سەردێڕ:

جوانترین دیاری بۆ منداڵ خێزانە و خێزانی جێگرەوە دەتوانێت ئەو ژینگەیە بێت؛ خێزانی جێگرەوە چییە؟

دوایین منداڵ کە لەلایەن هۆبەکەوە لە ئامێزی خێزانێکی جێگرەوەدا جێگیرکراوە..
PM:03:10:23/07/2024

4080 جار خوێندراوەتەوە

جوانترین دیاری بۆ منداڵ خێزانە؛ تاک لە خێزان و ژینگەیەکی گونجاودا دەکرێت ببێتە تاکێکی دەروون دروست و ئەرێنی لەناو کۆمەڵگەدا؛ خۆ ئەگەر بە هەر هۆکارێک منداڵ لەلای خێزانی بایۆلۆجی واتە دایک و باوکی راستەقینەی خۆی نەمابێت؛ ئەوا هاوشێوەی وڵاتانی دیکە، خێزانی جێگرەوە دەتوانێت ئەو ژینگەیە بۆ منداڵ بڕەخسێنیت و ببێتە فریادڕەسی منداڵانی خانەی بێسەرپەرشتانی سلێمانی و هەولێر و دهۆک.


سیستمی خێزانی جێگرەوە؛ ئەو سیستمەیە کە تیایدا خێزانێک یان لایەنی داواکار "کە مەرج و رێنماییەکان بیانگرێتەوە" دوای تەواوکردنی رێکارە یاسایی و کۆمەڵایەتی و پەروەردەییەکان، لەژێر چاودێری لایەنی فەرمی و کەسانی پسپۆڕدا، دەتوانن ئەو ژینگە دروستە بۆ منداڵ بڕەخسێنن و منداڵێک لای خۆیان جێگیر بکەن.

ئامانج لە خێزانی جێگرەوە پشتیوانی منداڵە تاوەکو ببێتە کەسێکی دەروون درووست و پارێزراو و پۆزەتیڤ لەناو کۆمەڵگەدا ئەوەش بە پێدانی دەرفەتی ژیان و گەورەبوون و گەشەکردن بەشێوەیەکی سرووشتی و بەخشینی رێز و شکۆ بە منداڵ. وەک هۆبەی خێزانی جێگرەوە لە سلێمانی ئاماژەیان پێداوە، ئەم سیستمە جیاوازییەکی بەرچاو لە جۆرایەتی ژیانی منداڵدا دروستدەکات و سەقامیگری دەهێنێتە ئاراوە و یارمەتی منداڵ دەدات تەندروست و لەشساغ بێت.

سیستمەکە هاوکارە لەوەی منداڵ پشتیوانی بکرێت لە قوتابخانە و پەیوەندی تەندروست لەگەڵ کەسانی جیاوازدا بونیاد بنێت و ئەزموونی باوانێتی فێرببێت.

لە سلێمانی ٢٥ منداڵ لای خێزانی جێگرەوە جێگیر کراون

لە سلێمانی لەرێگای هۆبەی خێزانی جێگرەوەوە، لەماوەی هەشت ساڵی کارکردنیاندا ٢٥ منداڵ لەلای خێزانی جێگرەوە دانراون و لە ئێستاشدا ٢٠ منداڵ لەلای ئەو خێزانانە ماون.

محەمەد عەلی توێژەر و بەرپرسی هۆبەی خێزانی جێگرەوە لە سلێمانی بۆ دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی باسی لەوەکرد، لە سیستمی خێزانی جێگرەوەدا چەندین گرفت چارەسەرکراوە کە لە یاسای گرتەنخۆی منداڵدا هەیە، لەم سیستمەدا منداڵەکە کەسایەتی خۆی لەدەست نادات و تایبەتمەندی پارێزراوە، واتە ناخرێتە سەر ناوی دایک و باوک لە خێزانی جێگرەوەدا، ئەوەش بە سیستمێک رێکخراوە، کە هەم لەلایەنی یاساییەوە بێگرفتە، هەم لەلایەنی پەروەردەیی و دەروونییەوە، دەروونی سەرجەم لایەنەکانی ناو پڕۆسەکە پارێزراوە.

