سەردێڕ:

جارێکی دیکە؛ ئاگر لە چیای گۆیژە کەوتەوە

PM:10:03:01/08/2024

5528 جار خوێندراوەتەوە

بەرگری شارستانی سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئاگرێکی گەورە لە چیای گۆیژە کەوتەوە و دوای گەیشتنی تیمەکانیان بۆ شوێنەکە توانیان لە ماوەی کەمتر لە کاتژمێرێک ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن.


بەرگری شارستانی سلێمانی باسی لەوەش کرد، لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە پێک دەهێنن.

ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی ئاگرەکەوە بەشێک لە پووش و پاوان و ژمارەیەک دار و درەختی چیاکە سووتاون، ئاگرەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، بەرەبەیانی ٢٩ـی مانگی رابردوو، ئاگر لە شاخی گۆیژە کەوتەوە و بەهۆیەوە زیانێکی زۆر بەر سروشتی شاخەکە کەوت. بە وتەی لێپرسراوی پڕۆژەی دارستانی گۆیژەش، بەهۆی ئاگرەکەوە لە رووبەری ٤٠٠ دۆنمدا، ٣٤ هەزار نەمام کە تەمەنیان کەمتر بووە لە دوو ساڵ سووتاون.

ئەوەش دووەم ئاگر بوو لەمساڵدا کە لەماوەی دوو مانگدا لە گۆیژە بکەوێتەوە و سروشتەکەی تێک بدات، لە کۆتایی مانگی ئایاریشدا بەهەمان شێوە ئاگر لە شاخی گۆیژە کەوتەوە.

ئاگرەکەی مانگی ئایار بە جۆرێک بوو، نەتوانرا بە ئاسانی کۆنتڕۆڵ بکرێت و هێلیکۆپتەری بۆ هەڵسێنرا، بە جۆرێک، ئاگرەکە گەیشتە چەند ناوچەیەکی مینڕێژکراوی شاخی گۆیژە و ئەزمەڕ، ئەو مینانەی لە سەردەمی رژێمی پێشووی عێراقدا چێنراون و هێشتا بەهۆی دابیننەکردنی بودجەی پێویستەوە پاکنەکراونەتەوە، ئاگرەکەی مانگی ئایار لەدوای نزیکەی ١٦ کاتژمێر بە تەواوی کۆنتڕۆڵ کرا. 

چۆمان مەحمود - سلێمانی 














گەلەری