سەردێڕ:

لەمساڵدا؛ عێراق زیاتر لە شەش هەزار تۆن خورمای هەناردەی چین کردووە

PM:05:13:01/08/2024

780 جار خوێندراوەتەوە

لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا، شەش هەزار و ٥٠٠ تۆن خورمای عێراق هەناردەی چین کراوە و راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراقیش دەڵێت، هەناردەکردنی خورمای عێراق بۆ چین یارمەتیدەرە لە پەرەپێدانی بازاڕی هەناردەکردن و زیادکردنی بڕی بەرهەمەکە لە عێراقدا.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، هەناردەکردنی خورمای عێراق بۆ چین رۆڵێکی کاریگەری هەیە لەسەر پەرەپێدانی بازاڕی هەناردەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بە گشتی و زیادکردنی بڕی خورمای بەرهەمهێنراو بەتایبەتی لە ناوخۆی عێراقدا.

ئاماژەی بەوەش کرد، هەرچەندە بڕی ئەو داهاتەی کە لە هەناردەکردنی خورماوە بۆ چین بەراورد بە بڕی هەناردەکردنی نەوت بۆ ئەو وڵاتە کە ساڵانە ٢٣ ملیار دۆلار تێدەپەڕێنێت، بڕێکی زۆر کەمە بەڵام هۆکارە بۆ گرنگیدان بە چاندنی ئەو بەرهەمە لە خاکی عێراقدا لەسەر ئاستی بازرگانی.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە مانگی یەکی ئەمساڵ تاوەکو مانگی شەش، بەبەهای دوو ملیۆن دۆلار بڕی شەش هەزار و ٥٠٠ تۆن خورمای عێراق هەناردەی وڵاتی چین کراوە.













گەلەری