تەمەنی دیاریکراوی منداڵ لەناو سیستمەکەدا چەندە؟

بەپێی یاسا و جاڕنامەی جیهانی مافەکانی منداڵ، مرۆڤ لە لەدایکبوونەوە تاوەکو ١٨ ساڵ بە منداڵ دادەنرێت. پێوەرەکانی مافی منداڵ و یاسا نێودەوڵەتییەکان جەختیان لەوەکردووەتەوە، منداڵی خوار سێ ساڵ نابێت لە دەرەوەی خێزاندا گۆش بکرێت، چونکە ئەو سێ ساڵەی سەرەتا منداڵ پێویستی بەو سۆز و خۆشەویستییەی ناو خێزان هەیە، هەروەها منداڵ فێری پشت بەخۆبەستن دەکات و هەست بە پارێزراوی دەکات.

بەڕێوەبەری هۆبەی خێزانی جێگرەوە باس لەوەدەکات، ئەوان لە لەدایکبوونەوە تاوەکو ١٨ ساڵ دەتوانن لە هۆبەکەدا جێبکەنەوە و هەوڵی دابینکردنی خێزان بدەن بۆیان، بەڵام چونکە ماوەی هەشت ساڵە سیستمەکە هەیە، هێشتا منداڵانی هۆبەکە تەمەنیان ١٠ ساڵ یان کەمترە.

وتیشی، سیستمی خێزانی جێگرەوە پەسەندکراوترە لە خانەی بێسەرپەرشتان، چونکە رەنگە لە خانەکاندا منداڵ لەرووی مادییەوە هیچ گرفتێکی نەبێت، بەڵام ئەوەی بۆ مرۆڤ گرنگە ئەو هەستکردن بە پارێزراوی و چێژەی خێزانە، ئەو سۆز و خۆشەویستی و پشتگیرییەیە، بۆیە خێزانی جێگرەوە باشترە.

سیستمی خێزانی جێگرەوە لە ئایینی ئیسلامدا چۆن باسکراوە؟

دکتۆر محەمەد پێنجوێنی زانای ئایینی پێشتر بۆ ئێن ئاڕ تی ئاماژەی بەوەکردووە، سیستمی خێزانی جێگرەوە بەتەواوی لەگەڵ ئایینی ئیسلامدا یەکانگیرە و بەپێی ئایینەکە خەمخواردن و بەدەمەوەچوونی ئەو منداڵانەی بێخێزان و بێلانەن لەسەر کۆمەڵگەکە ئەرکە کە خەمی بخۆن و جێگا و رێگا و شووێنی ژیان و خێزانی بۆ دابین بکەن و ئەو منداڵە لە سۆزی خێزان بێبەش نەبێت.

ئەوەشی خستبووەڕوو، دەبوو لە کۆمەڵگەی موسوڵمانەوە ئەو سیستمە بە جیهاندا بڵاوببوایەتەوە، چونکە لە قورئاندا فەرمانکراوە بەوەی، خێزان بۆ منداڵان دابین بکرێت و نەخرێنە ژێر ناوی دایک و باوکە جێگرەوەکە.

باسی لەوەشکردبوو، لە قورئاندا هاتووە، کە هەموو گەردوون کۆبکەرەوە هێشتا نرخی مرۆڤێکی نییە و مرۆڤ بەنرخترە، بۆیە دەبێت لە هەردۆخێکدا بێت رێز لە مرۆڤ بیگرێت و نابێت دڵ و دەروون و جەستەی ئازاری پێبگەیەنرێت. تەنانەت کە لە ئیسلامدا حەوتەم بۆ منداڵ کراوە بە سونەت و داوادەکرێت لە حەوت رۆژیا ناوی بنێرت و میوانداری کەسوکاری بۆ بکرێت، بۆ رێزلێنان و شکۆدانە بەو منداڵە وەک مرۆڤ.

