چەند زانایەک توێژینەوەیەکیان لەسەر قرشەکانی نزیک کەنارە ئاوییەکانی بەرازیل و فلۆریدا و ئەمریکای ناوەڕاست و باشوور ئەنجامداوە و ماددەی کۆکایینیان لە جەستەی قرشەکاندا دۆزیوەتەوە.
توێژینەوەکە دامەزراوەی ئەوزواڵدۆ کروز ئەنجامیداوە و تیایدا زانایان توێژینەوەیان لەسەر ١٣ قرشی لوت تیژی بەرازیلی کردووە کە لەلایەن ماسیگرەکانی ئەو ناوچانەوە راوکراون. لە توێکاری و شیکارییەکاندا زاناکان ماددەی کۆکایینیان لە خانە و شانەکانی جەستەی ئەو قرشانەدا دۆزیوەتەوە.
زاناکان باسیان لەوەکردووە، ئەو جۆرە قرشانەی توێکارییان بۆکردوون،
هەموو ژیانیان لەو ئاوانەی ئەو ناوچەیە و نزیک کەناراوەکانی ریۆ دی جانیرۆدا بەسەردەبەن،
بۆیە زیاتر رووبەڕووی گۆڕانی ژینگە و مەترسییەکانی پیسبوونی ئاو دەبنەوە.
لە توێژینەوەکەدا ئەوە هاتووە، پشکنینەکانی بۆ ئەو قرشانەیان کردووە دەرخستەی ئەوە بووە ماددەی کۆکاین لە جەستەیاندا هەیە. ئەو زانایانە پێیان
وایە هۆکارەکەی بۆ ئاوەڕۆی ئەو تاقیگە نایاساییانە دەگەڕێتەوە کە کۆکاین
بەرهەمدەهێنن، یان ئەو ماددە هۆشبەرانەی کە تۆمەتباران بۆ دەستگیرنەکردنیان و
ئاشکرانەبوونیان هەڵیان داوەتە ئەو ئاوانەوە.
ئەمە یەکەم توێژینەوەیە لەسەر قرشەکان کە بیسەلمێنێت کۆکاین لە
جەستەیاندا هەیە، کە بەشێوەیەکی سەرەکی لە ماسولکەکان و جگەریاندا بووە و دەشڵێن،
ئەمە دەبێتە هۆی گۆڕانی خوو و رەفتاری قرشەکان و رەنگدانەوەی لەسەر
نەوەکانیشیان دەبێت.
ئەوەش هاتووە، لە پشکنینەکاندا وا دەردەکەوێت ماوەیەکی درێژە کۆکاین لە
جەستەی ئەو قرشانەدا هەیە و ئەوەش مەترسیدارە بۆیان، چونکە رێژەی کاریگەریی ئەو
ماددەیە لەسەر خوو و رەفتاریان دیاریکراو نییە و رەنگە وایان لێبکات زیاتر شەڕنگێز
بن و رەفتارەکانیان پێشبینی نەکراو بێت. هەروەها رەنگە بەهۆی ئەو ماددەیەوە تووشی لەناوچوون
نەبنەوە، بەڵام کاریگەریی لەسەر درێژی تەمەنیان دروست دەکات و تەمەنیان کورت دەبێت.
لەو بارەیەوە ئینریکۆ مێندێسی پسپۆڕ لە بواری ژەهراویبوونی ژینگەییدا
باسی لەوەکردووە، کۆکاین کاریگەریی لەسەر مێشک دروست دەکات و رەفتاری نارێک و چالاکیان
پێدەکات، وەک ئەوەی پێشتر لە چەند ئاژەڵێکی دیکەدا تێبینی کراوە، هەروەها
کاریگەریی دەکاتە سەر توانای بینین و راوکردنیان.
توێژەران باس لەوەدەکەن، ئەو گروپە قرشەی توێژینەوەکەیان لەسەر
ئەنجامدراوە، ئەو رێژە کۆکاینەی لە جەستەیاندا دۆزراوەتەوە ١٠٠ هێندەی زیندەوەرە
ئاوییەکانی پێشوو بووە. بەجۆرێک، رێژەی بوونی کۆکاین لە ماسولکەکانی ئەو
قرشانەدا بەرێژەی ٪٩٢ بووە و لە جگەریشیاندا رێژەکە ٪٢٣ بووە. ئەمەش دەبێتە
یەکەم بەڵگە کە بوونی کۆکاین لە جەستەی قرشە ئازادەکانی زەریادا دەربخات.
توێژینەوەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، کاریگەرییەکانی کۆکاین لەسەر ژیانی
زیندەوەرە ئاوییەکان هێشتا بە تەواوی روون نییە، چونکە ئەمە پرسێکی تازەیە و
پێویستی بە توێژینەوە و بەدواداچوونی زیاترە.
هـ.ئـ