سەرۆکی سەندیکای دەرمانسازانی عێراق رایگەیاند، دەرچوانی بەشە پزیشکییەکان لەسەر میلاکی وەزارەتی تەندروستی دادەمەزرێنرێن کە لە ئێستادا ژمارەیان ٥٩ هەزار کەسە.
حەیدەر فوئاد سەرۆکی سەندیکای دەرمانسازانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، لە ماوەی رابردوودا، چەند نووسراوێکیان ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کرد بە مەبەستی دامەزراندنی دەرچوانی بەشە پزیشکییەکان.
ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئێستادا ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق نووسراوێکی ئاڕاستەی
وەزارەتی تەندروستی عێراق کردووەتەوە بە مەبەستی دامەزراندنی ئەو توێژە.
ئەوەشی خستە روو، لە ئێستادا ٥٩ هەزار دەرچووی بەشە پزیشکییەکان لە عێراقدا
هەن و بەپێی یاسای دەرچوونی پزیشکی ژمارە ٦ـی ساڵی ٢٠٠٠، دامەزراندنیان لەسەر میلاکی وەزارەتی تەندروستی دەبێت.
باسی لەوەش کرد، هەموو ئەوانەی لە کەرتیی تەندروستی و پزیشکی و پەرستاریدان
بەتایبەت دەرچوانی بەشەکانی: پزیشکی ددان، دەرمانساز، شیکاری نەخۆشی و یاریدەدەری
دەرمانساز، یاسای دەرچوونی پزیشکی ژمارە ٦ـی ساڵی ٢٠٠٠ دەیانگرێتەوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، نزیکەی ١٠ ساڵە لە هەرێم بە هەموو جۆرێک دامەزراندن راگیراوە
و چەندان جار دەرچوانی زانکۆ و یەکەمەکان بە سەرجەم بەشەکانەوە هاتوونەتە سەر شەقام
بۆ داواکردنی مافی خۆیان بەڵام حکومەتی کاربەڕێکەر و دەسەڵاتدارانی هەرێم جگە لە وەڵامێکی
سارد و بەڵێنێکی بێ ئەنجام، هیچ شتێکی دیکەیان بۆ دەرچوانی دانەمەزراو پێ نییە.