بەو خێزانانەش دەڵێت کە ئەو ئەرکە دەگرنە ئەستۆ و وەک خێزانێکی جێگرەوە دەبنە چەترێک بۆ ئەو منداڵانە، "هەر دایک و باوکێک هەر خێزانێک بەو ئەرکە هەڵبسێت و بە باشی و پاکی ئەنجامی بدەن و جیاوازیان نەکەن لەگەڵ منداڵەکانی خۆیاندا، ئەوا بە فەرموودە پێغەمبەری موسوڵمانان باسی لەوەکردووە کە لەبەهەشتدا پێکەوە کۆدەبنەوە".

لەرووە ئاینییەکەوە وەک دکتۆر محەمەد پێنجوێنی باسی دەکات، بابەتی مەحرەمبوونی ئەو منداڵە بەو ماڵە بە جۆرێکە، ئەگەر دایکە جێگرەوەکە شیری خۆی هەبێت ئەوا شیری پێبدات، ئەگەر شیری نەبوو ئەوا کەسێکی نزیکی باوکە جێگرەوەکە شیری پێبدات، ئەگەر هەموو ئەمانەش نەبوو، لە تەمەنی پێگەیشتن بەدواوە "حەزەر" لە هەندێک رووەوە بکرێت بە جۆرێک نا کە لایەنی بەرامبەر هەستی بریندار ببێت یان هەست بە نامۆییەک بکات.

هەروەها لەرووی میراتیشەوە میراتی ناکەوێت، بەڵام باوکەکە دەکرێت بە وەسێت بەشی منداڵەکە بدات، خۆ ئەگەر وەسێت نەبوو ئەوا دادوەر و قازی دەتوانن بڕیار بدەن لەو پرسەدا و بەش بدەن بە منداڵەکە.

کێن ئەوانەی دەتوانن ببنە خێزانی جێگرەوە؟

محەمەد عەلی بەڕێوەبەری هۆبەی خێزانی جێگرەوە لە سلێمانی ئەوەی بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی وت، چەند مەرج و رێنماییەکی پەسەندکراو هەن، کە تاڕادەیەک جیهانین و لەگەڵ ئایین و کلتور و کۆمەگەی کوردیشدا گونجێنراون و هەندێک بڕگەیان لێلابراوە، هەروەهالە وەزارەتی کاریشەوە لە ساڵی ٢٠١٧دا رێنمایی بۆ دەرکراوە.

ئەوەی خستەڕوو، گرنگە لایەنی داواکار کە دەیەوێت ببێتە خێزانی جێگرەوە تەمەنی ژن و مێرد لە سەروو ٢٥ ساڵەوە بێت (ئەگەر منداڵیان هەبێت یان نا گرفت دروست ناکات بوونی منداڵی خۆیان باشتریشە)، ژنێک ئەگەر هاوسەرگیری کردبێت و هاوسەری نەمابێت، تەمەنی سەروو ٢٥ ساڵ بێت، کچ ئەگەر هاوسەرگیری نەکردبێت تەمەنی سەروو ٢٥ ساڵ بێت.

پێویستە کەسانی داواکار خاوەنی رەگەزنامەی عێراقی بن و دانیشتووی هەرێم بن، ناسیاوی لەنێوان خێزانی بایۆلۆجی و خێزانی جێگرەوەدا نەبێت، پێشینەی تاوانیان نەبێت، بە خو و رەوشت و رەفتاریان گونجا لە کۆمەڵگەدا باسبکرێن، لەروووی تەندروستییەوە پشکنینیان بۆ دەکرێت و لیژنە راپۆرت لەبارەی تەندروستییانەوە پێشکەش دەکات. هەروەها توانای بەخێوکردنی ئەو منداڵەیان هەبێت لەرووی ژینگەیی و ماددی و مەعنەوی.

