبات
دژی خراپی رێگاوبان، هێزێکی پارتی بە جلی مەدەنییەوە هێرشی کردە سەر تیمی ئێن ئاڕ
تی و کەلوپەلە رۆژنامەوانییەکانی تیمەکەیان شکاند و مۆبایلەکانیان لێسەندن.