سەردێڕ:

نیشانەکانی توشبوون بە ئاوڵەی مەیموون؛ خۆپارێزی و چارەسەرەکانی چین؟

AM:10:43:17/08/2024

15220 جار خوێندراوەتەوە

ئاوڵەی مەیموون، ئەو نەخۆشییەی تەندروستی جیهانی بە پەتایەکی جیهانی ناساندی، لە ئێستادا بە زیاتر لە ١٠٠ وڵاتی جیهاندا بڵاو بووەتەوە. ئەو پەتا ڤایرۆسییە نیشانە سەرەتاییەکانی هاوشێوەی پەتان و بەشێوەیەکی گشتی نەخۆشەکان بەبێ وەرگرتنی چارەسەر چاکدەبنەوە.


پەتای ئاوڵەی مەیموون (بە ئینگلیزی: Monkeypox)، نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە بەهۆی Monkeypox Virus کە جۆرێکی ڤایرۆسە لە ڕەگەزی Orthopoxvirus لە خێزانی Poxviridae بڵاودەبێتەوە.

ئاوڵەی مەیموون وەک پزیشکان باسی دەکەن بە رێژەیەکی زیاتر تووشی گەنج دەبێت، هەروەها ئەو کەسانەی بەرگری جەستەیان کەمە، بۆیە گرنگە ئەوانەی بەرگری جەستەیان بە هۆکارێکی دیاریکراو کەمە خۆیان بپارێزن، ئەوانەشی گرفتی کەمی ڤیتامین و کانزاکانی لەشیان هەیە، چارەسەری پێویست وەربگرن بۆ بەهێزکردنی بەرگری جەستەیان.

نیشانەکانی ئاوڵەی مەیموون بەشێوەیەکی گشتی لە نیشانەکانی پەتای وەرزی دەچن، لە نیشانە دیارەکانیشی بریتین لە:

١.بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی جەستە و هەندێک جار لەرز و تا پێکەوە.

٢.ئازاری ماسولکەکان.

٣.سەرئێشە کە هەندێک جار رەنگە سەرئێشەی توند بێت.

٤.گەورەبوون و ئاوسانی لیمفەگرێکان.

٥.دروستبوونی ئاوڵە لەسەر پێستی دەست و قاچ.

٦.شەکەتی و بێهێزی.

٧.ئازاری پشت.

٨.هەندێک جار لوتگیران.

٩.ئارەقکردنەوە.

نیشانەکانی ئاوڵەی مەیموون بە گشتی لەنێوان ٥ رۆژ بۆ چوار هەفتەدان، زۆرینەی توشبووان تاوەکو رۆژی ١٣یەم چاکدەبنەوە.

چارەسەرەکانی پەتاکە

وەک پزیشکان باسی لێوەدەکەن، توشبووانی ئاوڵەی مەیموون بەشێوەیەکی گشتی بەبێ وەرگرتنی چارەسەر چاکدەبنەوە، تاکە چارەسەر کە وەریدەگرن ئازارشکێنە، ئەو نەخۆشانەشی نیشانەکانیان توندە، پێویستیان بە پێدانی دژە ڤایرۆس دەبێت.

لەکاتی توشبوون بە ئاوڵەی مەیمووندا نەخۆش پێویستە پشوو بدات و خۆی ماندوو نەکات.

بەدەر لەوانەش، باشترین رێگا خۆپارێزییە.

چۆن خۆت لە پەتاکە دەپارێزیت؟

١.دوور بکەوەرەوە لە مەیموون، هەروەها ئەو ئاژەڵانەی گومانی توشبوونیان لێدەکرێت یاخود لە دەرەوەی ماڵن و سەرچاوری خۆراکیان دیار نییە.

٢.زوو زوو دەستەکانت بشۆ.

٣.گۆشت باش بکوڵێنە.

٤.نزیک مەبنەوە لە مار و مشک و جرج و سەگی بێلانە، بەپێی توێژینەوەکان ئەو ئاژەڵ و خشۆک و قرتێنەرانە گومانی توشبوون یان هەڵگرتنی ڤایرۆسەکەیان لێدەکرێت و دەتوانن بیگوازنەوە بۆ مرۆڤ.