لەدوای هەبوونی مەرجەکان چۆن منداڵ دەدرێتە خێزانی جێگرەوە؟

بەڕێوەبەری هۆبەری خێزانی جێگرەوە ئەوەی روونکردەوە، لەدوای خۆتۆمارکردنی خێزانەکە و رێکارە یاساییەکان و پەسەندکردنیان، ئەوا بەپێی پێوەرێکی زانستی تاقیکراوە و جیهانیی؛ قۆناغی هەڵسەنگاندنی خێزان دەستپێدەکات، کە ماوەی هەشت مانگ ئەو خێزانە هەڵدەسەنگێنرێن و خولیان بۆ دەکرێتەوە و راهێنانیان پێدەکرێت، هەروەها بەردەوام توێژەری تایبەت بە خێزان لەگەڵیاندا لە پەیوەندیدا دەبێت و هاتوچۆی ئەو خێزانە دەکەن و هەڵسەنگاندن بۆ ژینگە و سەرجەم لایەنە پێویستەکانی خێزانەکە دەکەن.

لەدوای ئەمانە دواتر قۆناغی هاوتاکردن دەستپێدەکات و ماوەی دوو مانگ دەخایەنێت، کە خێزان و منداڵ بەپێی جۆری کێشەی منداڵەکە و رەزامەندی خێزان و پێویستییەکان هاوتادەکرێن و قۆناغی هۆگربوونی منداڵەکە بە خێزانە جێگرەوەکەوە دەستپێدەکات و هەنگاو بە هەنگاو منداڵەکە هۆگری خێزانەکە دەبێت، دواتر لە کۆتا قۆناغ جێگرکردنی منداڵەکەیە لە خێزانە جێگرەوەکەدا.

قۆناغی دوای جێگرکردنی منداڵ لە خێزانی جێگرەوەدا

محەمەد عەلی بەڕێوەبەری هۆبەکە ئاماژەی بەوەکرد، لەدوای ئەوەی منداڵ لە خێزانی جێگرەوەدا جێگیر دەکرێت، توێژەری خێزانی لەگەڵ خێزانەکە؛ هەروەها توێژەری منداڵ لەگەڵ منداڵەکەدا لە پەیوەندیدا دەبن و هەڵسەنگاندن بۆ ژینگە و شێوەی ژیان و سەرجەم لایەنەکان دەکەن و مانگانە راپۆرت پێشکەش دەکەن.

پەیوەندی خێزانی بایۆلۆجی و منداڵ

لە سیستمەکەدا خێزانی بایۆلۆجی و جێگرەوە یەکتر نابینن، بەڵام لەسەر داواکاری و بەپێی هەڵسەنگاندنی دۆخەکە، ئەوا خێزانی بایۆلۆجی و منداڵ یەکتر دەبینن.

ماوەی مانەوەی منداڵ لای خێزانی جێگرەوە

بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتی کار، سێ جۆر گرێبەست هەیە، یەکەمیان گرێبەستێکە ماوەکەی تاوەکە ٦ مانگە و بە کتوپڕ ناودەبرێت، گرێبەستی مامناوەند لەنێوان ٦ مانگ تاوەکو ٣ ساڵدایە، هەروەها گرێبەستی درێژخایەن کە ماوەکەی تاوەکو ١٨ ساڵە.

لەم سیستمەدا منداڵ لە ١٢ ساڵییەوە دەتوانێت بڕیار بدات لەلای خێزانە جێگرەوەکە دەمێنێتەوە یان نا.

ئەگەر منداڵیش خواستی ئەوەی هەبێت لەدوای ١٨ ساڵ لەگەڵ ئەو خێزانەدا بمێنێتەوە، ئەوا تاوەکو تەواوکردنی خوێندن رێگەپێدراوە، ئەگەر کچ بێت تاوەکو کاتی هاوسەرگیری رێگەپێدراوە.

هەنگاوی وتنی راستییەکان بە منداڵ و پێناساندنی دایک و باوکی بایۆلۆجی

محەمەد عەلی توێژەر و بەڕێوەبەری هۆبەکە دەڵێت، ئەوە قورسترین هەنگاوە و هەنگاوێکی گرنگە بۆئەوەی کارەکان بە جۆرێک بڕوات کاریگەریی نەرێنی لەسەر دەروونی منداڵەکە دروست نەکات.