٥.ئەگەر گومان هەبوو کەسێک توشبووی ڤایرۆسەکە بێت، خۆتی لێبپارێزە و نزیک ئەو کەسە مەبەرەوە، باشترین رێگاش ئەوەیە ئەو کەسەی گومانی لێدەکرێت نیشانەکانی توشبوونی هەبێت، سەردانی پزیشک بکات.

٦.ئەگەر گومانت هەبوو کەسێک توشبووی ڤایرۆسەکەیە، ئەو کەلوپەلانە بەکارمەهێنە کە ئەو بەکاری هێناون.

ئاوڵەی مەیموون چۆن بڵاودەبێتەوە؟

ئەوەی جێگای خۆشحاڵییە ئەوەیە ئاوڵەی مەیموون لەرێگای هەواوە بڵاونابێتەوە، بەڵکو لەرێگای بەرکەوتنەوە بڵاودەبێتەوە.

١.دەردراوی جەستەی توشبوو- ئەگەر توشبوو مرۆڤ بێت یان هەر گیانلەبەرێکی دیکە. نابێت ئەگەر دەردراوێکی جەستەی توشبوو بەر رووکارێک یان شتێکی دیکە کەوتبێت، دەستی لێبدرێت.

٢.کەلوپەلی توشبووان دەکرێت ببنە هۆکارێک بۆ گواستنەوەی پەتاکە.

٣.پەیوەندی جەستەیی.

٤.بەرکەوتنی راستەوخۆ بە هەناسەی توشبووان.

٥.نەخۆشییەکە لە بنەڕەتدا توشی چەند ئاژەڵ و خشۆک و قرتێنەرێک وەک سمۆرە و مشک و هامستەر و مەیموون دەبێت و لەرێگایەوە دەگوازرێتەوە بۆ ئاژەڵەکانی دیکە و مرۆڤ.

ڤایرۆسی ئاوڵەی مەیمون لەساڵی ١٩٥٨ لەپەیمانگای حكومی لە كۆبنهاگن لە دانیمارك ئاشكراكرا لەكاتی لێكۆڵینەوە لەنەخۆشیەكی هاوشیوەی سورێژە لەنێوان مەیمونەكان و لەوكاتەوە تائێستا چەندین حاڵەتی ئاوڵەی مەیمون لەناوچە دوورەدەستەكانی نزیك دارستانە كەمەرەییەكان لە رۆژئاوای ئەفریقا تۆماركراوە.

ڤایرۆسەکە بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٧٠ و لە وڵاتی کۆنگۆی دیموکرات لە خۆرئاوای ئەفریقا لە ناو مرۆڤدا تۆمار کرا. لەساڵی ٢٠٠٣شدا چەندین حاڵەتی ئەو نەخۆشیە لە ئەمریكا تۆماركرا و ئەوەش یەكەمجار بوو ئەو نەخۆشیە لەدەرەوەی ئەفریقا تۆماربكرێت و تووشبووەكان سەگی كێویان هەبوو.

هەرچەندە لە ساڵی ١٩٨٠وە نەخۆشییەکە لە ئەفریقا بنەبڕ کرابوو، بەڵام توشبوو بە رێژەیەکی کەم هەر هەبوو و لە ساڵی ٢٠٢٢ بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو لە وڵاتانی دیکەی ئەفریقا و ئەوروپا و ئەمریکا بڵاوبووەوە و لەم ساڵیشدا بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە گەیشتە لوتکە.
رێژەی گیانلەدەستدان بە ئاوڵەی مەیموون لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەدا ١١٪ بوو، بەڵام لەئێستادا رێژەکە کەمتر بووەتەوە بۆ ٣٪ تاوەکو ٦٪.

هـ.ئـ

چەند جۆرێکی جیاوازی دەرکەوتنی پەڵە لەسەر پێست لەکاتی توشبووندا
Number of monkeypox cases in Minnesota rises to 19 - Bring Me The News

 













گەلەری