ئەو باس لەوەدەکات، لەلایەن توێژەری تایبەت بە منداڵەوە، چیرۆک ژیانی ئەو منداڵە دەنووسرێتەوە، لە دوای چوار ساڵەوە و هەندێک منداڵ کە ژیرییان باشترە لە سێ ساڵ و نیو، هەندێک منداڵیش بەپێی دۆخ و قۆناغەکەی درەنگتر، بە چەند رێگەیەکی زانستی و پەروەردەیی وردە وردە ئەوەی تێدەگەیەنرێت کە ئەوە خێزانی جێگرەوەی ئەون و دایک و باوکی بایۆلۆجی خۆی کێن.

ئامانج لەو رێکارە زانستییانە ئەوەیە، کە منداڵ دوای تێگەیشتن پرسیاری ئەوەی بۆ دروست نەبێت بۆچی لەسەر ناسنامە دایک و باوکی ناوێکی دیکەن و خێزانەکەشی ناوێکی دیکەیان هەیە، هەروەها بۆئەوەی رزگار ببێت لە مەترسی ئەو شۆکەی کە دەکرێت رۆژێک لە رۆژان لە کۆمەڵگەدا ئەوەی بەگوێدا بدرێت یان لە تەمەنێکی گەورەتر و بەشێوەی کتوپڕ پێی بوترێت.

ئەگەر بە رەزامەندنی هەردوو لا منداڵ بیەوێت بگەڕێتەوە لای خێزانی بایۆلۆجی

لەم سیستمەدا ئەوەش رێکخراوە، ئەم سیستمە بە تەواوی لەخزمەت پەروەردەکردن و پێگەیاندنی تاک و خێزانێکدایە، کە دەروون دروست و رەفتار دروست بن و بتوانن سوود بە کۆمەڵگە بگەیەنن.

ئەگەر خێزانی بایۆلۆجی داوا بکەن منداڵەکەیان بگەڕێننەوە لای خۆیان، منداڵیش ئاسوودە بێت بەو گەڕانەوەیە، ئەوا دووبارە قۆناغەکان لە سەرەتاوە دەستپێدەکەنەوە، هەر لە قۆناغی هەڵسەنگاندن و هاوتاکردن و هۆگرکردن، تاوەکو جێگرکردنەوەی منداڵ لە خێزانی بایۆلۆجیدا.

بەڵام لەم پڕۆسەیەیاندا، خێزانی جێگرەوە و خێزانی بایۆلۆجی یەکتر دەبینن، بەو ئامانجەی خێزانی جێگرەوە رۆڵێکی ئەرێنی ببینن لە هاندانی منداڵەکە بۆ گەڕانەوە بۆلای دایک و باوکی بایۆلۆجی. هەروەها دەکرێت ئەو منداڵە پەیوەندی لەگەڵ خێزانە جێگرەوەکەدا بمێنێت ئەگەر خواستیان لەسەری هەبێت و لەژێر چاودێریدا ئەوە رێکدەخرێت.

دەکرێت خێزانێک زیاتر لە منداڵێکیان لەلا جێگیر بکرێت

محەمەد عەلی لە درێژەی قسەکانیدا بۆ دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی ئاماژەی بەوەکرد، دەکرێت خێزانێک داواکاری بۆ زیاتر لە یەک منداڵ پێشکەش بکەن و لە ئێستادا خێزان هەیە چوار منداڵیان لەلایە.

باسی لەوەشکرد، خێزانەکان خولیان بۆ دەکرێتەوە و فێری پەروەردەکردنی منداڵ و بەخێوکردنی منداڵ دەکرێن، چونکە منداڵ تەنها گەورەکردنی ناوێت بەڵکو پەروەردەی دروست و سۆز و خۆشەویستی و پشتگیری پێویستی سەرەکی هەر تاکێکن. خۆ ئەگەر خێزانەکە خۆیان منداڵیان هەبێت ئاسانکارییە بۆ خانەکە و قۆناغەکان.

لیژنەی فەتوا

ئەو توێژەر و بەڕێوەبەرە هەنگاوەکانی گەڵاڵەبوونی بیرۆکەکە و کردنی بە پڕۆژە و دواتر هەنگاوی کرداریی و بوونی بە سیستم باسکرد و وتی، بیرۆکەکە لە ساڵی ٢٠١٥ـەوە هەبوو، کە لە سەرەتادا بیرۆکەی رێکخراوی ستێپی بەریتانی بوو و پڕۆپۆزەڵەکەی ئەوان دایان نا راهێنانیان بە ستافەکە کرد و ئەویان وەک بەڕێوەبەر دیاریکرد، دواتر لە ساڵی ٢٠١٦دا کرایە پڕۆژەیەک و ئاشناکرا بە لایەنە پەیوەندیدارەکان و خەڵک و لە رێگایراگەیاندنەکانەوە خێزانەکان بانگهێشت کران بۆ پڕۆژەکە.

ئەوەشی خستەڕوو، لەو هەنگاوانەدا لیژنەی فەتوا هاوکارییان بوون و دوای کۆبوونەوە و گفتوگۆکان لیژنەی فەتوا بڕیاریدا لە مزگەوتەکاندا باسبکرێت.

دواتر تۆمارکردنی خێزانەکان و هەڵسەنگاندن دەستی پێکرد و لە مانگی ١ی ٢٠١٧دا بە فەرمی رێنمایی لەلایەن وەزارەتی کارەوە بۆ دەرکرا و یەکەم منداڵ لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٧دا لە خێزانی جێگرەوەدا دانرا.

دەشڵێت، لەماوەی پڕۆژەکەدا ٦٢ خێزان داواکارییان پێشکەشکردووە و ٣٦ خێزانیان پەسەند کراون، ئەوانەشی پەسەند نەکراون بە هۆکاری جۆراوجۆر بووە یان خۆیان کشاونەتەوە.

راشیگەیاند، لە پڕۆسەکەدا لایەنە ئایینیەکە هاوکارێکی باشیانە بەوپێیەی لە ئایینی ئیسلامدا گرنگی تەواو بەو پرسە دراوە. لە ساڵی ١٩٧٢ـەوەوە کە ئەو سیستمە لە بەریتانیادا هەیە، چەند قۆناغێکیان بڕیوە، بەڵام لێرە بەهۆی جیاوازی کلتور و ئایین و لایەنە کۆمەڵایەتییەکەوە زۆرینەی هەنگاوەکانیان بڕیوە.

بڕەپارەی دیاریکراوی مانگانەی منداڵەکان

محەمەد عەلی باسی لەوەکرد، لە ئێستادا بۆ هەر منداڵێکی خوار شەش ساڵ مانگانە ٢٠٠ هەزار و هەر منداڵێکی سەروو شەش ساڵ مانگانە ٣٠٠ هەزاری هەیە.

وتیشی، ئەو بڕە کەمە و ئەوان سوپاسی خێزانەکان دەکەن کە هاوکاریانن و سەرەڕای ئەرکە مرۆییەکە لە زۆرباردا ئەرکی ماددیش لەئەستۆ دەگرن.

سیستمی خێزانی جێگرەوە لە هەولێر و دهۆک

بەڕێوەبەری هۆبەی خێزانی جێگرەوەی سلێمانی ئەوەی روونکردەوە، ستافی ئێستایان ١٠ کەسن و ئەو ئەرکەیان لەسەر شانە. بەهۆی ئەوەی ماوەی ساڵێکیشە راهێنان بە ستافی هۆبەکانی هەولێر و دهۆک دەکەن، بۆیە پێویستیان بە کات دەبێت تاوەکو بتوانن ستافی نوێ لەلای خۆیان پێبگەیەنن و راهێنانیان پێبکەن.

وتیشی، راهێنانی ستاف بۆ ئەم پڕۆژەیە ئاسان نییە و ناکرێت بەڕێبکرێت، چونکە بەرپرسیارێتییەکی یاسایی و کۆمەڵایەتییە.

هیواشی خواست، لە داهاتوودا بە هاوکاری لایەنی پەیوەندیدار و خێزانەکان بتوانن ئەم سیستمە گەورەتر بکەن و جێگەی منداڵانی خانەی بێسەرپەرشتانی پێبگیرێتەوە، چونکە پێویستی یەکەمی منداڵ خێزانە و پێویستە ئەزموونی ناو خێزان بکات.
هـ.ئـ













گەلەری